دانیا عەلی: شیاو نییە ئافرەت گۆرانی بۆ ئافرەت بڵێت

دانیا عەلی: شیاو نییە ئافرەت گۆرانی بۆ ئافرەت بڵێت
* ئێستا هونەری ئافرەتان لە چ ئاستێكدایە؟
-بەر لە هەر شتێك دەبێ دان بەوە بنێین كە ئێستا ژمارەی ئافرەتە هونەرمەندەكان زۆر زیادی كردووە ئەمەش كارێكی ئیجابییە بۆ پێشكەوتنی هونەری كوردی، بەڵام من ناتوانم بڕیاری هەڵسەنگاندنی باش و خراپەكان بدەم، بەڵكو ئەم كارە پێویستە جەماوەر بیكات، هەروەها چاكی و خراپی هونەرمەند دەگەڕێتەوە سەر كارە چاكەكانی خودی هونەرمەندەكە، كە تاچەند توانیویەتی خۆی لەگەڵ كۆمەڵگادا بگونجێنێت، تاچەند جەماوەر لە گۆرانییەكانی رازییە و پێیانوایە خزمەتی بە هونەر كردووە. ئەوكاتیش گوێگر دەتوانێت حوكم لەسەر ئەو هونەرمەندە بدات، وەك گوتم كارێكی باشە ئەگەر ئافرەت بێتە نێو مەیدانی هونەرەوە، لە وڵاتی ئێمە بۆ ساڵانێكی زۆر ئەم ژمارەیە زۆر كەم بوو، لە ساڵی 1995 كە من دەستم بە كاری هونەری كرد ئافرەتە هونەرمەندەكان بە پەنجەی دەست دەژمێردران، بەڵام ئێستا ژمارە زۆرە.
* بەڵام تۆ وەك ئافرەتێك زیاتر لە پیاوێكی هونەرمەند دەتوانی ئاستەنگ و پاڵنەرەكان بۆ ئافرەتی هونەرمەند دیاری بكەی، پێتوایە ئەم رێگری و پاڵنەرانەی بەردەم ئافرەتان چین؟
-لەوانەیە كۆمەڵگا و تەنانەت ئەو كەسەی ئافرەتەكە كاری لەگەڵدا دەكات هۆكارێك یان لەمپەرێك بێت لەبەردەم ئافرەت، چونكە كاری هونەری زۆر هەستیارە و پێویستە زۆر بە ئەمانەتەوە دەست بەم كارە بكەی بۆ نموونە چۆن دەیكەی؟ لەگەڵ كێ دەیكەی؟ چۆن سەركەوتوو دەبی تێیدا، ئیتر ئەو كەسەی كارەكە دەكات بڕیار دەدات كێ هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی كاری لەگەڵدا بكات، ئەو كات هەر ئەنجامێكیش هەبێت، دەزانێت هۆكارەكانی چیبوون جا جێی نارەزایی یان دڵخۆشی بێت خۆی لێی بەرپرسیارە، بێگومان دەورووبەریش كاریگەری هەیە، بەڵام كاری هونەریش زۆر قورسە و بە تەنیاش ئەنجام نادرێت پێویستی بە چەند لایەنێكە.
* ئەمە لایەنی كۆمەڵگا و دەورووبەر، بەڵام سەبارەت بە كارە تەكنیكییەكان و پێداویستییەكانی گۆرانی وەك مۆسیقا، تێكست، رێگرییەكان چین بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی تێكستی ئافرەتانە بۆ گۆرانییەكان؟
- ئەمە زۆر راستە، چونكە ناكرێ لەم سەردەمە ژن بۆ ژنێك گۆرانی بڵێ، من خۆم بەهیچ شێوەیەك ئەمەم پێ قبوڵ نییە، دەبێ هەرچۆنێكی بێت پیاو یان ئافرەت گۆرانی بۆ رەگەزی بەرامبەری بڵێ، بۆیە من هەوڵمداوە ئەو تێكستانە هەڵبژێرم كە بۆ كەسێكی نادیار بێت، بۆیە بە شاعیرەكان دەڵێم. شیعرێكی وام بۆ دیاری بكەن، كاتێكیش شیعرم بۆ دادەنێن رەچاوی ئەمە دەكەن ئەگەر شاعیرەكان پیاویش بن.
* تێكستی ئافرەتت لا پەسەندترە یان هی پیاو؟
- من پێمخۆشە كچێك بۆم بنووسێت زۆر جار (كانی هەڵەبجەیی) تێكستی بۆ نووسیوم، چونكە هەست و بیر كردنەوەمان لە یەكترەوە دوور نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی كچمان كەمە یان هەندێك لە تێكستی كچەكان بۆ گۆرانی ناشێ، بۆیە جاری وا هەیە تێكستی پیاوەكانیش دەكەم بە گۆرانی، بەتایبەتی ئەگەر جوان و شیاو بێت. بەلای منەوە گرنگترین شت ئەو هەستەیە كە لە تێكستەكەدا هەستی پێدەكرێت.
