هەڵسەنگاندنێك بۆ كارو خەباتی هونەری هـونەرمەند ئەحمەد سالار
رەنگە هەرچییەك بۆ ناساندنی هونەرمەند ئەحمەد سالار بڵێین، نەتوانین مافی خۆی پێبدەین یان نەتوانین باسی مەزنییەتی ئەو هونەرمەندە بكەین، چونكە كەسێك كە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەت كردنی شانۆی كوردی تەرخان كردبێت رەنگە بە ئاسانی وەسف نەكرێ، بەڵام لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا بە پێویستمان زانی هەڵسەنگاندنێك بۆ كارەكانی بكەین و رای چەند كەسێكی شارەزا لەو بوارە وەربگرین، بۆ ئەوەی بەو پەڕی ئازادییەوە دیدو بۆچوونەكانی خۆیان سەبارەت بە هونەرمەندی گەورە ئەحمەد سالار بخەنە روو.
ئەحمەد سالار یەكێكە لە پێشڕەوانی شانۆی كوردی
هونەرمەند بورهان قەرەداغی بەڕێوەبەری هونەری شانۆ لە سلێمانی ووتی» ئەحمەد سالار یەكێكە لەو هونەرمەندە پێشڕەوانەی شانۆی كوردی كە دەكرێت ئێمە شانازیان پێوە بكەین. جگە لەوەی ئەحمەد سالار وەكو ئەكتەرێك یان دەست پێشخەریەك لەشانۆی كوردی دەركەوتووە دیارە لە واری نووسین و توێژینەوەی شانۆیی دەستێكی باڵای هەبووە خزمەتێكی كردووە بە ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی كوردی. لەسەردەمانێكدا گەنجان و قوتابیانی پەیمانگاكان لە ڕێگای پەرتوكەكانی ئەوەوە وەكو سەرچاوەی بەپێز سوودیان لێوەردەگرت. ئەحمەد سالار لە ساڵانی هەشتەكان ڕۆڵێكی بەرچاوی لەشانۆی كەلەپووری ئاهەنگ سازی گێڕاوە، بەوتەی پێشڕەوانی شانۆكارانی عێراق، ئەحمەد سالار ستایلێكی جیاوازی هەبووە. پڕۆژەكانی گەڕان بووە بەدوای ناسنامەیەكی كەلەپووری نەتەوەیی.
ئەحەمەد سالار لەچەند ڕوویەكەوە بەهرەدارە
هونەرمەد هیوا سوعاد دەڵێت « ئەحمەد سالار لەچەند روویەكەوە بەهرەدارە، لە رووی نووسین و ئەكتەری و دەرهێنانەوە توانای هەیە و هەوڵیداوە ڕێچكەیەكی تایبەت بۆخۆی دابنێت. ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەچەند ڕێبازێكی شانۆیی و چەند دیاردەیەكی شانۆی توانیویەتی سوود لەكەلەپووری كوردی وەربگرێت. جۆرە تایبەتییەك بەنووسینەكانی بدات.
ئەحەمەد سالار هەم كاری هونەری و هەم كاری كلاسیكی كردووە و هەمیشە لە كارەكانی سەركەوتوو بووە، هونەرمەندێكە هەمیشە بەدوای نوێبوونەوەدایە، گەر سەیر بكەین لەكاری هونەری وەكو گەنجێك بەخششی هەیە. ئەو وەكو هونەرمەندێكە موڵكی كوردە وەكو كاری هونەریش هەروابێت نەوەكو خۆی لەچوارچێوەی تێپێكدا یان ڕێكخراوێكدا كارەكانی سنووردار بكات. ئێمە هەمیشە شانازیمان پێوە كردووە و هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازین.
حەق وانییە ئەحمەد سالار لەهەموو كارێكی هونەری بەشداری بكات
لەلایەن خۆیەوە هونەرمەند جیهاد دڵپاك وتی» ئەحمەد سالار یەكێكە لەوهونەرمەندانەی كە لە بواری شانۆ توانیویەتی جێگای پەنجەی دیار بێت. ئەحمەد سالار چ وەكو ئەكتەر یان دەرهێنەر سەركەتوو بووە لە كارەكانی، جگە لەم كارانەشی وەكو نووسینی شانۆیش وەكو نووسەرێك چەند بەرهەمێكی شانۆی بڵاوكردۆتەوە، توانیویەتی توانای خۆی بسەلمێنێت كە لە بواری شانۆدا نووسەرێكی بەتوانایە، هەروەها وەكو مامۆستایەك لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان توانیویەتی كۆمەڵێك هونەرمەند دروست بكات. ئێستا كۆمەڵێك هونەرمەند هەن كە لاسایی ئەحمەد سالار دەكەنەوە. بەڕای من كارێكی خراپ دەكەن، چونكە ئەم ستایلە تایبەتە بە ئەحمەد سالار هەر كەسێك لاسایی ئەو بكاتەوە زەرەر بەخۆی دەگەیەنێت. ئەحمەد سالار لە شانۆی نالی و خەونێكی ئەرخەوانی توانی سوودێكی زۆر لە شانۆی مەغریبیەكان وەربگرێت، بەڵام لاسایی ئەوانی نەكردەوە و هات ستایلێكی بۆ خۆی دروست كرد. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەحمەد سالار هونەرمەندێكی گەورەی كوردە و ئێستا ناوێكی بۆخۆی دروست كردووە حەق وانییە لە هەموو كارێكدا بەشداری بكات، چونكە ئەحمەد سالار ئێستا بوونی خۆی سەلماندوە گەیشتۆتە ئاستێكی بەرز، چونكە بەراستی دواتر لەو ئاستە هونەرییەی خۆی دادەبەزێنێت.
