تیرێژ هەر چوار پارچەی كوردستان كۆ دەكاتەوە
هۆكاری تەكنیكی (لۆری جان)ی دواخست
سەرەتا سەبارەت بە دواكەوتنی بەرهەمی نوێی خۆی هونەرمەند تیرێژ ئورمی وتی: لۆری جان پڕۆژەی سێ ساڵ بەر لە ئێستایە، بەڵام لەبەر هۆكاری تەكنیكی دواكەوت، لەوانەش نەبوونی كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە هەر لە تۆماركردنی دەنگەوە تا ستۆدیۆ و مۆسیقا و ریكلام و بڵاوكردنەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بۆیە ناچار بووم ئەم بەرهەمە بە خەرجی تایبەتی خۆم ئامادە بكەم، دوای ئەوەی خەرجییەكی زۆرم كرد و بەرهەمەكەم تۆمار كردووە گرفتی دووەم كە هاتە سەر رێگەم بریتی بوو لە چۆنیەتی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكە، وەستاندنی بەشی بڵاوكردنەوەی بەرهەم لە كۆمپانیاكانی كۆرەك و چوارچرا گرفتێكی دیكەی بۆ من و زۆر لە هونەرمەندانی دیكەش دروستكرد، بەڵام دواتر بۆ بڵاوكردنەوەی رێكەوتم لەگەڵ ئارت كۆمپانی و بەرهەمەكەم لە باشوور و باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا و لە دەرەوەی كوردستان و رووسیاش بڵاو كرایەوە.
لە لۆری جان رازیم
سەبارەت بە بوونی جیاوازی لەنێوان ئەم بەرهەمە و كاری بەرهەمەكانی تری هونەرمەند تیریژ دەڵێ: ئەم بەرهەمە لە 12 تراك پێكهاتووە 10 یان بە كرمانجین و 2 یان بە شێوەزاری سۆرانین، هەموو ئاوازەكان و 9 هۆنراوەش هی خۆمە هۆنراوەیەك من و شەعبان سلێمان دامانناوە و دووانیان هۆنراوەی ئەكرەم ئەمین هەولێری و شاڵاو نەسرەدینە، لۆری جان دەرەنجامی بەرهەمی پێشووترمە بە ناوی (ئەز كیمە) كە لە رێگەی كۆمپانیای چوارچرا بڵاوكرایەوە، كە بۆ من چەند دەستكەوتێكی لەخۆ دەگرت لەوانە بیروبۆچوونی و تێڕوانین و تێبینییەكانی خەڵك بوو لەسەری، ئەمەش دەرگەی بۆ من واڵا كرد كە چۆن لە داهاتوودا كارێك ئەنجام بدەم باشتر بێت و بەپێی ویست و ئارەزووی ئەو كەسانە بێـت كە حەز لە دەنگی من دەكەن، یاخود لە ئاست خواستی خەڵك بێت بە گشتی، هەروەها هەوڵمداوە (لۆری جان) ببێتە بەرهەمێك لەسەر ئاستی كوردستان بە گشتی، بۆیە ناچاربووم بیر لە هەموو لایەنێك بكەمەوە و لەسەر چەند بابەتێكم دابەش كرد( نەتەوەیی، مرۆڤایەتی، ئازادی، ژیان، ئەڤینداری) كە لەنێو هەموو ئەمانەدا هەوڵمداوە بە دڵسۆزییەوە كار بكەم واتە گۆرانییەكە خزمەتێكی راست و دروستی هەموو ئەم بوارانە بكات بۆ ئەوەی جەماوەر حەز لە جەوهەری گۆرانییەكان بكات.
بۆ ئەوەی (لۆری جان) لە باكووری كوردستان سەركەوتوو بێت هەوڵمداوە رەنگدانەوەی ژیانی خەڵكی باكوور بێت، ئەویش لە گۆرانییەكانی (ئامەد، حەسكیف، گولێ) بە تەواوی هەستی پێدەكرێت، هەروەها بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵاتی كوردستانی سەركەوتوو بێت گۆرانییەكانی (ئورمیە، تو رۆژی) بەجۆرێكە كە ببێتە مایە سەرنجی دانیشتوانی ئەم پارچەیە، سەبارەت بە باشووریش دوو گۆرانی ئەلبوومی (لۆری جان) بە شێوەزاری سۆرانییە، هەروەها هەوڵمداوە لەو گۆرانییانە هەر لە تۆماركردنی دەنگ و ئەدای گۆرانییەكانیشدا بەشێوەیەك بێت كە بتوانین خزمەتێكی زاراوەی سۆرانی بكەم، ئەمە بە گشتی بناغەی داڕشتنی ئەلبوومی (لۆری جان) بوو، لەلایەكی دیكەوە هەوڵمدا (لۆری جان) لە ئەلبوومی (ئەز كیمە) پرۆفیشناڵ تر بێت، واتە رێكوپێكتر و ئەكادیمی تر بێت لە هەموویشی گرنگتر زانستی تر بێت لە بواری هونەری و مۆسیقا، جگە لەمە من سەركەوتن و پێشوازی كردنی جەماوەر لەم بەرهەمە لەو رەخنە و تێبینی و سەرنجانەوە دەبینم كە ئاراستەم دەكرێت و ئایا ئەو ئامانجە بەدەست دەهێنێت یان نا؟
بە گشتی من زۆر لەو بەرهەمە رازیم و لەو باوەڕەدام توانیومە سەركەوتوو بووم بە هەڵبژاردنی ئەو گۆرانیانە، هەروەها هۆنراوەكان بە فەلسەفەیەكی زۆر قوڵ نووسراونەتەوە كە خەڵك بە هزر و بیرێكی زانستی لە هۆنراوەكان بڕوانێت، من لەم بەرهەمە رازیم و هەست دەكەم شتێكی نوێ و تایبەتم پێشكەش كردووە، هیوادارم بتوانم بە كلیپ كردنی گۆرانییەكانی ئەم بەرهەمە و چەند كۆنسێرتێك زیاتر مەبەستی راستەقینەی خۆم لەم بەرهەمە رابگەیەنم و جەماوەری لێی ئاگادار بن.
