عەدنان كەریم لە تەرازووی هەڵسەنگاندندا

عەدنان كەریم لە تەرازووی هەڵسەنگاندندا
عەدنان كەریم ناوێكی دیاری نێو گۆڕەپانی هونەری كوردییە، یەكێكە لەوانەی كە خۆی لە قەرەی كاری هونەری زۆر بەرز دەدات و لە رێگەی ئەو كارانەوە دوو چامەكەی نالی و سالم و سەردەمی زێڕینی بابانمان بۆ زیندوو دەكاتەوە تا دەگاتە بە خاڵە تاهیر تۆفیق، بۆ ئەم ژمارەیە بە پێویستمان زانی راو سەرنجی چەند كەسێكی شارەزا وەربگرین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی بابەتی هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ كارەكانی هونەرمەند عەدنان كەریم پێشكەش بە خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان بكەن.

ئا:رۆشنە



عەدنان كەریم سەركەوتووانە كارەكانی كردووە

سەرەتا مۆسیقار دڵشاد محەمەد سەعید دەربارەی هونەرمەند عەدنان كەریم دەڵێ: ئەوەی من هەستم پێ كردبێت هونەرمەند عەدنان هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەری و هاتنە نێو جیهانی گۆرانی و مۆسیقای كوردی هەوڵیداوە شتێكی نوێ لە هونەری كوردیدا بهێنێتە ئاراوە، كە دەڵێم شتی نوێ مەبەستم ئەوەیە شتێك كە شوێن پەنجەی خۆی پێوە دیار بێت و بەڕای من تا راددەیەكی زۆریش لەم كارەیدا سەركەوتوو بووە و ئەو كارانەی تا ئێستا ئەنجامیداون گەواهیدەری ئەم راستییەن و لە دڵەوە هیوای سەركەوتن و بەردەوامیی بۆ دەخوازم.

عەدنان كەریم گۆرانیبێژێكی شارەزایە لەمەقامدا

هونەرمەندی گەورە ناسر رەزازی دەڵێت: عەدنان كەریم گۆرانیبێژێكی باشە و لە مەقاماتدا شارەزایە و پیاوێكی بەڕێزە، بەڵام گرفتی گەورەی ئێمە ئەوەیە: لە كاری موزیك و گۆرانیی كوردیدا، هەڵسەنگێنەر و نرخێنەرمان نییە، فیلتەر و لیژنەمان نییە، پاشاگەردانییە و هەر كەس بۆ خۆیەتی. ئەو بەرهەمانەی كە عەدنان كەریم لەگەڵ كامكارەكاندا تۆماری كردوون، ئەمەی دواییان زۆرتر لە فارسییەوە نزیكە تا كوردی، پاشان من ئەو كارانە بە خۆماڵی نازانم زۆرتر بازاڕین. ئەگەر چوار ژەنیار و دوو گۆرانیبێژ دانیشن و ئەو بەرهەمە هەڵسەنگێنن درۆم نەكردووە كە: بەرهەمی پێشووتر لەم بەرهەمە باشتر بوو. ئێمە لە كوردستان میوزیك ژەنی باشمان هەیە پێویست ناكات بچینە توركیاو ئیران بۆ میوزیك ژەن.



عەدنان كەریم دەكەوێتە قاڵبی قوتابخانەی گۆرانی كوردی

هونەرمەند چەتۆ نەورۆز شارەزا لەبواری میوزیك دەڵێت: عدنان كەریم خزمەتێكی بەرچاوی هونەری كوردی كردووە، توانیویەتی ئەو فۆلكلۆرە كوردیە بپارێزێت و بەشێوەیەكی زۆر جوان تازەیان بكاتەوە، هەروەها ئامێرە كوردییەكان لەنێو بەرهەمەكانی بەكاربهێنێت، بەتایبەت لەنێو ئەو بەرهەمانەی كە لەگەڵ كامگاران ئەنجامیدا توانیویەتی مۆركی نەتەوەی كورد بپارێزێت و دوور بێت لە مۆسیقای دەرەوە، هەروەها لە هەڵبژاردنی ئاواز و تێكست زۆر شارەزایە. بۆیە دەتوانین بڵێین عەدنان كەریم دەكەوێتە قاڵبی قوتابخانەی گۆرانی كوردی، چونكە ناوەڕۆكی بەرهەمەكانی مۆركی كوردایەتیان پێوە دیارە.



