هونەرمەند حەسن شەریف بۆ گوڵان: پێویستە هونەرمەند هونەری خــۆی بە پاكی رابگرێت

هونەرمەند حەسن شەریف بۆ گوڵان: پێویستە هونەرمەند هونەری خــۆی بە پاكی رابگرێت
دوای ئەوەی رێژەیەكی بەرچاو لە بەرهەمەكانی هونەرمەند حەسەن شەریف كۆپی كرا و بەردەوام كەسانێك هەن مافی هونەرمەندان پێشێل دەكەن، حەسەن شەریف بڕیاری نەداوە بەرهەمێكی نوێی خۆی تەواو بكات و هیچ كاتێكی دیاری نەكردووە بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكەی. لەم دیمانەیەدا هونەرمەند حەسەن شەریف تیشك دەخاتە سەر ئەم بەرهەمە وچەند لایەنێكی دیكەی تایبەت بە هونەری كوردی.

* با لە دوایین كاری بەڕێزتانەوە دەست پێبكەین؟
- ئەلبوومێكی نوێم لەبەر دەستە، بەڵام تا ئێستا بڕیارم نەداوە كەی تەواوی بكەم ئەویش بە هۆی بەردەوام بوونی ئەو كەموكوڕییەی ئێستا هەیە و خۆی لە پێشێل كردنی مافی هونەرمەنداندا دەبینێتەوە. هەر ئەمەش هۆكارێكە بۆ دڵساردبوونم لەو كارە، ئەگەرچی ئەلبوومێكی زۆر باشم لەبەردەستدایە و نیازی ئەوەم هەبوو لە مانگی 5 یان 6 ی ئەمساڵ بڵاوی بكەمەوە.

*ئەو گرفتە تاكەی بەردەوام دەبێت؟
- بێگومان وشیار بوون و رێكخستنێكی تەواوی و دڵسۆزانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كەسانەی كە دانراون بۆ بەدواداچوون لە چارەسەر كردنی ئەو گرفتە، مخابن لەسەر كاغەز ئەم شتە بوونی هەیە و زۆریش هاوارمان كرد كە ئەمە بە یاسا چارەسەر بكەین، بەداخەوە هاواری ئێمە نەگەیشتە هیچ شوێنێك و لەو باوەڕەدام ئەم گرفتە زۆری دەوێ، چونكە وڵاتانی دەورووبەری ئێمە كە چەندین ساڵە بەر لە ئێمەش خاوەن دەوڵەت بوون هەمان گرفتیان هەیە، بەڵام بەشێوەیەك كەمتر لە ئێمە.

یەكێك لە خاڵە هەر لاوازەكان لەلای ئێمەوە كە دەمەوێ ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە، لەجیاتی ئەوەی تۆمارگایەك چەند سەد دانەیەك لە بەرهەمەكان كۆپی بكات وبیفرۆشێت، لە هەندێك دەروازەی كوردستان بە بڕی 20-30 هەزار دانە كۆپی دەكرێن و لە رێگای شاحینەوە دەیهێننە كوردستان، مەبەستم ئەوەیە لە وڵاتانی دەورووبەر ئەگەر كۆپیش هەبێت ئەوا كارێكی ناوخۆییە، بەڵام بۆ ئێمە لە كوردستان بووەتە بازرگانییەكی نێودەوڵەتی و لە سوریا دەیهێنن، بەتایبەتی ئێستا كەسێك هەیە بەناوی (عەبدولڵا راوی) كە عەرەبە تەنیا لە بەرهەمەكەی من زیاتر لە 15 هەزار دانەی كۆپی كردووە و هێناویەتی بۆ كوردستان و بە نرخێكی زۆر كەم دەیفرۆشێت، بۆیە پێموایە ئەم دیاردەیە بۆ ماوەیەكی زیاتریش بەردەوام دەبێت، چونكە ئەو كەسەی كارەكە دەكات ئێمە دەیناسین و بە لایەنی پێوەنداری رادەگەیەنین و هەوڵمانداوە بە رێگایەكی یاسایی دەنگی خۆمان بگەیەنین، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە تۆ لە ئاهەنگێكی تایبەت یان لەگەڵ چەند هاوڕێیەكت گۆرانی دەڵێی هەڵدەستن دەنگت تۆمار دەكەن و بڵاوی دەكەنەوە و بە هەزاران دانەی دەیفرۆشن.