لە داهاتوودا چاوەڕێی گۆرانی كلاسیك بن
دەربارەی ستایلی تایبەتی خۆی و سوود وەرگرتن لە هۆنراوە كلاسیكییەكان، تیریژ دەڵێ: زۆرجار ئەم پرسیارەم ئاراستە كراوە، من چەند شیعری كلاسیكی شاعیران(ئەحمەدی خانی، نالی، مەحوی، حاجی قادر، سەیدا جگەرخوێن) خوێندووەتەوە، بەڵام وەك گۆرانی نەموتووە، هیوادارم لە ئەلبوومەكانی داهاتوومدا شیعری ئەو شاعیرانەش شوێنیان هەبێت و لەبەر سەنگ و قورسایی ئەم شاعیر و شیعرە كلاسیكیانە گرنگییەكی زۆریان پێدەدەم.
كۆپی كردن تاوانە
سەبارەت بە كۆپی كردنی بەرهەمی هونەرمەندان بەتایبەتی كە هەندێك كەس پێیانوایە ئاساییە بەرهەم كۆپی بكرێت، هونەرمەند تیرێژ ئورمی دەڵێت: من بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو بیرۆكەیەم كە هەندێك كەس پێیانوایە ئاساییە كە سیدی كۆپی بكرێت، چونكە بەرهەم تەنیا مافی گۆرانیبێژ نییە، بەڵكو گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن و شاعیر و ئەندازیاری دەنگ، دابەشكردنی، دیزاینەری سیدی، فۆتۆگرافەر، بەرهەمهێنەر و میكسەر، ئەو كەسەی كە بڵاوی دەكاتەوە و شار بە شار و گوند بە گوند بۆ شوێنە دوورەكان دەیگوازێتەوە و چەندان كەسی دیكەش مافیان لە بەرهەمی هونەریدا هەیە، لە سەرووی هەموویشیان مافی ئەو هونەرمەندەی كە هەموو كاتی خۆی تەرخان كردووە بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی هونەری.
من داوا لە هەوادارانی هونەر و دەنگی خۆم دەكەم خۆیان لە كۆپی كردنی بەرهەمەكەی من بە دوور بگرن، بۆیە دەڵێم كۆپی كردن كارێكی نۆرماڵ نییە، بەڵكو بگرە جۆرێكە لە بەد رەوشتی بەرامبەر بە هونەر دەكرێت، لەوانەیە كەسانێك بیروبۆچوونی جیاوازیان هەبێت، بەڵام من دەڵێم با ئەو رۆژە بێت ئێمە لەسەر خاكی نیشتمانی خۆمان رێز لە ئەرك و ماندووبوونی خۆمان بگرین نەك تەنیا لە بورای گۆرانی، بەڵكو لە ئاواز و هۆنراوە و نووسین بۆ ئەوەی بتوانن ئەوانیش نوێنەرایەتی ئەم خاك و و ڵات و گەلە بكەن و بە جیهانی دەرەوەی بگەیەنن، چونكە ئەمانە هەموویان وەك زنجیرێكی نەپچڕاو بە یەكەوە بەستراون، ئەگەر ئێمە رێز لە هونەرمەند و زانا و شاعیر و ئەدیبانی خۆمان نەگرین، دڵنیام دووچاری هەڵەی زۆر زۆر گەورە دەبینەوە و ئەنجامەكەیشی باش نابێت.
لە كۆتاییشدا سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە یارمەتیدەری ماددی و مەعنەوی من بوون بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم بەرهەمە وەك بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری دهۆك و چەندین كەسی دیكە كە حەز ناكەن ناویان بهێنم.