ئەحمەد سالار ئەكتەرێكی شانۆییە
حەیدەر عەبدولڕەحمان شارەزا لەبواری نووسین و ڕەخنەدا وتی « ئەگەر بمانەوێت باس لە ئەحمەد سالار بكەین، رەنگە دەرەقەتی ئەوە نەیەین لە دەرفەتێكی ئاوا تەسكو تریك و بێ مەودادا توانست و بەخششی ئەو پیاوە شانۆكارە بكەین، چونكە هەر قۆناغێك لە ژیانی هونەری ئەودا لە ئاستێك دایەو هەر لایەنێكیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، من هەمیشە وەك ئەكتەرێكی شانۆیی ئەحمەد سالار دەبینم، چونكە پێهكاتەكانی ئەكتەری شانۆیی لە جەستەو رۆحی ئەو پیاوەدا بەدی دەكەم، كە رەنگە ئەو تایبەتمەندی و ستایلەی هەیەتی، لە كەم ئەكتەری تردا ببینم، چونكە من لەو بڕوایەدام ئەو ئەكتەرەی لە شانۆگەرییەكی مۆلێردا بەرجەستەی پیسكەی تەڕپیری كردووە، وەك ئەحمەد سالار دەرەقەتی كەسایەتییەكە هاتووە، یان لە جەنابی موفەتیشدا وەك ئەحمەد سالار كەسایەتی قائیمقامی رەسم كردووە، بەڵام ئەوەی باسی دەكەم لە دراما یا سینەمادا شتێكی ترە، قەت ئاواتم نەبووە ئەحمەد سالار لە درامادا ببینم، چونكە هەستم كردووە ئەو ئەكتەرەی لە شاشەدا دەیبینم ئەوە نییە كە لە سەر تەختەی شانۆدا هەیە، رەنگە سالارخۆشی لە ناخی خۆیدا دركی بەو راستییە كردووە كە لەسەر شانۆ دەسەڵاتی زێتری بە سەر خۆیدا دەشكێ و ئازادی زێتر بۆ تەقاندنەوەی تواناكانی لە سەر شانۆدا بۆ فەراهەم دەبێت، من وای دەبینم كە هەتا لە خودی شانۆشدا، جیاوازی دەبینم لە نواندنی سالاردا لە شانۆی كلاسیكی لەگەڵ شانۆی تەعبیری یان ئاهەنگسازی، یان لە نێوان شانۆی كۆمیدی، یان تراژیدی، بە تێڕوانین و پێداچوونەوە بەو ئەزموونانەی ئەحمەد سالار هەیبووە لەو جۆرە شانۆییانەدا، ئەوا رەنگە درك بە جیاوازییەكە بكەین و بەر لە هەموو شتێك بڵێین ئەحمەد سالار ئەكتەرێكی كۆمێدی سەركەوتووە. ئێستاش كە زۆر جاران ئەحمەد سالار لە شانۆگەرییەكی ئاهەنگسازی، یا شانۆگەرییەكی كوردی تەعبیری، یا وەك نووسەرێكی شانۆیی دەبینم، ئاواتی ئەوە دەخوازم جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر شانۆی كلاسیكی شكسپیری و مۆلێری و چیخۆف، لەوێدا وەك ئەكتەر بینمەوە، چونكە وا هەست دەكەم توخمەكانی داهێنان لە ئەحمەد سالاردا لەوێوە دەڕەخسێن و سەر هەڵدەدەن، نەك لە دووبارە كردنەوەی شانۆگەرییە ئاهەنگسازییەكانی و نووسینی تێكستی شانۆگەرییەكانی خۆی، كە من پێموایە رەنگە ئیدی زێدەكارییەك نەخەنە سەر توانستی هونەری ئەحمەد سالار ئەگەر كەمی نەكەنەوە . لەو قۆناغەدا ئەحمەد سالار پێویستی بەوە هەیە سانسۆرێكی وردتر بخاتە سەر ئەوەی پێشكەشی دەكات، پتر نیگەران بێت لەوەی دەیخاتە روو، كە پێموایە هێشتا دەرفەت لە بارەو ئەو تەمەنەش چێژو تام و بەرامی خۆیان هەیە ئەگەر ئەحمەد سالار بیەوێت رۆژانی زێڕینی تەمەنی هونەری خۆی بگێڕێتەوە، هەتا ئەگەر بە چەند شانۆگەرییەكیش بێت، دوای ئەوە ئیدی بڕیار دەكەوێتە دەست مامۆستا سالار خۆی.