*ئەو (عەبدوڵڵاراوی)یە كێیە و چۆن ئەو كارە دەكات؟
- بە ئەسڵ عەرەبە و لە حەلەب نیشتەجێیە خاوەن كۆمپانیایەكە كە هەمووی دزی و كۆپی و بێ ویژدانییە بەرامبەر بە هونەری كوردی، ئەو ناتوانێت ئەو هەموو كۆپیانە بهێنێتە كوردستان، بەڵام خەڵكی خۆمان كە هەندێكیان خەڵكی دهۆكن و هەندێكی تریشیان لە هەولێرن، دەچنە لای و كۆپییەكانی بە شاحینە دەهێنن بۆ كوردستان، هەر دانەیەك لە بەرهەمێك یان وێنەیەك بكەوێتە دەست ئەم عەبدولڵایە ئیدی بە كوالیتیەكی زۆر لاواز كۆپی دەكات كە نرخەكەی لە چەند سەنتێك تێپەڕ ناكات و دەیهێنێت بۆ كوردستان، جا سیدی و كلیپی هونەرمەندانی هەموو پارچەكانی كوردستان بەبێ ترس و بە لۆگۆی تایبەتی خۆیەوە لە بازاڕەكانی كوردستان دەیفرۆشێت بێ ئەوەی هیچ ئیجرائاتێكی یاسایی لەگەڵدا بكرێت.

* ئەو بەرهەمەی باست كرد بە هەمان ستایلە ناسراوەكەی حەسەن شەریفە یا گۆڕانكاری تێدا بەدی دەكرێت؟
-پێموایە ئەگەر هونەرمەند ستایلی خۆی لە دەستدا زۆر شتی دیكەش لەدەست دەدات، بۆیە بە هەمان ستایل و رۆحییەتی بەرهەمەكانی پێشووم دەبێت، بەڵام لەوانەیە لە بواری تەكنیك و هەندێك ئامێرە تۆزێك ئاسانتر و سووكتر بێت بەجۆرێك خەڵك بە ئاسانی تێی بگات.

* تۆ زۆر سەركەوتوو بووی لە شیعرە كلاسیكییەكاندا، بیرت لەوە نەكردۆتەوە هەندێك لەو تێكستە كلاسیكیانەی كە بە شێوەزاری سۆرانین بكەیت بە گۆرانی؟
- شیعرە كلاسیكییە كوردییەكان بە هەردوو شێوەزار تا رادەیەك لە یەكتر نزیكن، چونكە توانیویانە تەنانەت تێكەڵێك لە شیعری عەرەبی و فارسی و توركیش بەكاربهێنن لە شیعرەكانیاندا، من چۆن شیعری كرمانجیم كردووە بە گۆرانی بەو شێوەیەش حەز دەكەم شیعرەكانی شێوەزاری سۆرانیش بكەم بە گۆرانی و لەگەڵ چەند برادەرێك وەك ئەمین بۆتانی هەوڵمداوە سوود لە شیعری سۆرانی وەربگرم، شیعرە كلاسیكییەكانی حاجی قادری كۆیی و دڵدار و شاعیرانی پێش ئەوانیشم زۆر خوێندۆتەوە و شارەزاییم لێیان هەیە، بەڵام فۆنەتیكی ئەم شیعرانە پێویستیی بە هاریكاری هەیە، بەڵام لە بەرنامەمدایە شیعری هەورامانی و زازاكی و ئەوانیش تریش بكەم بە گۆرانی بە هاوكاری چەند برادەرێك.

* گۆرانیبێژانی بادینان و سۆران گۆرانییان بە شێوەزاری سۆرانی و كرمانجی وتووە، پێتوایە ئەو فۆنەتیكەی گۆرانی پێیدەڵێن یان ئەو هەڵانەی لە گۆرانییەكاندا بەدی دەكرێت كاریگەری هەیە لەسەر گۆرانییەكە؟
- بەشێوەیەكی گشتی ئەم دیاردەیە زۆر كۆنە و پێشتریش چەندین هونەرمەند ئەم كارەیان كردووە هەر لە محەمەد شیخۆ و تەحسین تەهاو تایەر تۆفیق و پێش ئەوانیش محەمەد عارف ئەم كارەیان كردووە ئەویش لە عەشقیان بۆ لێك نزیك كردنەوەی دیالێكتە كوردییەكان، بەڵام تەواو دەرچوونی فۆنەتیك تا رادەیەك كارێكی زەحمەتە هەرچەندە بە هەوڵدانی بەردەوام لەوانەیە فۆنەتیكیش سەد دەر سەد دەربچێت ئەمەش كارێكی زۆر باشە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەگەر بەشێوەیەكی سادەش بێت جۆرێك تاموچێژی تایبەتی هەیە، بەڵام نەك بەشێوەیەكی نەنگ بێت، من ئەو مافە بەخۆم دەدەم كە بڵێم ئێمەی بادینی زیاتر سەركەوتووترین لەو رووەوە (ئەوە رای تایبەتی خۆمە)، چونكە هەندێك جار لە زاراوەی سۆرانی نێر و مێ زۆر لێك جیا ناكرێتەوە، لە هەمان كاتدا كاتێك ئێمەش وشەكان بەشێوەیەكی قورس دەڵێن هەندێك هەڵەی تێدا بەدی دەكرێت.

