فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی "تۆرێنتۆ" وه‌رگیرا

فیلمی سینه‌مایی
فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" له‌ ده‌رهێنانی "ئیبراهیم سه‌عیدی" كه‌ به‌رهه‌می وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ به‌شی "كه‌شف" له‌ سی و پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "تۆرێنتۆ" له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا وه‌رگیرا. ئه‌م به‌شه‌ له‌ فیستیڤاڵی "تۆرێنتۆ" به‌و فیلمانه‌ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ خوڵقاندنێكی تازه‌یان تێدابێت.
به‌ پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" له‌ تاران، 35مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "تۆرێنتۆ" له‌ چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆردا له‌ رۆژانی 9 تا 19ی سێپته‌مبه‌ری 2010 له‌ شاری تۆرێنتۆ له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" له‌ یه‌كه‌مین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌شی كێبڕكێی ره‌سمی "فیلمسازه‌ خولقێنه‌ر و نوێخوازه‌كانی هاوچه‌رخ" له‌ میانه‌ی 63مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "لۆكارنۆ" نمایشكرا.
ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ رۆژانی 4 تا 14ی ئۆگۆستی 2010 به‌ به‌شداری كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ سینه‌ماكارانی سه‌رانسه‌ری جیهان له‌ شاری لۆكارنۆ له‌ وڵاتی سویسرا به‌ڕێوه‌چوو.
سینه‌ماكاری مه‌هابادی ئیبراهیم سه‌عیدی ده‌رچووی به‌كالۆریۆسی سینه‌مایه‌ له‌ لقی
مونتاژدا له‌ كۆلێژی سینه‌ما تیئاتر له‌ زانكۆی هونه‌ری تاران و له‌ ساڵه‌كانی ڕابردوودا مونتاژی بۆ چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی له‌ ئێران و هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌، له‌وانه‌: فیلمی سینه‌مایی "په‌ڕینه‌وه‌ له‌ غوبار" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین"، فیلمی سینه‌مایی "باز هم سیب داری؟" واته‌ "دیسان سێوت هه‌یه‌؟" له‌ ده‌رهێنانی "بایرام فه‌زلی"، فیلمی سینه‌مایی "انتهای زمین" واته‌ "كۆتایی زه‌وی" له‌ ده‌رهێنانی "ئه‌بوالفه‌زل سه‌فاری" و فیلمی سینه‌مایی "دم سبح" واته‌ "سپێده‌" له‌ ده‌رهێنانی "حه‌مید ره‌حمانیان".
سه‌عیدی مونتاژ و وێنه‌گرتنی بۆ زیاتر له‌ سه‌د كورته‌ فیلمی چیرۆكی، دیكۆمێنتی و كۆمه‌ڵه‌ به‌رنامه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌نجامداوه‌. ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ پێش سازكردنی فیلمی سینه‌مایی "ماندوو"، فیلمی بڵندی دیكۆمێنتی "دایكانی من"ی ده‌رهێنه‌ری كردووه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵكوژی كورده‌كانی عێراقه‌ به‌ ده‌ستی ڕژیمی سه‌دام حوسێن.
ئیبراهیم سه‌عیدی پێش سازكردنی فیلمی دیكۆمێنتی "دایكانی من"، كورته‌ فیلمه‌كانی چیرۆكی "ژوان" و "ژیله‌مۆ" و فیلمه‌ دیكۆمێنتییه‌كانی "مه‌رسیه‌ پریشانی" واته‌ "شینگێڕی په‌رێشانی" و "رۆژگیران" به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سینه‌ماكاری ئێرانی مێهرداد ئۆسكوویی سازكردووه‌ و به‌م كورته‌ فیلمانه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ مۆنتاژی كردووه‌، خه‌ڵاتی جۆراوجۆر و پڕبایخی له‌ فیستیڤاڵه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌:
ـ خه‌ڵاتی پڵاكی نوقره‌ له‌ فیستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌كان له‌ وڵاتی نه‌مسا، بۆ فیلمی دیكۆمێنتی كوردی "رۆژگیران" له‌ ساڵی 2003.
ـ باشترین فیلمی دیكۆمێنتی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی و باشترین فیلمی میراتی فه‌رهه‌نگی له‌ حه‌ڤده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی تاران، بۆ فیلمی "رۆژگیران".
ـ دیپڵۆمای فه‌خری بۆ باشترین فیلمی چیرۆكی له‌ نۆزده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی تاران، بۆ كورته‌ فیلمی كوردی "ژوان".
ـ خه‌ڵاتی باشترین مونتاژ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "گرانادا" له‌ وڵاتی ئیسپانیا له‌ ساڵی 2003 بۆ كورته‌ فیلمی "چاه‌" واته‌ "بیری ئاو".
ـ خه‌ڵاتی باشترین مونتاژ له‌ ئه‌نجومه‌نی مونتاژگه‌رانی ماڵی سینه‌ما ئێران له‌ هه‌ژده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی تاران، بۆ كورته‌ فیلمی "چاه‌".
ـ خه‌ڵاتی باشترین مونتاژ له‌ فیستیڤاڵی فیلمی "ته‌وار" له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵی 2004 بۆ كورته‌ فیلمی كوردی "رۆژگیران".
ـ دیپڵۆمای فه‌خری و دوو سكه‌ی زێڕی به‌هاری ئازادی له‌ به‌شی كێبڕكێی نه‌ته‌وه‌یی له‌
دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی سینه‌ما حه‌قیقه‌ت له‌ تاران، بۆ فیلمی دیكۆمێنتی "دایكانی من".
ـ خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوان له‌ به‌شی كێبڕكێی نێونه‌ته‌وه‌یی كه‌ بریتی
بوو له‌ ته‌ندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فه‌خری و بڕی پاره‌ی سێ هه‌زار یۆرۆیی له‌ دووه‌مین
خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سینه‌ما حه‌قیقه‌ت له‌ تاران، بۆ فیلمی كوردی "دایكانی من".
ـ دیپڵۆمای فه‌خری به‌شی پێشبڕكێی نه‌ته‌وه‌یی له‌ بیست و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی تاران، بۆ كورته‌ فیلمی دیكۆمێنتی كوردی "ئه‌فسوون".
Top