نیگار بەكر: دەمەوێت خەمەكانی ئافرەت لە ڕێگای هونەرەوە چارەسەر بكەم

نیگار بەكر: دەمەوێت خەمەكانی ئافرەت لە ڕێگای هونەرەوە چارەسەر بكەم
دەبیت هەمیشە رۆڵی ئافرەتی كورد لەیاد نەكەین لە هەر پێشكەوتن و گۆڕانكارییەك كە لەكومەڵگەی ئێمەدا دەكرێت. دیارە هونەریش خۆی بۆ خۆی لایەنێكی گرنگی پێشكەوتنەكانی وڵاتە و زۆرن ئەو ئافرەتانەی بە نەفەسێكی درێژەوە دەیانەوێت خزمەتی وڵات و هونەرەكەیان بكەن. هونەرمەند نیگار بەكر-یش یەكێكە لەو ئافرەتانەی دەیەوێت لە رێگەی هونەرەكەیەوە خزمەتی بەرەو پێشبردنی وڵاتەكەی بكات، یەكەم بەشداری ئەو لەكاری هونەریدا بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە كە بەشداری كردن بوو لە درامای وەستا جومعە. لە دیمانەیەكی تایبەتی گۆڤاری گوڵان بەمشێوەیە هاتە ئاخاوتن.
دیمانە : سۆران مارف
* تۆ دەرچووی پەیمانگای تەكنیكیت بۆچی ئەو بوارەی تۆ كاری تێدا دەكەیت كە بواری هونەرە هەوڵت نەدا لە رێگەی پەیمانگای هونەرە جوانەكان یان كۆلیژی هونەر پەرە بە ئاستی هونەریت بدەیت لەرووی زانستیەوە؟
- راستە ئارەزووم خوێندنی پەیمانگای هونەرە جوانەكان بوو، بەڵام ئەو دەرفەتە بۆ من نەبوو، رەنگە بۆ ئەو كەسانە بێت كەوا تەواویان كردووە و هەر بەلای كاری هونەریدا ناچن، ناچار بووم پەیمانگای تەكنیكی تەواو بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا كۆڵم نەدا لە ئارەزووی خۆم و بەڵێنمدا تاسەر خزمەتی كاری هونەری بكەم و وازم لەو حەزە نەهێنا كە لەناخمدا هەبوو، لێرەوە دەڵێم هیوام وایە سیستەمی خوێندن بەرەو باشی بڕوات و پەیمانگای هونەرەجوانەكان تایبەت بێت بەو كەسانەی كەوا بەهرەمەندن لە بواری هونەری.
* زۆرجار ئافرەتان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كەوا لە سەرەتای كاری هونەرییاندا تووشی بەربەست هاتوون، تۆش رووبەڕووی ئەم گرفتە بوویتەوە؟
- بەدڵنیاییەوە زۆر كەس تووشی ئەو حاڵەتە دەبێت بە تایبەتی ئافرەت لە كومەڵگەی ئێمەدا، من لە رووی خێزانییەوە هیچ گرفتێكم نەبوو و زۆر هاوكاریشم هەبوو، بەڵام لە دەرەوەی خێزان قسە هەبووە تاوەكو من سارد ببمەوە بۆ ئەوەی لە هونەر دوور بكەومەوە، ئەو دەمەی من دەستم بە كاری هونەری كرد، ئەسڵەن هەندێك باوك پێی گوناهـ بوو كچەكەی لەماڵ بچێتە دەرەوە، نەوەك بەشداری كاری هونەری بكات.
* ئەی ئێستا تاچەند هەست بە كەمبوونەوەی گرفتەكانی بەردەم ئافرەتان دەكەیت؟ ئایا هەست دەكەیت ئافرەتی كورد شانبەشانی پیاو رۆڵی هەبێت لە خزمەتكردنی هونەردا؟
-بە دڵنیاییەوە ئێستا ئافرەت رۆڵێكی ئیجابی هەیە لەبواری هونەری نواندندا و زەمینەیەكی لەبار هاتۆتە ئاراوە. هیوام وایە ئەو ئافرەتانەش كەوا حەزیان بە كاری هونەرییە، بەڵام نەیانتوانیوە كار بكەن، جەریئانە خزمەتی هونەری نواندن بكەن.
* پێتوایە هەوڵی جددیت داوە بۆ خزمەتكردنی هونەر و تاچەند لەكارەكانی خۆت رازیت؟
-هەر كارێك پێش ئەوەی هەنگاوم بۆی نابێت هەوڵمداوە لەكارەكانی پێشووترم باشتر بێت و كارەكانم یەك دوای یەك كاری جددی و باشتر بێت و بینەریش وەڵامی ئەوەی لایە تاچەند هەوڵەكانی من جددین.
* هەوڵتداوە ئەوەی بەرجەستەی دەكەیت بەشێك بێت لە ئازارەكانی ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا؟
- بە بەردهوامی هەوڵمداوە رۆڵی ئەو كارەكتەرە ببینم كە لەگەڵ ژیانی زۆرینەی كچانی ئەم وڵاتە هاوتایە. بڕواننە ئەو ئافرەتانەی كە رۆژانە خۆیان دەسووتێنن كەسیش بەخەمیانەوە نایەت، كاتێك كە لەنێو درامای جومعەدا رۆڵی (سەمیرە)م دەبینی بەشێك لەژیانی ئەو كچانەم دەرخست كە بەزۆر چارەنووسی هاوسەرییان بۆ دیاری دەكرێت.
