هونەرمەند ماجد بەكر: شانۆی ساڵانی هەشتاكان باشتر بوو

هونەرمەند ماجد بەكر: شانۆی ساڵانی هەشتاكان باشتر بوو
هونەرمەندی شانۆكار ماجد بەكر ئەیوب یەكێكە لەو ئەكتەرانەی كە لەساڵی 1980ی سەدەی رابردوو هاتۆتە ناو جیهانی شانۆ و توانیوویەتی جێی پەنجەی دیار بێت و بەشداری لەچەندین شانۆ و دراما و زنجیرە درماكان بەشێوەیەكی سەركەوتوو بكات، ئەو شانۆكارە ساڵی 1966 لەشاری هەولێر لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی تاكو پەیمانگای كارگێڕی و یاسا تەواو كردووە، لەپاش تەمەنێك خزمەت بۆ دووەمین جار دەبێتەوە قوتابی لەبەشی شانۆی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەلاحەددین و بەسەركەوتوویی ئەو بەشە تەواو دەكات و لەئێستاشدا بەردەوامە لەخزمەتكردن.
لە چاوپێكەوتنێكی كورتدا سەرەتا لەو هونەرمەندەمان پرسی یەكەم كاری هونەریت چی بوو وەساڵی چەند بوو، بەڕێزیان وتی: لە ساڵی 1980 هاتمە ناو دنیای هونەر، بەڵام لەساڵی 1982 شانۆگەری (لاس و غەزال) بووە نۆبەرەی كارە هونەرییەكانم لەدەرهێنانی (مامۆستا سەباح عبدولڕەحمان) بوو، تا ئێستا بەشداریم لە كۆمەڵێك شانۆگەری و دراما و زنجیرە درامای تیڤی كردووە.
بەڕێزیان باسی لەهاندەر و كاریگەری كرد كە كێ هاندەری سەرەكی بووە بۆ ناو جیهانی شانۆی كوردی و وتی: هاندەری سەرەكیم ئەو حەز و ئارەزووانە بوون كە لەناخمدا رۆژبەڕۆژ گەورە دەبوون، هەر ئەوان بوون منیان كرد بەئەكتەر.
ئەو هونەرمەندە لەپاش تەواوكردنی پەیمانگا و تەمەنێك لەخزمەتی هونەری شانۆ جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەشی شانۆی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەلاحەددین، لەكۆی (36) قوتابی پلەی پێنجەم بەدەست دەهێنێت و بڕوانامەی بكالۆریۆس بەدەست دێنێت.
هونەرمەند ماجد بەكر دەڵێ: سەرەڕای ئەوەی بەشداری لەچەندین دراماو شانۆ كردووە وەك ئەكتەر، وەك دەرهێنەریش دوو شانۆگەری دەرهێناوە یەكەمیان: شانۆگەری (زیانەكانی تووتن) لەنووسینی چیخۆف كە مۆنۆ دراما بوو لەتەك كاری دەرهێنان هەر خۆشم رۆڵەكەم بینی لە ساڵی 2008 بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆ لەسەر تەختەی شانۆی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی هەولێر نمایشكرا.
دووەمیشیان: شانۆگەری (ماندووكراو)ی چیخۆف بوو، كە خۆم ئەو دەقەم لەزمانی عەرەبی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی لە ساڵی 2010 لەوەرزی هەولێری شانۆیی لەسەر تەختەی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر بۆ ماوەی دوو رۆژ نمایشكرا.
من و هونەرمەند تەها ئاغاجان رۆڵمان تێدا بینی، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو شانۆگەریە بۆ یەكەم جارە لەسەر ئاستی كوردستان لەسەر تەختەی شانۆ نمایش بكرێت و كاری دەرهێنانی بۆ بكرێت.
ماجد بەكر باسی لەجیاوازی شانۆ كرد لەنێوان ئێستاو ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەڕووی بیرۆكە و تێكست و نواندنی ئەكتەرەكانەوە و وتی: بێگومان ساڵانی هەشتاكان باشتر بوو، ئەوە نكۆڵی لێ ناكرێت ئەوە بۆچوونی زۆرێك لەهونەرمەندانە، چونكە لەو سەردەمە دەرهێنەر زۆر زیرەكانە ئەو دەقەی هەڵدەبژارد كە خزمەت بەشانۆی كورد و كێشەی میللەتەكەمان دەكرد، هونەرمەندیش ئەوكات یەك بیروباوەڕ بوو خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و دڵسۆزی لەنێوانیاندا هەبوو كەئێستا بەدەگمەن ئەو خۆشەویستییە ماوە، كەواتە لەو سەردەمەدا هەر كارێكی شانۆیی یان TV دەكرا هەر هەمووی سەركەوتوو دەبوو لەلایەن جەماوەرەوە بەرز دەنرخێندرا و پێشوازی لێدەكرد.
ئەو هونەرمەندە باس لەجیاوازی نێوان ئەكتەری خۆڕسك و ئەكتەری ئەكادیمی دەكات و دەڵێت: بەڕای من هەردووكیان پێویستن، چونكە ئەو هونەرمەندەی هەڵگری بڕوانامەی هونەرییە، بمانەوێ و نەمانەوێ ئەزمووندارە و شارەزایە لە هەموو بوارەكانی هونەری وەك مێژووی هونەر و موزیك و مكیاج و..تاد، ئەوانەش زۆر گرنگن بۆ كاروبەرهەمێكی هونەری.
بۆیە دەڵێم بڕوانامەی هونەری بۆ هونەرمەند لەپێویست پێویست ترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك هونەرمەندی خۆڕسك هەیە هەر لە سەرەتاوە بەهرەیەكی گەورە و ئارەزوویەكی بەتینی هەیە، خاوەنی هیچ بڕوانامەیەكی هونەری نییە زۆریش سەركەوتووە، خۆزگە هەموو هونەرمەندێك لەگەڵ بەهرەكەیەوە بڕوانامەیەكی هونەری هەبووایە.
Top