زۆیا: حـەز نـاكەم زۆر دەركــــــــــەوم نەوەك خەڵـك لێـم بێـزار بـن
* لە دوایین بەرهەمتدا گۆرانییەكت بەشێوەزاری سۆرانی گوت سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەم كارە دووبارە ناكەیتەوە؟
-بێگومان بە نیازم گۆرانی دیكەی زیاتر بە شێوەزاری سۆرانی بڵێم، بەڵام تا ئێستا شتێكی دیاریكراو لە بەرنامەدا نییە، چونكە دەمەوێ لەلایەن كوردەكانی هەموو ناوچەكانی كوردستان بناسرێم و هیوادارم بتوانم بە گۆرانییەكانم دڵیان رازی بكەم.
* هونەرمەندانی رۆژئاوای كوردستان وەك پێویست دەرناكەون ئەگەرچی هونەرمەندی زۆر بە توانا لەم پارچەیەی كوردستان بەدی دەكرێن؟
- ئەوەی راستی بێت رۆژئاوای كوردستان خاوەن هونەرمەندی زۆرە كە زۆر بلیمەت و بە توانان، بەڵام هیچ پاڵپشتییەكیان نییە لە هیچ لایەكەوە، هەمووشمان دەزانین بارودۆخی ئێمە لە سوریا چۆنە، بۆیە من پێموایە لە بچووكترین دەرفەتدا چەندین هونەرمەند لە سوریا لەوانە شەیدا، هێڤی و چەندانی تریش.
*ئەی كە پاڵپشت نییە، كێ هانیدای تا بەو ئاستەی ئێستا گەیشتی؟
- من بە ئەركی خۆم یەكەم بەرهەمی خۆم بە ئەنجام گەیاند و كلیپەكەشم بە هەمان شێوە هەر خۆم كردم واتە كەس پشتگیری نەكردم، بەڵام دواتر (ڤین تیڤی) هاوكارییان كردم لە بەرهەمی دووەم و ئەركی بەرهەمەكەیان خستە ئەستۆی خۆیان و كلیپێكیشیان بۆ ئەنجامدام بۆ گۆرانییە سۆرانییەكە، بۆیە دەتوانم بڵێم (ڤین تیڤی) هاوكاری و پاڵپشتییەكی زۆری منیان كردووە.
* ئەی هاوسەرت چ رۆڵێكی هەبوو لە سەركەوتن و بەردەوامیت لە كاروانی هونەریدا؟
- بێگومان چەند ئاوازێكی بۆ ئامادە كردم لە بەرهەمی یەكەمم سێ ئاوازی هی هاوسەرەكەم بوو، گۆرانی (چاڤێ تە) ئاوازەكەی هی هاوسەرم بوو، هەروەها دابەشكردنەكەش ئەو ئەنجامیدا، لە بەرهەمی دووەمیش پێنج ئاواز هاوسەرەكەم بۆی ئامادە كردم ئەمە جگە لەوەی بەردەوام هاوكاریم دەكات.
* باسی گۆرانی (چاڤێ تە)ت كرد دەكرێ بزانین هۆكاری سەركەوتنی ئەم گۆرانییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەوەی راستی بێت دەبێ هونەرمەند بزانێت كە تێكستی گۆرانییەكەی لەگەڵ ئاوازەكە گونجاو بێت و دەنگی هونەرمەندیش بەشێوەیەك بێت كە لەگەڵ ئاواز و تێكستەكە بگونجێت، بۆیە هۆكاری سەركەوتنی هەر گۆرانییەك بریتییە لە تێكست و ئاوازی جوان و ئەدایەكی سەركەوتووانە لەگەڵ هەستێكی بەرزی هونەری.
*وەك كچە گۆرانیبێژێك جگە لە گۆرانی گوتن ئاواتی دیكەت نییە وەك نواندن یان پێشكەش كردنی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی؟
-من بە هونەر و گۆرانی ناسراوم، راستە زۆر بابەتی لەو جۆرەم پێشكەش كراوە،بەتایبەتی وەك پێشكەشكار لە تەلەفزیۆن، بەڵام من حەز ناكەم زۆر دەركەوم بەڵكو حەز دەكەم دوور بم لە جەماوەرەكەم واتە نامەوێ بەشێوەیەكی بەردەوام و رۆژانە دەركەوم بۆ ئەوەی لێم بێزار نەبن.
*پێشتر دیۆیەكت پێشكەش كرد لەگەڵ هونەرمەندێك و سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا، دووبارەی ناكەیتەوە؟
- هەر ئەو كات چەند هونەرمەندێكی گەورە ویستیان دویۆیان لەگەڵدا بكەم، ئەو كات من دەمویست هەندێك گۆڕانكاری لە كارەكانمدا بكەم و زیاتر لە دیۆیەك نەكەم، بەڵام پێموایە ئێستا كاتی هاتووە دیۆیەكی دیكە ئەنجام بدەم جا لەگەڵ هونەرمەندێك بێت بە شێوەزاری سۆرانی یان كرمانجی، ئێستا هیچ بەرنامەیەكی دیاریكراوم نییە، هەرچەندە كەناڵی (ڤین) دوو گۆرانییان بۆ ئامادە كردووم یەكیان بە عەرەبی و یەكێكیش بە كوردی، چونكە بە راستی دەمەوێ جەماوەری عەرەبیشم هەبێت بەتایبەتی لێرە لە سوریا.
*كەواتە پێت ئاساییە كە هونەرمەندێكی كورد گۆرانی بە زمانی عەرەبی یان زمانەكانی دیكە بڵێت؟
- من خۆم هیچ گرفتێكم نییە بە هەر زمانێكی گۆرانی بڵێم بۆیە لە ئاهەنگەكاندا بە هەر زمانێك بمەوێت گۆرانی دەڵێم كوردی و توركی و عەرەبی.
* پێتوایە ئێستا جەماوەر و هەواداری عەرەبیشت هەیە؟
- بەڵێ لە موسڵەوە سەبارەت بەم مەسەلەیە پەیوەندییان پێوە كردووم، هەروەها لە دوبەیش بە هەمان شێوەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سوریا خەڵكی عەرەب زۆر سەیری كەناڵە كوردییەكان ناكات بۆیە وە ك پێویست یان لە ئاستی داخوازییەكانی من نییە.
*وەك دایكێك ئایا رێكخستنی كات و بەرنامەی خۆت لەنێوان هونەر و پەروەردە كردنی منداڵ گرفتت بۆ دروست ناكات؟
- بێگومان كارێكی ئاسان نییە و پەروەردە كردنی منداڵ كاتێكی زۆری ئافرەت داگیر دەكات، بەڵام ئێستا منداڵەكانم گەورە بوون بۆیە هەست دەكەم كاتم زۆر بێت، سەرەڕای ئەوەش من قوربانییەكی زۆر دەدەم لەپێناو هونەری خۆم و بەرەو پێشبردنی.
*هونەری كوردی بەشێوەیەكی گشتی لە چ ئاستێكدایە؟
- هونەری گۆرانی و مۆسیقای كوردی رۆژ دوای رۆژ پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێ لە بواری ئاواز و تێكست و دابەشكردنی گۆرانییەوە، لە باشووری كوردستان تێبینی دەكرێت كە هونەرمەندی زۆر بە توانا هەن و هونەرێكی رەسەنی كوردی پێشكەش دەكەن، هیوادارم لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ئەو دەرفەتە بڕەخسێت، بێگومان ئازاد بوونی ئەو پارچەیەی كوردستان رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لەو پێشكەوتنانەی هاتوونەتە ئاراوە لە بواری هونەری و هەموو بوارەكانی دیكە.