ئەو هونەرمەندە لەسەرەتاوە سوودی لەئاوازی رەسەنی كوردی بینیووە

هونەرمەند وریا ئەحمەدیش دەربارەی عەدنان كەریم دەڵێ: عەدنانم كەریم خزمەتێكی بێوێنەی پێشكەش بە هونەری كوردی كردووە، لەبەر ئەوەی ئاوازی كوردی بەكارهێناوە، بۆ نموونە گۆرانی (چەهچەهی بولبوول) كاتێك وتویەتیەوە لە كۆتاییەوە مەقامەكەی “تاهیر تۆفیقی” لەگەڵ تێكەڵ كردووە هەروەها چەندین گۆرانی تر. واتا ئەو هونەرمەندە لەسەرەتاوە سوودی لەئاوازی رەسەنی كوردی بینیووە. گەر سەیر بكەی عەدنان كەریم لەچ ئاستێك دایە كە هونەرمەندەكانی تریش ئاوازی عەرەبی و توركی بەكاردەهێنن لەچ ئاستێكدان. هونەرمەندە كۆنەكان وەك حەسەن زیرەك و مەزهەریی خالقی ئەوانە بەقوتابخانەی هونەری كوردی دانراون ئەوانەی دوای ئەوانیش كە گۆرانیەكانیان دەڵێنەوەو سوود لە میوزیكی رەسەنی كوردی وەردەگرن و دەبنە قوتابخانە.

وریا ئەحمەد لەبارەی تێكستەكانی هونەرمەد عەدنان كەریم وتی: لەڕووی تێكست و زیاتر كلاسیك بەكاردەهێنێت، بەڵام كاتێك هی تازەش بەكار دێنێت دەزانێت چی دەڵێت. وەك(بتهۆڤن) كە بە خوای میوزیك ناو دەبرێت و دەڵێت “گۆرانیبێژی زیرەك ئەو گۆرانی بێژەیە كە بتوانێت تێكستی كلاسیكی نوێ هەڵبژێرێت بۆ گۆرانی، چونكە بەهۆی تێكستەكەیی ئاوازەكەی دەگاتە ئەو ئامانجەی كە هەیەتی.



عەدنان كەریم زۆر وەستایانە تێكستە كلاسیكییەكان هەڵدەبژێرێت

لە بارەی تێكستەكانی هونەرمەند عەدنان كەریم، شاعیر و تێكستنووس سامی ئەرگوشی وتی “هونەرمەند عەدنان كەریم لە هەموو لایەنەكانی گۆرانییەوە (دەنگ، وتن، ئاواز و هۆنراوە) تایبەتمەندی بەرچاوی هەیە، بەڵام هەڵبژاردنی هۆنراوەكانی یەكێك لەهەرە جوانترین، ناسكترین، دیارترین و بەرچاوترین تایبەتمەندیەكانییەتی. ئەو زۆر وەستایانە و لێزانانە هۆنراوە كلاسیكییەكان هەڵدەبژێرێت و بەشێوەیەك ئاوازیان بەبەردا دەكات و دەیانكاتە گۆرانی، كە پێموایە نە پێشتر كەس كردوویەتی نە لەمەو دواش كەسێكی دیكە بەو لێهاتوویی وەستایی و لێزانییەوە بتوانێت ئەو كلاسیكانە بكاتە گۆرانی بەجۆش و خرۆش. ئەم تێكستە كلاسیكانەكە بەوپەڕی جوانی و ناسكی و ڕەوانبێژییەوە نووسراون تا ئەو پەڕی و زۆر ئاشقانەو رۆمانسیانە دەربڕی هەست و سۆزوحەز و خۆزگە پەنهانییەكانی ناخی ئاشقە مەزنەكانن و وێنە تابلۆی بێسنوور سۆفیانەی تیادایە، تا ئێستا تەنیا عەدنان كەریم توانیویەتی ئەو دوڕ و گەوهەرانە لە تاریكی بیرچوونەوەی ئەم رۆژگارە جەنجاڵە بێنێتە دەرەوە و بە دەنگ و ئاوازە خۆشەكانی بیانكات بە بەسۆزترین گۆرانی بەگوێی ئێمەدا. هەندێ شت هەن دووبارە نابنەوە، ئەو كارەی ئەو كردوویەتی، پێموانییە كەسێكی دیكە بتوانێت وەك ئەو بیكات، ئەم شێوازەی عەدنان كەریم هەیەتی دووبارە نابێتەوە! ئەو دێت و هۆنراوەیەكی كلاسیك كە بە هیچ پێوەرێك بۆ گۆرانی ناشێت لە كۆنەوە بۆ گۆرانی نەنووسراوە، دەكاتە جوانترین گۆرانی. هەڵبەتە ئەم هونەرە بە هەموو كەسێك ناكرێت، هەر ئەمەش نهێنی سەركەوتن و پایە بەرزی عەدنان كەریمە لە جیهانی گۆرانی وتن دا.



