یاسین بەرزنجی: ئەوەندەی بەهرەمەندین لە بواری شانۆدا ئەوەندە ئەكادیمی نین
دیمانە: سۆزان عەلی
* هەر شتێك سەرەتای هەیە، سەرەتای كاری هونەریت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
- دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاكان، بەهۆی كاریگەری چەند هاوڕێیەكی هونەرمەندم بوومە ئەكتەر. یەكەمین نواندنم لە هۆڵی بەناوبانگی سلێمانی كە هۆڵی سانەوی كوڕان بوو لەوێ سەرنجی بابەتە شانۆییەكانم دەدا و تا ناوەڕاستی حەفتاكان شانۆ لای من گەمەیەك بوو بۆ خۆ خاڵی كردنەوەم. هەرلەو مێژووەوە شانۆ لای من بوو بە پەیامێك. شانۆ وێڕای ئەوەی چالاكییەكی هونەریە، پەیامێكی ئینسانی و كۆمەڵایەتی مەزنە، هەر لەوێوە ئاشنا بووم بە چەندین سیناریۆی ناوازە و چەندین ئەكتەری بەناوبانگی ئەوكات كە زۆربەیان تائێستاش لە سەر پانتایی هونەری شانۆ ماون، هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی تا ئێستا بەردەوام بم. شانۆ و هونەر بەگشتی بووەتە هێزێكی ئەفسوناوی كە تا ئێستاش پەلكێشی كردوم بۆ ناو خۆی. هەر لەو كاتەشەوە ئاشنا بووم بەكاری تەلەفزیۆنی، ئەوكات كەناڵی رەش و سپی كەركوك هەبوو بەرهەمە هونەرییەكانی تێدا تۆماردەكرا. ئەوكات هەستم كرد شانۆ زۆربەی ژیانی منی داگیركردووە و ناتوانم لێی جیاببمەوە.
* چۆن توانیوتە تایبەتمەندییەكانی نواندنی شانۆ و دراما لەیەكتر جیا بكەیتەوە؟
- زۆربەی زۆری شانۆكارانی ئێمە خوێندنەوەی باشیان بۆ شانۆ هەبووە، لای ئێمە پسپۆری نەبووە. هەر بۆیە ئەو ئەكتەرەی لە شانۆدا بەشدار دەبێت دیسان لە دراما و سینەماش بەشدار دەبێت، بەڵام ئەوەی چارەنووسی ئەكتەر دەستنیشان دەكات، تواناو بەهرەی ئەكتەر خۆیەتی. كەرەستەكانی نواندنی ئەكتەر خۆیەتی وەك جەستە و دەنگ و بەكارهێنانی كەرەستەكانی نواندن بەگشتی و كارە هونەرییەكان بەیەكەوە بەستراون هەموویان سەرچاوەكانیان هونەرە.
ئێمە ئەوەندەی بەهرەمەندین لە بواری شانۆدا، ئەوەندە ئەكادیمی نین. ئەكتەری كورد زیاتر ئەزموونی لە بواری شانۆدا هەیە، پێموایە كاریگەری هونەری نواندنیش لەسەر شانۆیە بە پلەی یەكەم، چونكە بەرامبەر بە جەماوەرێكی زیندووی. جەماوەرێك لێوان لێوە لەسەرنجدان و تێڕوانین، هەربۆیە كە پیشەی ئەكتەریم هەڵبژارد یەكەمین جار بڕیارم دا لەبواری شانۆدا بەشدارببم. ئەگەر روشیان لێنابێتم بۆ كارێكی درامایی، ئەگەر سیناریۆ و ستافەكەی پەسەند بووبێت لەلام، ئەوا كردومە. لای ئێمە پەیامی هونەرە درامیەكان پەیامێكی هاوبەشە، گرنگ ئەوەیە چی پێشكەشی جەماوەر بكەین و ئێمەش چۆن ئەو رۆڵە دەگێڕین كە پێمان دراوە. ئەمە خاڵی گرنگ و وەرچەرخانی كارەكتەرێكە.
