هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا: هەر كەسێك لەو بڕوایــەدایە كە من مافم خواردبێت ئەوا دەرگای دادگا واڵایە
بڵند عەبدوڵڵا یەكێكە لەو هونەرمەندە ئەستێرە گەنجەكانی كورد كە ستایلێكی تایبەتی بۆخۆی هەڵبژاردووە و جۆرێك لە نوێگەری لە هونەری كوردی داهێناوە و هەموو لایەك شایەدی ئەوە دەدەن و بەڵگەش ئەو ژمارە زۆرە لە هەوادارانی دەنگی بڵندە، بڵند عەبدوڵڵا ماوەیەكە لە هەولێرە، بۆیە بە پێویستمان زانی لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە بكەن تاكو هەندێك لەو قسەو باسانەی ئێستا دەربارەی دەكرێن بۆ خوێنەران روون بكاتەوە.
* ماوەیەكە بێدەنگی، هەست ناكەی كە غەدرێك لە هەوادارانت دەكەی؟
- ئەو كاتە غەدر لە جەماوەر دەكەم، كە بڕیار بدەم واز لەهونەر و دنیای مۆسیقا و گۆرانی بێنم.
* پێش چەند ساڵێك كۆنسێرتێكت لە كوردستان كرد و سەركەوتنێكی باشت بەدەستهێنا، بەنیاز نیت كۆنسێرتی تر بكەی؟
- تا سیدیەكەم بڵاو نەبێتەوە گۆرانی و ئاوازەكان ئاشنا نەبن بەجەماوەر، بیر لە ئەنجامدانی كۆنسێرت ناكەمەوە.
* ئێستا دوو رای جیا هەیە لەبارەی كۆپیكردن، هەندێك لە هونەرمەندان دەڵێن مافمان خوراوە لەبەر دیاردەی كۆپی، هەندێكی تریش دیاردەی كۆپی بە دیاردەیەكی ئاسایی دادەنێن. دەتوانین بڵێین بڵند لەگەڵ كام رادایە؟
- دیاردەی كۆپی كردن كارێكی ئاسایی نییە. بەپێچەوانەوە! ئەمە دزییەكی ئاشكرایە لە ئێمە دەكرێت. وەك ئەوە وایە كە تۆ باڵەخانەیەك دروست بكەی كۆمەڵە كەسێكیش بێت دەستی بەسەر دابگرێت و داگیری بكات. بە ئازادی تیادا بژیت تۆش سەیری بكەی. لە هەموو وڵاتێكی جیهاندا ئەم كێشەیە هەیە، بەڵام هەر هەموویان هەوڵیانداوە رزگاریان بێت لەم كێشەیە لەڕێگەی سزادانی كۆمەڵێك كەسان و ماڵپەڕی داگرتن و گۆرانی و مۆسیقا.
* بەرای تۆ میوزیك و گۆرانی لە ئێستادا پێویستی بەگۆڕانكاری هەیە؟
- بەرای من كە ئاستی كوالێتی مۆسیقا ئەمڕۆ زۆرباشە، بەڵام هەژاری هەیە لە دابەشكردن و لە ئاواز و تێكست. بەس بەگشتی گەشبینم و باوەڕم وایە بەرەو ئاستێكی باشتر دەڕوات.
* ئایا هونەری گۆرانی و میوزیك پێویستی بە سانسۆر هەیە؟
- نەخێر، دنیای هونەری كارێكی ئازادە هەر كەسێك سەربەستە كاری تیادا بكات، بەڵام بیرمان نەچێت كەس ناتوانێت بەزۆری یاخود بەهێزی پارە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێتە ناو ناخ و دەروونی خەڵك. دەرئەنجام خەڵك بڕیار دەدا ئایا ئەمە گۆرانیبێژە و لەم گۆڕەپانە گەورەیەی هونەریە جێگەی دەبێتەوە یان نا.
* بڵند عەبدوڵڵا قەت مافی تێكست نووسی خواردووە؟
-نەخێر ئەگەر هەر كەسێكیش لەو بڕوایەدایە كە من مافم خواردبێت ئەوا دەرگای دادگا واڵایە با لە دادگا مافی خۆی لە من وەربگرێتەوە، ئەگەر راست بێت ؟! من بە دڵنیاییەكی تەواوەوە ئەو قسەیە دەكەم.