لە رابردوودا ئافرەتی ئێمە چەوساوە بووە و بواریان بۆ نەرەخساوە، بۆیە ویستومە ئازارەكانی ئافرەت بكەمە بەشێكی گرنگ لە هەنگاوەكانم بۆ ئەوەی لە ریگهی هونەرەوە گرفتەكان چارەسەر بكرێن.
* هەندێكجار كچە هونەرمەندەكانمان باسی ئەوە دەكەن كەوا لەلایەن كەسانێكەوە تووشی توانج و قسەی ناشایستە بوونەتەوە، ئایا تۆش هەمان گرفتت بۆ دروست بووە؟
- بە دڵنیاییەوە زۆربەی هونەرمەندان تووشی ئەو پلار و توانجانە بووینەتەوە كە كەسانێكن هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن، هونەرمەند بەموڵكی خۆیان نازانن لەكاتێكدا هونەرمەند نوێنەری راستەقینەی خەمەكانی هەموو كۆمەڵە بەبێ جیاوازی. لەبەرامبەر ئەوەشدا كەسانێكی زۆر هەن كە بە خۆشەویستییەوە سەیرت دەكەن و ناوت دەبەن كە بەرای من ئەم جۆرەیان زیاتر هانت دەدەن خزمەتی زیاتریان بكەیت، نەك ئەو جۆرە كەسانەی كە هێشتا لەوە نەگەیشتوون كە هونەر پەیامێكی پیرۆزەو دەبێت رێزی لێبنرێت.
*دوایین كاری تۆ بەشداری كردن بوو لە فیلمی ئەو رۆژەی بابە نوئێل گریا، بەشداری كردنی تۆ لەو فیلمە چۆن بوو و تا چەند لە ئەدای خۆت لە فیلمەكە رازی بوویت؟
-لە راستیدا دەبێت هەمیشە ئێمە كارەساتی هەڵەبجە لەیاد نەكەین و هەمیشە ئەو رۆژە سەختانە بەبیر خۆمان بهێنینەوە، منیش حەزم كرد بە كارێكی هونەری خزمەتێك بە خەڵكی ئەو شارە بكەم و بەشداری كرنیشم لەو روانگەیەوە بوو، كارێكی جوان بۆ هەڵەبجە كرا. زۆر خۆشحاڵ بووم بە بەشداری كردنی كارەكە، زۆر كاری هونەریم بینیوە بۆ هەڵەبجە كراوە، بەڵام ئەوە تاكە كارێكە كەمن زۆر لێی رازی بووم . بۆ رۆڵی منیش ئەوە بینەرە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە. لە فیلمی ئەو رۆژەی بابەنوئێل گریا، رۆڵی ژنە پێشمەرگەیەك دەبینم كە لەكاتی كارەساتی هەڵەبجەدا لەگەڵ منداڵەكەیدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام لەرێگەی فلاش باگەوە هەمیشە دێمەوە خەیاڵی یادەوەری پێشمەرگەكە كە هاوكات پاڵەوانی فلیمەكەیە و بەهۆی كارەساتەكەوە تووشی نەخۆشی دەروونی هاتووە، ئەمە هێڵی گشتی كارەكە بوو كەلەگەڵ چەند هێڵێكی تردا كاك رەحیمی زەبیحی بەشێوازێكی سەرنجڕاكێش بەیەكەوەی گرێدابوو.
سەبارەت بە ئەدای من لەفیلمەكەدا ئەوە دەرهێنەر دەتوانێت حوكمی ئەوە بدات، كە ئایا لەماوەی نواندنمدا توانیومە جێگەی رەزامەندی بم یان نا.
لەگەڵ ئەمانەشدا دەمەوێت بڵێم بەئەركی خۆمم زانی كە لەفیلمێكی وەهادا لەسەر كارەساتی هەڵەبجە رۆڵ ببینم، چونكە هەڵەبجە ناسنامەی نەتەوەیەكی زوڵم لێكراوەو منیش ئەندامێكی ئەو نەتەوەیەم.
* داوات لێنەكراوە بەشداری درامای گەردەلوول بكەیت؟
-بێگومان چەند جارێكیش داوام لێكراوە، بەڵام بۆم نەرەخساوە بەشداری بكەم تا ئێستا بڕیاری كار كردنم نەداوە لە گەردەلوولدا.
* كێبڕكێیەك لەنێوان هونەرمەنداندا هەیە تۆ چۆن ئەو ململانێیە لێك دەدەیتەوە؟
-ئەگەر ململانێیەكە لەسەر بنەمای خزمەتكردن بەكاری هونەری بێت، ئەوە كارێكی باشە، بەڵام بە پێچەوانەوە پێموایە كارێكی خراپە و دەبێت هەموو هەوڵەكان بۆ خزمەتكردن و بەرەو پێشبردنی هونەر بێت. پێموایە زۆرمان ماوە بڵێین درامای كوردی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی پێویست بە پێشبركێ نەكات، بەڵام وەكو ئاماژەم بۆ كرد كێبڕكێكە لەسەر بنەمای خزمەتكردنی دنیای هونەری بێت.
* پڕۆژە و بەرنامەی هونەریتان چییە لە داهاتوودا؟
- سەرقاڵی گفتووگۆكردنم لەگەڵ دەرهێنەر (رەحیمی زەبیحی) بەنیازی ئەوەی بەشداری بكەم لەدرامایەكدا كە سینارێۆكەی بۆ نووسیوەو كاری دەرهێنانیشی بۆ ئەنجام دەدات.
Top