كاری سیاسی ماوەیەكی زۆر ئەحمەد سالاری لەكاری هونەری دوورخستەوە
هونەرمەند یاسین قادر بەرزنجی وتی» بۆ40ساڵە بێت من خوێندكاری ئەو هونەرمەندەم لەلایەكی تریشەوە لەنزیكەوە ئاگاداری پڕۆژەكانی ئەو هونەرمەندەم جا چ پڕۆژە شانۆیەكانی چ پڕۆژە ڕۆشنبیرییەكانی. لە سەرەتای حەفتاكان زۆر سەرسامی كارەكانی ئەو بووم. كاتێك لە ساڵی 1975 كاتێك بووم بەئەندام لەتیپی شانۆی كوردی تاكو ئێستا هەربەردەوامم لەكارەكانم، هەروەها تیپی شانۆ سالار لەگەڵیان بووم تاكو ئێستا. تەنیا سەرنجم لەسەر مامۆستای خۆم ئەوەیە هیوادار بووم چ مامۆستا سالار چ هونەرمەندانی تر تەنیا تەرخان بن بۆ هونەرو ڕۆشنبیری وابزانم سیاسەت ماوەیەك كاتەكانی داگیر كرد بە بڕوای من ئێستا خۆشی وابیر دەكاتەوە. ئەگەر هونەرمەند خۆیان بە سیاسەت نمایش بكەن ئەوا لە كاراكتەری هونەری دادەبەزێت. من شانازیی بە ئەحمەد سالار دەكەم تەنانەت یەكێك لە پەرتووكەكانم پێشكەش بە ئەحمەد سالار كردووە.
حەق وایە نووسینەكانی ئەحمەد سالار وەربگێردرێن بۆ سەر زمانی بیانی
دكتۆر ئیبراهیم سمۆ شارەزا و پسپۆر لە بواری شانۆ دەڵێ» ئەو كارانەی ئەحمەد سالار كردوویەتی جا چ لایەنی نووسین بێت یان دەرهێنان بێت یان ئەكتەری بێت، كارێكی قورسە دەبێت ئێمە ڕێزی لێبگرین لەبەرهەمەكانیدا توانیویەتی باس لە كێشەكانی كورد بكات وەكو نووسەرێكی شانۆیی توانیویەتی كێشەكانی كورد بە هەمووجیهان بگەیەنێت. نووسینەكانی ئەحمەد سالار لەنالی و خەوێكی ئەرخەوانی و بەڕای من وەكو شۆڕشێك بوو لەكاتێك پێشكەش كرا لەناو جەرگی ڕژێمێكی گۆڕ بەگۆرچوو. حەق وایە نووسینەكانی ئەحمەد سالار وەربگێردرێن بۆ سەر زمانی بیانی ئەو كات بەهای ئەحمەد سالار دەزانن. چونكە ئەحمەد سالار تاكو ئێستا بەو تەمەنەوە خزمەتی شانۆی هونەری كوردی دەكات.
ئەحمەد سالار هەمیشە كاریگەری هەبووە لەسەر نەوەی تازە لەكاری هونەری
كارۆخ ئیبراهیم حەكیم شانۆكار وتی: هەڵسەنگاندنی كارەكانی ئەحمەد سالار تەنیا بە وشەیەك نابێت، چونكە دەبێت بگەڕێیەوە مێژووی ئەو كەڵە هونەرمەندەی بۆتە هێمایەك بۆ شانۆ لە كوردستان. سالار بەمانای مانەوە دێت كە خۆی لە كۆمەڵێك كارداوە ئەستەم یان ئاسان نییە ئەوەی لە ئەحمەد سالار دەبینرێت هەمیشە بەشدار بووە، لەگەڵ هەموو نەوەیەك جا بە قەڵەمێكی باش یان خراپ .ئەحمەد سالار لەكۆمەڵێك كاردا دەستی هەبووە وەكو كردنەوەی پەیمانگای هونەرە جوانەكان دواتریش بەردەوام بوونی لە كارەكانی بەشێوەیەكی ئەكادیمی. ئەو تەنیا وەكو هونەرمەندێك كاری نەكردووە كە بمێنێتەوە لەمێژووی شانۆی كوردی، بەڵكو هەوڵیداوە هەموو ئەو بابەتانەی خۆی نەوەكانی دوای ئەویش سوودی لێ ببینن، بۆیە من هەمیشە سەركەوتن لەكارەكانیدا دەبینم. هەمیشە ئەحمەد سالاركاریگەری هەبووە لەسەر نەوەی تازە كە وەكو ئەو كار بكەن كە تاكو ئێستا بەو تەمەنەوە بەردەوامە لەكاری شانۆی.