* تۆ لە رۆڵە كۆمیدی و تراژیدیەكان رۆڵ دەبینیت و سەركەوتوویشی تێیدا، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- هیوادارم توانیبێتم ئەو رۆڵانە وەك خۆی بگێڕم. بڕوام بەوە نییە كە ئەكتەر یەك جۆر رۆڵ بگێڕێت، بەڵكو پێویستە هەموو تواناكانی خۆی بخاتەگەڕ لەپێناو وەرگرتنی هەموو جۆرە كارەكتەرێك، گرنگ ئەوەیە تۆ هەر رۆڵێكی شانۆیی دەگێڕیت. بتوانی لای خۆتەوە سەرنج و توێژینەوەی رەهەندەكانی ئەوكارەكەتەرە بخوێنیتەوە. لە نێو پانتای ئەو شانۆیە نابێت دەق بەستووبیت بەیەك رۆڵەوە، خۆشبەختانە ئەو دەرهێنەرانەی كە لەگەڵ من ئیشیان كردووە رۆڵی جیاوازیان بۆ داناوم. لای من گرنگ ئەوەیە بتوانی لەگەڵ زەمەن و كاتدا خۆمان بگۆڕین و برەو و پێشكەوتن بە خۆمان بدەین، بۆنموونە زۆر ئەكتەرمان هەبووە لە زەمانی خۆیدا لەسەر شانۆ ئەستێرەی ئەو زەمانی خۆی بووە، بەڵام ئێستا كە دەیانبینیت لەسەر شاشەی بچووكی تەلەفزیۆن یاخود سینەما حەسرەت هەڵدەكێشیت، بەڕای من ئەگەر ئەكتەر نەیتوانی رابردووی خۆی تێپەڕێنێت باشترە راوەستێت. ئەگەر نەیتوانی بە ستایلی نوێوە خۆی نمایش بكات، نەیكات باشە. رێگە بدەن بەوانەی كە پێگەیشتوون. پێویستە ئەكتەر لەگەڵ هەر نمایشێكی نوێ مێژوویەكی نوێ بۆخۆی تۆمار بكات. ئەكتەر دەبێت نواندنی تازە پێشكەش بكات، پێویستە كارەكان لە دایكبووی زەمەنی ئێستا بێت.
* گەشەنەكردن و پێش نەكەوتنی شانۆ و دراما لە وڵاتی ئێمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- هۆكاری گەشەنەكردنی شانۆ و دراما زۆرن. هیچ بیانویەكمان نییە بەدەستەوە كە بڵێین ناتوانین رابردوو تێپەڕێنین. فاكتەری دروستكردنی ئەو قەیرانە خودی هونەرمەند بۆ خۆیەتی، ئێمەی هونەرمەندان كەم پەرە بەتواناكانی خۆمان دەدەین. كەممان پەرە بە دنیابینی دەدەن، كەممان ئاگامان لەگۆڕانكارییەكانی دنیا هەیە. هەربۆیە كەرەستەكانی ئەفراندنمان لە بەردەستدا نییە. تا هەنگاو بەرەو ئەفراندن بدەین، لەلایەكی تریش پێوەندی بەجەماوەرەوە هەیە، جەماوەریش ئێستا بە گشتی سەیری هۆیەكانی تری راگەیاندن دەكات. ئەوەی ئێستا سەردانی هۆڵەكانی شانۆ دەكات، تەنیا نوخبەیەكی دیاریكراوە. لەلایەكی ترەوە هۆیەكی تر نەبوونی رەخنەی جددی و حیوارو قسەی جددی لەسەر خوێندنەوەی كاری هونەری. هەموومان لەو رۆڵە مەزنەی هونەر تێنەگەیشتووین لەسەر كاریگەری كاری هونەری لەسەر گۆڕانی كۆمەڵایەتی، لای من هونەری باڵا كەمتر نییە لەبزووتنەوەیەكی سیاسی، خودی هونەر بۆخۆی ریفۆرم لەگەڵ خۆیدا دێنێ، ریفۆرم لەئاكار و هەڵسوكەوتی جەماوەر، وەرگرتنی جوانییەكان لای جەماوەری وەرگر لەزۆربەی گۆڕانكارییەكانی تر بۆیە ئێمە ئەو هونەرە باڵایەمان نییە تابتوانی ئەو گۆڕانكاریانە دروست بكات. هونەر بۆخۆی فاكتەری وەرچەرخانە لەسەر كۆمەڵگە.
* هەندێك باس لە ژیانی كۆمەڵایەتی خۆتمان بۆ بكە؟
-لەساڵی 1981 ژیانی هاوسەریم دروست كردووە، تائێستا بەردەوام پێكەوە دەژین، هاوسەرەكەم ناوی (سوهام)ە لەگەڵ تیپی نواندنی سالار كاری شانۆیی كردووە، لەگەڵ هونەرمەند حوسێن میسریش كاری درامای كردووە، وەك ئەكتەر هاوكارمان بووە، پیشەكەشمان لەیەكەوە نزیكە، بەرپرسی كتێبخانەیەكی قوتابخانەیە، ماوەی چەند ساڵێكە لەسەر ئاستی پارێزگا خەڵات وەردەگری. سێ منداڵم هەیە هەر سێكەیان بەشداری ئەكتەرییان كردووە ناویان (ڕاستی، رەوەز، شانۆ)یە، بەڵام رەوەزی كوڕم تائێستاش بەردەوامە لەكاری هونەری و خوێندكاری كۆلیژی هونەرە بەشی موزیك. هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.