* ئەگەر تۆ هەڵسەنگاندنێكی كارە هونەرییەكانی خۆت بكەی، پێتوایە تا ئێستا خزمەتێكی بەرچاوت پێشكەش بە هونەری كوردی كردبێت؟
- بەراستی ئەم جۆرە كارانە لە دڵ و ویژدانی میللەتاندا دەمێننەوە و رادەی حەز كردنیان بۆ گۆرانییەكە، ئەم بڕیارە پێویستە میللەت بیدات، لە شێوەی دەنگ و چۆنییەتی هەڵبژاردنی تێكستەكان، پێموایە ستایلی من جیاواز و تایبەتە لە دەڤەری بادینان، توانیومە هەندێك كار بكەم لە خەباتی هونەری شۆڕشگێڕی، هەروەها لە بواری فۆلكلۆر چەندین بەرهەمی كۆنم نوێ كردۆتەوە و پێشكەشی جەماوەرم كردووە، بە جۆرێكی وا هەست دەكەم خۆم دروستم كردووە هەرچەندە خۆیان فۆلكلۆرین ئەمەش لە ئەنجامدانی هونەرێكی بێگەردەوە خۆی دەبینێتەوە، لەلایەكی دیكەوە كاتێك هونەرمەند دەبینێت گەنجان گۆرانییەكانی دەڵێنەوە هەست دەكات كە جۆرە كاریگەرییەكی هەبووە لەسەر جەماوەر، سەرەڕای ئەوەش ئەو مافە بەخۆم نادەم و میللەت دەبێ بڕیاری لەو جۆرە بدات.
* یەكێك لە بڕیارە زەحمەتەكان بۆ هونەرمەند ئەوەیە واز لە كاری هونەری بهێنێت، بەڕای تۆ چ كاتێك پێویستە هونەرمەند ئەم بڕیارە زەحمەتە بدات؟
- ئەو كەسەی كە بەهرەمەند بێت لە هونەر زۆر زەحمەتە ئەو بڕیارە بدات، چونكە تەنانەت ئەگەر لە ماڵی خۆیشی كاری هونەری بكات هەر دەبێـت، بەڵام هونەرێكی بێگەرد نەك لاسایی و تەنیا بۆ دەركەوتن بێت، پێموایە كە هونەرمەند كارێكی دەگمەن و ناوازەی پێشكەش كرد كە هەموو تاكەكانی كۆمەڵ بە دڵیان بوو و لێی رازی بوون و بزانێت ئایا تا چەند دەتوانێت بەردەوام بێت، چونكە هیچ كەسێك تا هەتایە لە یەك ئاستدا نابێت، ئەو كات هونەرمەند دەتوانێت بەشێوازێكی دیكە كاری هونەری بكات، ئێستا هەندێك هونەرمەند هەن پێموایە ئەگەر بە شێوازێكی دیكە كاری هونەرییان بكردایە و دەستی هونەرمەندە گەنجەكانیان بگرتایە بە ئاواز و هۆنراوە باشتر بوو بۆیان، من خۆم حەز دەكەم هەندێك گۆرانی فۆلكلۆری بەشێوازێكی نوێ پێشكەش و نوێیان بكەمەوە یان كارێكی دیكەی هونەری ئەنجام بدەم بەجۆرێك ئەو هونەر پاك و بێگەردەی پێشكەشم كردووە هەر بە پاكی رایبگرم و وەك سەروەتێك بۆ میللەت بەجێ بهێلێت و دەست لە كارەكانی دیكە بەردات بۆ ئەوەی هەر بە پاكی بمێنێتەوە.
Top