* گوایە تۆو هونەرمەند ئەردەلان بەكر پێوەندیتان نەبوو، بەڵام كاتێك ئەردەلان نەخۆش كەوت ئاشت بوونەوە، ئەمە تاچەند راستە؟
- بەڵی زۆر راست بوو ئێستا ویژدانم ئاسوودەیە كە چووم بۆلای سەردانم كرد و كۆمەڵێك قسەی خۆش و یادەوەری جارانمان گێڕایەوە. هەزار رەحمەت لەگیانی پاكی ئەردەڵان، هەرچەندە بە جەستە لەنێومان نییە، بەڵام هەمیشە لەگەڵمان دایە لەژیانی رۆژانەی خۆشەویستەكانی ئاگادارە. بۆیە پێی دەڵێم ئارام و دڵ خۆش بە، چونكە هەموو خەڵك بیری قسە خۆشەكانت دەكات.
* گۆرانییەكت ئامادە كرد لەسەر خۆسووتاندنی ئافرەت، ئەم گۆرانییە دووجار كلیپی بۆكرا هۆكارەكەی چی بوو؟
- چونكە بنەماڵەی كچەی ئەكتەری كلیپەكە هەڕەشەیان لە من و ئەو كرد كە ئەوان بە هیچ شێوەیەك قبوڵیان نییە كچەكەیان لە تەلەفزیۆن دەرچێت، كێشەكە ئەوەبوو كە لە سەرەتا كۆمەڵێك لە ئەندامانی بنەماڵەكە رازی بوون پێیان ئاسایی بوو، بەڵام پاشان هەندێكی تریان ناڕەزای بوون، چونكە دەیانوت ئەگەر بێتو كچەكەمان لە تیڤییەكان دەربچێت، ئەوا سەری دەبڕین، پڕۆژەكەی منیش دژی توندوتیژی ئافرەت بوو كەچی رەنگە ببامە هۆكارێك بۆ لەناو بردنی ئەم ئافرەتە، بۆیە بڕیارمدا دووبارە شتێكی تازە بكەمەوە لەگەڵ ستافێكی نوێ.
* تاچەند راستە جەنابت بایكۆتی كوردساتت كرد گوایە چیتر گۆرانییەكانت دانەبەزێنن، هۆی بڵاوبوونەوەی كلیپێكت چی بوو؟
- راستە زۆر دڵگران بووم كە لە كوردسات كلیپی (مەیسووتێنە) رەتكرایەوە گوایە ئەمە لە خانەی هونەر نییە و كێشەیەكی كۆمەڵایەتییە، منیش چونكە ئەوەندە هیلاك ببووم بە دەست ئەم گۆرانییە و كلیپەكەی زۆر تەئیسری لێكردم كە لە كوردسات بەمشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ كردم، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون لە دابەزاندنی گۆرانییەكانم و داوای لێبوردنیان كرد. منیش دڵم زۆر گەورەترە لەوە و ئێستا ئەم كێشەیە نەماوە.
*لەگەڵ( ئاوامێدیكا) گرێبەستت كردووە، بەنیاز نیت هەر بەردەوام لەكوردستان بمێنی دوای گرێبەستەكەشت؟
-من لە مانگی (دە)وە گرێبەستم كردووە وەك بەرپرسی بەرهەمەكان واتە ”Product Manager” و زۆر مورتاحم لێرە، چونكە شوێنەكە زۆر گونجاوە و دەتوانم ئەو ئەزموونەی لە سوید بە دەستمهێناوە لێرە پەیڕەوی بكەم، پرۆفیسۆر بارام رەسوڵ دوای 32 ساڵ لە سویدە، بۆ یەكەم جار لە مێژووی هەرچوار پارچەی كوردستان ئەم كارگەیەی دروستكردنی دەرمانی دامەزراندووە، بەڕاستی جێگەی فەخرە.
* رەوشی كوردستان چۆن دەبینی بەتایبەت لە رووی تەندروستی دەرمانەوە؟
- كارەساتە، من هیچ ناڵێم، بەڵام خۆتان شەوێك بچن بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكان و خۆتان سەیر كەن رەوشەكە چۆنە.
*دەكرێت بزانین بۆچی تاكو ئێستا بڵند ژیانی هاوسەری پێكنەهێناوە؟
- بە قورسترین و گەورەترین هەنگاوی پڕۆژەكانی ژیانی دەزانم، بۆیە دەبێ زۆر بەوردی و وریاییەوە دۆستی ژیانم هەڵبژێرم
* بۆچی بەردەوام بڵند بەبێ قژ دەبینرێت؟
- من لە سەرەتاوە ئاوا بووم بەو شێوەیە و سەلیقەیە دەركەوتم و خەڵك منی ناسی، بۆیە هەر وا دەبێ بەردەوام بم.