باشترین بەرهەمە هونەرییەكانی سـاڵی2010 لە راپرسییەكی گوڵاندا
ئا: رۆشنە عومەر
باشترین بەرهەم
بەڕێژەی 41%بەرهەمی زەكەریا وەك باشترین هونەرمەند دەستنیشان كراوە، لەدوای زەكەریا بەرهەمی هونەرمەند عەدنان كەریم بەڕێژەی 25% لە پلەی دووەم، هونەرمەند نازدار بەڕێژەی 18% لەپلەی سێیەم، هونەرمەند ئەیوب عەلی بەڕێژەی 16%لەپلەی چوارەم هات،
لەم بارەیەوە هونەرمەند شڤان پەروەر دەڵێت «هەریەك لەم هونەرمەندانە زەكەریا و عەدنان كەریم و نازدار و ئەیوب بەستایلی جیا كار دەكەن و توانیویانە كاری جوان بكەن، بەجۆرێك خەڵك حەز لە دەنگیان بكات، زەكەریاش یەكێكە لەو گەنجانەی كە توانیویەتی كاری زۆر جوان بكات و دەنگیشی زۆر خۆشە و خەڵك گوێی لێدەگرێت و لە كارەكانی رازین، توانی گەنجی كورد و نەوەی ئەمڕۆ لە هونەری بیانی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر گوێگرتن لە هونەری كوردی، هەروەها عەدنان كەریمیش دەنگی خۆشە و هونەر و گۆرانییەكانی زیاتر رەسەنایەتی پێوە دیارە بە بەراورد لەگەڵ هونەرمەندەكانی تر دەنگ و ستایلێكی تایبەتی هەیە، هەروەها نازدار و ئەیوبیش دەنگیان خۆشە، بەڵام پێویستە ئەم هونەرمەندانە جار جار لەگەڵ هونەرمەندانی ئەكادیمی و شارەزا گفتوگۆ بكەن بۆئەوەی كاری باشتر بكەن و هونەری كوردی بەپاكی بهێڵنەوە، نەك هەر بەرهەمێكیان كرد و تەواو بڵێن ئێمە كاری باش دەكەین، چونكە ئێستا 80%هونەری بیانی تێكەڵی هونەری كوردی دەكەن و گرنگی بە رەسەنایەتی نادەن و هونەری كوردیان ناشرین كردووە،
هەر سەبارەت بەم رێژانە هونەرمەند مەزهەری خالقی وتی «هەریەك لەم هونەرمەندانە ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی ئێمە دەنگیان هەیە و خەڵك گوێیان لێدەگرێ و لە كۆنسێرتەكان خەڵك پێشوازیان لێدەكات، ئەم چوار هونەرمەندەش چوار كەسی دروستن و كاری جوان دەكەن و خەڵك لێیان رازییە.
باشترین تێكست
لە رووی هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانیبێژان زەكەریا، بەڕێژەی 43%نموونە كە لە پلەی یەكەمدا هاتووە و عەدنان كەریم بەڕێژەی 25% پلەی دووهەمی بەدەست هێناوە، هاوكات نازدار 17%پلەی سێیەم و ئەیوب عەلی، بەڕێژەی 15%پلەی چوارەمی بەدەست هێناوە،
شاعیرو تێكسنووس «شاڵاو» دەڵێت: ئەگەر سەیری ئەو تێكساتە بكەین كەلە گۆرانییەكانی زەكەریا دەخوێنرێتەوە ئەوە دەبینین بەشێكی زۆر لەگۆرانییەكانی لێكدانەوەی ناوێ، یان دەتوانین بڵێن هەموو چین و توێژەكان لەیەكەم گوێ لێبوونیاندا لەناوەڕۆكی هۆنراوەكە دەگەن، هەروەها بەشێكی زۆر لەهۆنراوەكانی ئاوازێكیان تێدایە، كەواتە دەبێت بەردەوام ئاواز هەبێت لەهۆنراوەی گۆرانی، دەبێت جۆش و خرۆش لەناوەڕۆكدا هەبێت، كەواتە هۆنراوەی گۆرانی رەنگاو رەنگ بنووسرێت، رەنگ لەهۆنراوەكان و گۆرانییەكانی زەكەریا رۆڵێكی جوانی هەیە، قووڵ بوونەوەی گۆرانییەكانی لەدەرووندا لەسەر ئەوستوونە راوەستاوە كەخەڵك لە تێكستەكانی گەیشتوون، ئەو چین و