بژار دیلان: لەدایكێكی سلێمانی و باوكێكی بادینیم و لە هەولێر گەورە بووم
دیمانە: رۆشنە
* سەرەتا چۆن دنیای هونەریت هەڵبژارد؟
- برام میوزیك ژەن بوو دواتر لەتیپی منداڵانی هەولێرەوە دەستم پێكرد. ئینجا چوومە تیپە رۆژئاواییەكانەوە وتاكو ئێستا هەربەردەوامم، كە لە كوردستان بووم حەزم لێبوو كارێكی وابكەم، بەڵام لایەنی ماددی رێگر بوو لەبەردەم گەیشتن بەم حەزە. سەرەڕای ئەمەش هەستم كرد كە پێویستە ستۆدیۆیەكم هەبێت، چونكە كارەكانمان لەلای ئەوروپیەكانەوە دەكرا ئەوان لە مەبەستی ئێمە نەدەگەیشتن بۆ كار كردن دواتر هاوڕێكانم هانیان دام بۆ ئەوەی ستۆدیۆیەك دانێم. ژمارەیەكی زۆر بەرهەممان ئەنجامدا ئەو ماوەیەش وابوو لەوێ كارمان دەكرد و لەبەرهەمەكان خەرجمان دەكردەوە.
بەم جۆرە تاساڵی 2009 نزیكەی 140 بەرهەممان بە ئەنجام گەیاند لەوانە 86 كوردی بوو، ئەركی زۆربەی ئەم بەرهەمانەش لەسەر خۆمان بوو.
لەبەر ئەوەی لە ئەوروپا بووم جگە لە هونەرمەندانی كورد كارم بۆهونەرمەندی بیانیش كردووە بۆ نموونە لەگەڵ گۆرانیبێژی یۆنانی و توركی زۆر كارم كردووە هەروەها لە مۆسیقای پۆپ و ئێرانی و هیندیش كارم كردووە. لەگەڵ كوردەكانیش وەك برادەرایەتی بۆنموونە لەگەڵ خوالێخۆشبوو ئەردەڵان و زەكەریاو ناسر رەزازی و لەیلا فەریقی، بەڵام زیاتر بۆ زەكەریاو رۆژ و خوالێخۆشبوو ئەردەڵان و نەریمان دابەشكردنی مۆسیقام ئەنجامداوە.
* ئەی لە بواری ئاواز دانان كارت كردووە؟
- وەك ئاواز كەم كارم كردووە، بەڵام وەك دابەشكردنی میوزیك كارم زۆر كردووە. زۆر گۆرانی هەیە نەبۆتە بەرهەم یان هەر بڵاونەكراوەتەوە كاری من بووە. من ستۆدیۆم هەبوو گۆرانیبێژ دەهات لەوانەیە دەنگیشی ناخۆش با، بەڵام من كارم بۆدەكرد، چونكە ئەو كات لەسەر ئەم ستۆدیۆیە دەژیام.
ئێستاش پێوەندیم لەگەڵ هەموو هونەرمەندان بەردەامە بۆ نموونە رۆژكەریم لەو كاتەی گەڕاوەتەوە كوردستان هەر دێتە لام بۆ كاری هونەری لەبەرهەمی ئەم جارەی پێنج گۆرانی هی منە، دانیال و بڵند عەبدوڵڵا و چنار ئێستاش هەر دێنە لام.
هەرچەندە ئێستا زۆر لە كارەكان لە كوردستان ئەنجام دەدرێن، بەڵام هەست دەكرێ كە جۆرە نارێكییەكی پێوە دیارە و نەیانتوانیوە وەك پێویست كارەكان بە جوانی ئەنجام بدەن.
* رات چۆنە بەرەوشی ئێستای هونەری؟
-هەموو كەسێك ئازادە چی دەكا یان چی ناكا، بەڵام لێرەدا رەخنەكە لەمیدیای كوردیە كە هەموو شتێك بڵاو دەكاتەوە، ئەمەیە كێشەكە دواتر ناتوانی دەمی خەڵك بگری بڵێی نابێ گۆرانی بڵێی. من لە داهێنانی تازەدا لەگەڵ تێكەڵ كردندام، چونكە ئێمە لەرووی ریتم و ئاوازەوە هەژارین بۆیە دەبێ دەوڵەمەندی بكەین بەڵام لەگەڵ كۆپیكردن نیم واتا تەرجومە بێت گۆرانیەكی ئینگلیزی بكەیتەوە كوردی. ئەگەر سەیری بەرهەمەكانی من بكەی زۆر موسیقای رۆژئاوایی تێكەڵ دەكەم. بەڵام ئەمەش شتیكی كاتییە بەڕای من. ئێمە ئێستا ئیقاعی هەڵپەڕكێمان هەیە، بەڵام سوودمان لێوەرنەگرتوە. بەڵام ناوبانگ و تاموچێژی ئیقاعی شایی كوردیمان زڕاندووە. زۆر كەس رەخنەی ئەوەم لێدەگرێت كە بۆچی گۆرانیەكانت هەڵپەڕكێن، بەڵام ئەمە كولتووری ئێمەیە و شانازی پێوە دەكەم سەردەمێك گۆرانییەكانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و هەولێر زۆر بەتام و رەسەن بوون، بەڵام ئێستا وانییە.