*تۆ پێتوایە شیعرێك پیاوێك بۆ پیاو بیڵێ ئەو هەستەی تێدا بەدی دەكرێت كە ئافرەتێك بۆ پیاوێكی بڵێت؟
-زۆر جار ئەم هەستە بەدی ناكرێت كە تۆ دەتەوێ، بەڵام ئەگەر دەستنیشانی نەكەیت لە تێكستەكەدا كە بەرامبەرت كێیە دەكرێت، ئافرەتێك بیڵێت و هەندێك هەستەكەی بگۆڕێت، چونكە هەمان هەستە تۆ بۆ بەرامبەرت بیڵێی، لەو تێكستانەی وتوومەتە هیچ گرفتێكم نەبووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە وشەی مێینە و وەسفی جوانی ئافرەتی تێدا نەبێت.
* تۆ ئامادەی شیعرێك بكەیت بە گۆرانی كە وەسفی جوانی كوڕێك بكات؟
-رێك بەو شێوەیە نا، بەڵام بۆ خۆشەویست ئاساییە، چونكە كەسی خۆشەویست لە رەگەزی بەرامبەرە، پێموایە ئەگەر مێینە بۆ مێینە بیڵێ شتێكی شیاو و جوان نییە.
*ئێستا لە وڵاتانی عەرەبی هەندێك ئافرەت بەوە تاوانبار دەكرێن كە تەنیا بۆ خۆ نمایشكردن گۆرانی دەڵێن، كەسانێك پێیان وایە خەریكە كوردستانیش تووشی ئەم پەتایە دەبێت، تۆ چی دەڵێی بۆ ئەم دیاردەیە و ئایا لە كوردستان بوونی هەیە؟
- پێموایە لە هەموو دنیا ئەو شتە هەیە، زۆر جار گوێ لە گۆرانییەكی خۆش دەگری، بەڵام كاتێك كلیپەكەی دەبینی سەرت لێدەشێوێنی، هەروەها بە پێچەوانەوە زۆر گۆرانی هەیە سەرنجت راناكێشێت، بۆیە هەوڵ دەدەن بە كلیپیەكە ئەم لایەنەی پێ پڕ بكەنەوە، لەوانەیە لە كوردستانیش ئەمە رووبدات، بەڵام بەلای منەوە گرنگ ئەوەیە ئەو كارەی تۆ پێشكەشی دەكەی تا چەند جوان بێت، من هەمیشە حەزم كردووە كارێك بكەم خەڵك بە دڵی بێت و بۆ مێژوو بێت واتە بە زیندوویی بمینێتەوە، تا چەندیش باش و سەركەوتووە ئەوە جەماوەر بڕیار دەدات.
* تۆ پێت وایە كلیپ دەبێتە هۆی ئەوەی سوود یان زیان بە گۆرانی یان هونەرمەندەكە بگەیەنێت بگەیەنێت؟
- جاری وا هەیە گۆرانی بە كلیپ ناوبانگ دەردەكات یان بەپێچەوانەوە، پێمباشە گۆرانییەكە باش بێت ئینجا كلیپ ببێتە تەواوكەری، بەڵام ناكرێ كلیپ بە هۆكاری سەرەكی باشی یان خراپی گۆرانی دابنرێت، هەروەها مەرج نییە هەموو جارێك كلیپەكان وەك یەك و لە یەك ئاستدا بن.
*لەرووی ماددی و مەعنەوییەوە تا ئێستا كێ هاوكاری كردووی؟
- «دەروون»ی برام زۆر هاوكاری كردووم بەتایبەتی لە سیدییەكەم، هەروەها چەندین كەسی دیكە كە لەرووی مۆسیقا و تێكست و وێنەگرتنەوە زۆر هاریكارییان كردووم لێرەوە زۆر سوپاسی هەموویان دەكەم.
* تۆ یەكێكی لە قوربانیانی هەڵەبجە، ئەم كارەساتە چۆن لە هونەری تۆدا رەنگی داوەتەوە؟
- من بریندار بووم لە هەڵەبجە و سییەكانم زۆر ئەزیەتیان پێگەیشتووە، كاتێك لە كوردستان بووم زۆر جار لە كاتی تۆماركردنی دەنگدا لە ستۆدیۆ ئەوەندە كۆكەم بۆ دەهات دەبوایە چەندین جاری دیكە دووبارەی بكەینەوە ئەو كاتیش وەك ئێستا تەكنۆلۆژیا لە كوردستان زۆر پێشكەوتوو نەبوو، ئێستاش هەمان كێشە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بە هۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا پێــــــویست ناكات دووبارەی بكەینەوە، بە گشتی ئەو كات كاری هونەری بۆ من زۆر قورس بوو، بەڵام بە ئەركی سەرشانی خۆمم زانی بۆیە بەردەوام بووم.
* لەرووی هونەرییەوە چۆن هەستی خۆت بۆ هەڵەبجە دەربڕیوە بە ســــروود یان گۆرانی؟
- بەر لــە دوو ســـاڵ لەگەڵ «دەروون»ی برام گۆرانییەكم تۆمار كرد لە شیعری (كانی هەڵەبجەیی) كاك سەفین و چەند برادەرێكی دیكە لە سلێمانی كاری مۆسیقایان تێدا كرد، هەرچەندە من زۆر دەمێك بوو بەنیاز بووم كارێك بكەم بۆ هەڵەبجە، هەروەها وەستانی من لێرە لە دادگا دژی ئەو كەسانەی لە كەیسی هەڵەبجە تاوانبارن، ئەمەش كارێكە كە دڵم زۆر پێیخۆش بووە. وەك نوێنەرێكی قوربانیانی هەڵەبجە و هەست بە سەربەرزییەكی زۆر دەكەم.

Top