توێژانەی كە گوێگری گۆرانییەكانی بێ وا هەست دەكات بە زمانی ئەو نووسراوە، دەتوانم بڵێم زەكەریا رێبازێكی سەركەوتووی هەیە دەبێ زیاتر گۆڕانكاریش بكات لەهەڵبژاردنی تێكستی گۆرانییەكانی، دەبێ وەك دوكاندارێكی زیرەك بزانێ كڕیارەكانی چییان دەوێ دەبێ كوتاڵی باشتر و جوانتر بۆكڕیارەكانی پەیدابكات، دەربارەی هونەرمەند عەدنان كەریم رای جیاواز هەیە، هەموومان دەزانین كەئەو هونەرمەندە شوێنێكی گەورەی لەدەروونی خەڵكی كوردستان گرتووەو گوێگرێكی بێسنووری هەیە، پشت بەستنی زیاتر بەشیعرە كلاسیكییەكان وای لێكردووە كە لە بازنەیەكی تایبەت گەشە بكات و بەشێوەیەكی كەمێك هێمنتر بتوانێ خۆی بخاتە هەستی هەموو خەڵكێ، زیاتر ئەوانەی گوێی بۆدەگرن لەمانای شیعر دەگەن و حەزیان لەقووڵبوونەوی هۆنراوەیە یان ئەوانەی لە واتا بەرینەكانی عەشقیان دەوێ، ئەم رێژانەی كە توێژەرێك دەستی دەكەوێ بۆ ئەنجامدانی راپرسیەك كەسنوورێك زۆر دەبێ جێگەی لێكۆڵینەوە بێت، گۆرانیبێژ رێژەیەكی زۆركەم لەخەڵك دەنگ بۆ تێكستەكانیان دەدەن دەبێ ئەو دەنگانە بەهەند وەربگرێت و دەبێت لە بەرهەمەكانی داهاتوودا واز لەم رێبازە بێنێت كە گرتوویەتی، بەپێچەوانەش لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات، كاتێك هونەرمەندێك هەست دەكا خەڵكێكی زۆر دەنگیان بۆ داوە دەبێ بزانێ كە رێگەیەكی باشی گرتووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە رابوەستێ لەشوێنی خۆی،
شاعیر و تێكستنووس رێدار سابیر پێیوایە زەكەریا دەربڕینی جوانە و هونەرمەندانە گۆرانییەكە دەڵێت لەگەڵ تێكستەكە هاڕمۆنیەت لەدەنگەكەیدا هەیە، بەڵام لەم بەرهەمەی دواییدا تێكستی كرچ و كاڵی هەڵبژاردووە و دوورە لە تێكستی هونەری گۆرانی وتن و زۆرتر لەقسەی ئاسایی رۆژانە نزیكە، هەندێك جار هەڵە لەواتای تێكستەكان دەبینم كە بە داخەوە نابێ وابێت، هونەرمەند عەدنان كەریم هەندێك جار تێكستی كلاسیك هەڵدەبژێرێت كە زۆر زەحمەتە بەلای گوێگرەوە، بەڵام ئەو وایكردووە گوێگر ئاشناببێتەوە بەتێكستی كلاسیك و هەڵبژاردنی تێكستەكانیش وێنەی جوانی تێدایە، ئەو لەسەر رەوانبێژی كار دەكات و وشەكان جوان دەردەبڕێت، دەزانێت لە كامە وشە دەوەستێت، ئەمەش حاڵەتێكی جوانە، لەبارەی هونەرمەند نازداریشەوە، رێدار وتی» نازدار لە دەربڕینی كرمانجی سەروودا خاوەن دەربڕینێكی جوان و ئەداكردنی هونەرمەندانەیە، بەڵام لە دەربڕینی كرمانجی خواروودا هەڵە هەیە لەهەڵبژاردنی دەقەكان، دەبێت زیاتر پرۆڤە بكات ئەوانەی ئاوازی بۆ دادەنێن دەبێت زیاتر هەوڵی لەگەڵ بدەن، بۆیە دەڵێم لە دەربڕینی كرمانجی خواروو نەیتوانیوە وەكو پێویست سەركەوتن بەدەست بهێنێت، هەروەها هونەرمەند ئەیوب هەندێكجار دەقی گۆرانی دەبینم لەلای كە جوان لەهەڵمژینی تێكستەكە دەگات و جوان تێكەڵی تێكستەكە دەبێت و جوان ئاوێتەی تێستەكە دەكات، واهەست دەكەی خۆی تێسكتەكەی نووسیوە، بەڵام هەندێكجار خۆی لە تێسكتی لاواز نزیك دەكاتەوە.