ستایلەكانی عەدنان كەریم سەرنجڕاكێشە لای خەڵك

رۆژنامەنووس لەبواری هونەری عبدولغەفار عەبدوڵڵا دەڵێت: عەدنان كەریم خاوەن سەلیقەیەكی جوانە لە كارە هونەرییەكانیدا. گەر هەڵە نەبم نزیكەی 25 ساڵە ساڵ بەساڵ هەوڵیداوە كارێكی جوان بكات، هەروەها ئەو ستایلەی زۆرجوانە و سەرنجڕاكێشە لەلایەن خەڵكی كوردستان. جگە لەوانەش عەدنان كەریم لەڕووی مۆسیقاو دەنگەوە زۆر باشە كە لەكۆنسێرتەكان ئەم راستییە بەدیار دەكەوێت.



عەدنان كەریم لەرووی هونەرییەوە لە لوتكەدایە

كاروان زامداری مونتێر یەكێكە لەو كەسانەی كە زۆر شەیدای دەنگی عەدنان كەریمە، ئەویش وتی” كەسایەتییەك وەك عەدنان كەریم زەحمەتە بە چەند دێرێك باسی بكەم، ئەگەر بڵێم هونەرێكی سەركەتووە هێشتا كەمە، چونكە لە لوتكەی بەرزترین چیاكانە لە جیهان تا بڵێی دەنگی چێژێكی تایبەتیت پێی دەدات و لەگەڵ هۆنراوە و موزیك دەتباتە دنیایەك كە پڕ لە هەست و جوانی و پاكی هونەری رەسەنی كوردیە. موزیكی كوردی لەلای ئەم هونەرمەند نەدۆڕاوە و بەردەوام هەوڵی بۆ دەدات بە كوردایەتی خۆی بمێنێت، ئەوەش لەوە رەنگ دەداتەوە كە كەسایەتی خۆی نەدۆڕاندوە و ملكەچ نەبووە بۆ هەر شتێك كە هونەرەكەی لەناو ببات و ببیتە گیرۆدەی كەسێك یان كەسانێك. هونەر ناكات بۆ گیرفان پڕكردنەوە، بەڵكو هونەر دەبەخشێت بە هونەر كە ئەوەش جوانترین سیفاتی هونەرمەندە.



رێژەیەكی زۆر سیدی ئۆرگیناڵ فرۆشرا

سیروان قادر كەیم لەناوەندی ئارۆ دەڵێت: من ماوەیەكە بەرهەمی هونەرمەندان چاپ دەكەم، عەدنان كەریم یەكێك بوو لەهونەرمەندانەی كە ئەلبومەكەی لەهەموویان زیاتر فرۆشرا. ئەوەی ئاگادار بووین بەشێوەیەكی زۆر كۆپیش كرا، بەڵام رێژەیەكی زۆر لەسیدی ئۆرگیناڵ فرۆشرا.







لینكی پەیوەندی دار:

-بۆ بینینی دیمانەی تایبەتی گوڵان لەگەڵ عەدنان كەریمكلیك بكە

-بۆ بینینی ئەلبومی وێنەكانی عەدنان كەریملێرە كلیك بكە
Top