بورهان موفتی زادە: دەنگی من دەنگی هونەرمەندانە
بورهان موفتی دەڵێت «هیچ كاتێك بێدەنگ نیم لەكاری هونەری تازە، ئەو ماوەیەی كە بێدەنگم هونەرمەندەكان بێدەنگن. دەنا من كاری تازەم هەیە، بەڵام دەنگی من دەنگی هونەرمەندەكانە. ئێستاش پێنج (تراك) هی منە لەبەرهەمەكەی چۆپی كە ئێستا خەریكیەتی».
كۆمەڵێك كۆسپ و تەگەرەم هاتە پێش
بورهان، لەبارەی هاتنەوەی ئەمجارەی بۆكوردستان وتی «هاتنەوەی ئەمجارەم تایبەت بوو بەوەی كە پێوەندی بەچەند هونەرمەندێك بكەم و هەروەها كۆمەڵێك پڕۆژە ئەنجام بدەم، یەكێك لەو پڕۆژانە تایبەت بوو بەخۆم كە نزیكەی (100) ئاوازم دانابوو بێمەوە لەگەڵ كۆمەڵێك تێكست نووس قسەبكەم بۆئەوەی تێكستیان بۆ بنووسێت، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك كۆسپ و تەگەرم هاتەپێش نەمتوانی ئەنجامیان بدەم. ئەوەی بیرم لێدەكردەوە نەمتوانی جێبەجێ بكەم. ئێستا پڕۆژەی مۆسیقای نەورۆزم كە دەمێكە ئامادەكراوە، بەڵام تاكو ئێستا دەنگی نەخراوەتە سەر، ئەمەش هێشتا ماوەتەوە، بەڵام كاری هەر بۆ دەكەین».
دەكرێت پێش تێكست ئاواز دابنرێت
هونەرمەند بورهان موفتی دەڵێت «ئاساییە پێش ئەوەی تێكست بنووسرێت ئاواز دابنرێت ئینجا تێكست بنووسرێت، بەڵام بەمەرجێك ئەو تێكستەی دەنووسرێت لەقاڵبی ئاوازەكە دەرنەچێت.
حەزەكەم تێكستەكانم وەك گۆرانی بێت
بورهان، وەك باسی دەكات و دەڵێت «حەزناكەم ئاوازەكانم بەتەنیا بێت. واتا تێكستی لەسەرنەبێت، حەزدەكەم تێكستەكانم وەك و گۆرانی بێت و بیدەم بەگۆرانی بێژان.
چۆپی لەبەرهەمی «كریستاڵ» سەركەوتوو نەبوو
بورهان موفتی لەبارەی بەرهەمی «كریستاڵ»ی چۆپی وتی «چۆپی لەم بەرهەمە سەركەوتنی باشی بەدەست نەهێنا، بەڵام دەتوانێت كاری جوان بكات و وەڵامی خەڵك بداتەوە، چونكە كەسێكی بەتوانایە.
هیچ كاتێك لەگەڵ ئەوە دانیم هیچ بەرهەمێكی تەواو بۆهونەرمەندێك بكەم
بورهان سەبارەت بەوە بۆچی هیچ بەرهەمێك بەتەواوی بۆ هونەرمەندێك ئامادەناكەی وتی «تەنیا بۆ شەهێن تاڵەبانی سێ بەرهەمم كرد، لەوسێ بەرهەمە لەوانەیە دوو تڕاك هی من نەبوو، بۆیە ئەم بەرهەمانەم بۆخاتوو شەهێن كرد، چونكە ئەو ماوەیەكی زۆر بوو لەكاری هونەری دابڕابوو ئەو ویستی بەرهەمێكی باش بكات. بۆیە ئەو سێ بەرهەمەم كرد. هیچ كاتێك لەگەڵ ئەوەدا نیم بەرهەمێكی تەواو بۆهیچ هونەرمەندێك بكەم، چونكە ئەمە كارێكی باش نییە. شتەكە زۆر دووبارە دەبێت و باشیش نییە.
من لەیلا فەریقیم دروست نەكرد
بورهان موفتی سەبارەت بەوەی گوایە لەیلا فەریقی بورهان موفتی دروستی كردووە لەم بارەیەوە وتی «نەخێر وانییە، لەیلا كەسێكی بەتوانایە و پێش ئەوەی من ئاوازی بۆدابنێم توانی خۆی بناسێنێت بەخەڵك. راستە لەبەرهەمی دووەمی من ئاوازم بۆدانا كەسەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا.
هونەرمەندە ئافرەتەكان زیاتر داوام لێدەكەن كاریان بۆبكەم نەك پیاوەكان
هونەمەند بورهان وتی «هونەرمەندە ئافرەتەكان زیاتر داوام لێدەكەن كاریان بۆبكەم نەك هونەرمەندە پیاوەكان، بۆیە زیاتر كار بۆهونەرمەندی ئافرەت دەكەم. ئێستاش خەریكم كار بۆهونەرمەندان «تارا رەسول و ئاڤان جەمال و هانی بكەم.