ئەو گۆرانیانەی كە لە ئاهەنگ و بووك گواستنەوە دەوترێ ئێستا كراوەتە كولتووری میللەتی كوردی و بە كولتووری كوردی ناوی دەبەن.
*سەبارەت بە بارودۆخی خۆت چی دەڵێی؟
-بەداخەوە حكومەت نەیتوانی سوود لەمن وەربگرێت نازانم بۆچی لەوانەشە نەزانن كە من لێرەم ئەم كارە دەكەم ئێستا لە گەڕەكی بەختیاری شاری هەولێر ستۆدیۆم داناوە، هەروەها ئێستا لەبەشی وەرگێڕان كار دەكەم بۆ زنجیرەكان، پێشتر تەنیا بۆ گۆرانیبێژ كارم دەكرد گۆرانیبێژیش بەراستی هەژارە و توانای ئەوەی نییە هەموو ساڵێك بەرهەمێك بكات.
*بۆچی ئێستا لەزەكەریا دابڕاوی؟
- زەكەریا زیاتر كار لە توركیا دەكات ئەو ئێستا ستایلێكی تایبەتی خۆی وەرگرتووە دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەم ستایلەی، چونكە بەم ستایلە ناسراوە لەلایان هەوادارانی خۆی. ئێستا تەنیا هاوڕێین گفتوگۆی هونەریش دەكەین و كارەكانیشی زۆر جوانن، بەڵام رەخنەش هەردەبێت، چونكە میللەتی ئێمە وا راهاتوە دەبێت یەكتر بشكێنینەوە و بێگانە پەرستین، بەشێوەیەكی گشتی یەكێكە لە گۆرانیبێژە سەركەوتووەكان.
*دەڵێن دەنگت خۆشە؟
-من گۆرانیبێژ نیم، بەڵام گۆرانیشم وتوە لە1988 گۆرانیم بۆ كوردستان وتووە لەنەوەدەكان بۆ پێشمەرگە گۆرانیم وتووە، بەڵام كاتێك چوومە ئەوروپا وازم هێنا زیاتر كاری ستۆدیوم كرد. حەز لەستایلی رۆژئاوایی دەكەم. دوو گۆرانیم هەیە یەكێكیانم سەری ساڵ وت بە ستایلی رۆژئاوایی.
*چ كارێك دەكەی لەكەناڵ چوار و كۆرەك؟
- من كار لەوێ ناكەم كاری میوزیك دەكەم مۆسیقای تایتل و مۆسیقای رێكلام، ئێستا خەریكی دۆبلاژكردنی درمای (جیتاناسم) و تەنیا بۆ كەناڵ چوار كاری دۆبلاژ دەكەم، چونكە تەنیا بەوە رادەگەم.
* لەگەڵ هونەرمەدە گەورەكان كارت كردووە؟
دواین كۆنسێرتی هونەرمەند تەحسین تەها مۆسیقاتم بۆ لێدا، من و زەكەریا بڵند یادگاریم زۆر لەگەڵ هونەرمەندە كۆنەكان هەیە. زۆر موعجبی شەخسیەتی محەمەد جەزا بووم.
* منداڵێكی چۆن بووی؟
-منداڵێكی فەقیر بووم، بەڵام كاتێك چوومە ناوەندی هار و هاج بووم، چونكە لە قوتابخانە كە منداڵەكان هەموویان هار و هاج بوون دەبا منیش وابام.
* دەڵێن رەفزت وەرگرتووە؟ و بۆچی سەرت هەر رووتە؟
- منیش وەكو هەموو گەنجێك رەفزم وەرگرتووە، بەڵام گەر یەكێكم خۆش بووێت خۆم بەشێوەیەك نیشان دەدەم كە رەفزم پێنەدا. خۆشەویستی خۆشم هەیە.
سەبارەت بە سەر رووتیش پێموایە بێقژ جوانترم، چونكە قژم لێنایەت. شەخسیەتی بژار بێ قژ جوانترە هەروەها مەسرەفیشی كەمترە.