باشترین ئاواز
لەڕووی هەڵبژاردنی ئاوازەوە،،زەكەریا بەڕێژەی 43%بەپلەی یەكەم هاتووە، عەدنان كەریم 25%پلەی دووەمی بەدەست هێناوە هاوكات نازدار 17%بەپلەی سێیەم هاتووە و ئەیوب عەلیش 15% بەپلەی چوارەم دەست نیشان كراوە، لەمبارەیەوە هونەرمەند سەید ئەحمەد رواندزی شارەزا لە بواری مۆسیقا وتی» زەكەریا بووە هۆی بنبڕكردنی ئەو مۆسیقا بیانیانەی كە لە كوردستان هەبوو، وایكرد خەڵك زیاتر حەز لە مۆسیقای كوردی بكاتەوە بەتایبەتی ئەو مۆسیقایانەی لەم سەردەمەدا هەیە، رەنگە خەڵكیش هەبێت حەز لە كاری زەكەریا نەكات، بەڵام زیاتر گەنجەكانی ئێستا حەز لە دەنگی زەكەریا دەكەن، هەروەها لە رووی مۆسیقاشەوە مۆسیقاكانی كوردین، رەنگە لەرووی رۆحیەتەوە رەسەنایەتی پێوە نەبێت، كەموكوڕییەكە لە زەكەریا نییە، لەبەر ئەوەی لە توركیا كاری بۆ دەكرێت، بڵێین و نەڵێین مۆسیقای توركی پێوە دیارە، دەنا ئاوازەكان و میلۆدییەكانی زۆر كوردین، بۆیە دەتوانم بڵێم زەكەریا ئەستێرەیەكە لە گۆڕەپانی هونەری كوردی، چونكە ساڵ بەساڵ كاری تازەتر دەكات، هونەرمەند عەدنان كەریم حەز دەكات زیاتر بەستایلی كۆن گۆرانی بڵێت، من وا هەست دەكەم هونەرمەند عەدنان كەریم بەرهەمە كۆنەكانی زیاتر خۆشتر بوو لەوانەی ئێستا، دوایین بەرهەمی زیاتر ستایلی فارسی پێوە دیار بوو، چونكە ئەوانەی مۆسیقای بۆ دەژەنن خەڵكی كوردستانی ئێرانن بۆیە مۆسیقای فارسییان بەسەر زاڵە، هەروەها نازداریش دەنگێكی زۆر كوردی هەیە لەبەرهەمی یەكەمی كەمن بۆم كرد، بەم بەرهەمەش ناسرا، بەرهەمی دوایی كاری جوانی كرد، سەبارەت بەهونەرمەند ئەیوبیش بەرهەمێكی كرد دەتوانم بڵێم بەم بەرهەمە رووخا، چونكە ستایلی عەرەبی بەسەریدا زاڵ بوو، بەڵام ئەو بەرهەمەی ئێستا واهەست دەكەم كە دەنگی پەیدا بۆتەوە لەنێو خەڵك.
ئاستی هونەرمەندان
سەبارەت بەئاستی گۆرانیبێژان لەساڵی 2010بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، بەشداربووانی راپرسیەكە بەڕێژەی 46%بەشداربووان پێیانوایە كە ئاستی هونەرمەندان لەساڵی2010 بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو زۆر باشە، هاوكات 39%ی بەشداربووان پێیانوایە ئاستی گۆرانیبێژان خراپتر بووە، رێژەی 15% ئاستی گۆرانیبێژان لەچاو ساڵانی پێشوو نەگۆڕاوە، لەم بارەیەوە هونەرمەندی گەورە مەزهەری خالقی دەڵێت «ئەم رێژەیە بەكەم دەزانم، چونكە باشووری كوردستان رۆژ بەرۆژ باشتر دەڕوات بەهیچ شێوەیەك رانەستاوە و داهێنان لە نێو هونەری كوردی بەردەوامە.
هەروەها هونەرمەند مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی لەبارەی ئەم راپرسیە وتی: راپرسیەكە جۆرێك لە موجامەلەی تیادایە كە ئەوانەی راپرسیەكانیان لەگەڵ كراوە لە ناوچەیەكی دەستنیشانكراودایە، ئەگەرچی لە گۆڕەپانەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە گۆرانیبێژ هەن، بەڵام ئەم گۆرانیبێژانە تا چ رادەیەك دەنگیان خۆشە یان تا چ رادەیەك گۆرانی كوردی دەڵێن تا چ رادەیەك پابەندن بە مۆرك و رەسەنایەتی میلۆدی نەتەوەیی زۆر لەو گۆرانیبێژانەی لەناو خەڵكیشدا دەنگێكیان هەیە زۆربەی میلۆدییەكانیان لە میلۆدی میللەتانی تر وەردەگرن لە توركی و فارسی و عەرەبی لە كاتێكدا لە ناوچەكانی كوردەواریدا بە هەزاران میلۆدی جوان هەن، بەڵام لەگوێی ئەواندا نییە و نامۆن بە كەلتوری میللەتەكەیان و بگرە توانجی ناشرینی تێدەگرن نەك هەر میلۆدیەكە، بگرە تێكستی بێسەر و بن بەكاردێنن لە گۆرانییەكاندا كە هیچ مانایەكی جوان نابەخشێت، هەر بۆیە دەڵێم ئاستی هونەری باش هەیە، بەڵام تا رادەیەك دوورە لە دنیای مۆركی كوردی كە دەكرێت مامەڵەیەكی جوانی لەگەڵدا بكرێت و شان بەشانی میللەتانی تر بڕوات بەتایبەت لەم سەردەمەدا كە ساڵانی پێشوو رۆحێكی جوان و مۆركێك و هەستێكی جوان هەبوو لە ناخی گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و ژەنیاراندا لەگەڵ ئەوەی كە ستۆدیۆی ئەمڕۆ نەبووە، ئەوتا گەنجەكانی ئەمڕۆش لەو هەستەدا دەژین، بەڵام ئەمڕۆ وا هەست دەكەیت زۆر لەو گۆرانییانە ئەو جوانانەیان ونكردووە، پێویستە لەسەری بوەستین و لێی بكۆڵینەوە چۆن گۆرانی كوردی لەم قەیرانە رزگار بكەین..