تارا جاف :دەنگی چەنگ ئەوەندە پڕ و فراوانە، زۆر شت پڕ دەكاتەوە
* هونەرمەند عەدنان كەریم لە دیمانەیەكی گوڵاندا دەڵێ (بە ئیعتیرافی خاتوو تارا دەنگی من لەگەڵ چەنگی تارا خان گونجاوە) هەڵسەنگاندنی تۆ بۆ ئەم قسەیەی كاك عەدنان چییە؟
- بەڵێ ئەمە راستە. دەنگی عەدنان كەریم، دەنگێكی ئارام و قوڵە. دەنگێكە هەستی تێدایە. بۆیە تۆنی دەنگەكەی لەگەڵ چەنگەكەی مندا گونجاوە.
* دڵنیا بووی لە سەركەوتنی كارەكەت لەگەڵ هونەرمەند عەدنان كەریم؟
- بەڵێ دڵنیا بووم و گوێگرتنی ژمارەیەكی زۆریش لەخەڵك لە گۆرانییەكانم سەلمێنەری ئەوەیە كارەكە سەركەوتوو بووە.
* تۆ خاوەن ستایلێكی تایبەتی و تاكە ئافرەتی كوردی بە چەنگ گۆرانی دەڵێی، بەم ستایلەی ئێستا دەتوانیت لەگەڵ ئامێرەكانی تریش بە هەمان شێوە بەردەوام بی؟
- خۆم ستایلێكی ئارامم هەیە. هەر ئامێرێكی تریش بتوانێ لەگەڵ چەنگەكەم بگونجێت دەكرێت تێكەڵ بە كارە هونەرییەكانم بكرێـت.
* تۆ بۆ كارەكانی خۆت پێویستت بە ئامێری چەنگە یاخود ئەو گۆرانیانەی پێشكەشیان دەكەی پێویستیان بە تەنیا یەك ئامێر هەیە؟
- پێش هەموو شت خۆم چەنگ ژەنم. هەموو موزیكێكیش كە دابنێم بۆ خۆم بێت یان بۆ كەسانی تر، مەبەستی یەكەم ئەوەیە رۆلێكی گرنگ بدەم بە چەنگەكەم. مەرج نییە پێویستم بە یەك ئامێر بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمیشە چەنگم لە بەردەستدایە، هەر كاتێك بمەوێ دەتوانم كاری لەسەر بكەم، یان كار لەسەر ئەو بەرهەم و ئاوازە بكەم كە مەبەستمە. دەنگی چەنگیش ئەوەندە پڕ و فراوانە، زۆر شت پڕ دەكاتەوە، بەڵام هەموو ئامێرێكی دیكەم خۆش دەوێت، بۆیە دەمەوێ تێكەڵاویشی بكەم، بەڵام دەبێت ئەو تێكەڵ كردنە بگونجێت.
* ماوەیەك بەر لە ئێستا چەند ئاهەنگێكت لە باكووری كوردستان ساز كرد، دەكرێ باسیان بكەی؟
- لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر هاتووچۆی باكووری كوردستانم كردووە. لە زۆر فێستیڤاڵ و كۆنسێرتدا بەشداربووم. لە شارەكانی باتمان، دیاربەكر، دەرسیم، وان، هەروەها لە ئیستەنبوڵ و لە ئزمیریش. ئەمساڵ واتە ساڵی 2010 لە ئازاردا بەشداریم كرد لە فێستیڤاڵی چاند و هونەر لە ئیستەنبوڵ كە ناوەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا سازیان كرد. هەر لە ئیستەنبوڵ لە شانۆی «سەیری مەسەل» كۆنسێرتێكیشم پێشكەش كرد. بەشداریی دووەمم كردنەوەی فێستیڤاڵی رۆژی ژنان بوو لەلایەن شارەوانی دیاربەكر، كە هەر خۆیان سازیان كردبوو. هەروەها كۆنسێرتێكی دیكەم سازكرد هەر لە دیاربەكر.
لە مانگی گەلاوێژدا لە شاری وان كۆنسێرتێكم بۆ كردنەوەی فێستیڤاڵی چاند و هونەر پێشكەش كرد. كە شارەوانی شارەكە سازی كرد بوو. دووبارە هەر لە شانۆی «سەیری مەسەل» لە شاری لە ئیستەنبوڵ كۆنسێرتێكم پێشكەش كرد. پاییزی ئەمساڵیش بانگهێشت كراوم كە لە دیاربەكر، ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە كۆنسێرت ساز بكەم.
* زۆر هونەرمەند هەن ناوچەكەیان ئیلهامێكی زۆریان پێدەبەخشێت لە كارە هونەرییەكانیاندا، ناوچەی هەورامان چ كاریگەرییەكی لەسەر تۆ هەبوو؟
- بێگومان كاریگەریی هەورامان زۆر بووە، ئەمەش لە بنەماڵەكەمەوە دەست پێدەكات، هەمیشە گوێیان لە گۆرانی هەورامی دەگرت، گۆرانی هەورامی گۆرانییەكی رەسەنە، منیش ویستومە كاتێك چەنگم هێناوەتەوە ناو موزیكی كوردی، كە موزیكەكە دابەش دەكەم رەسەن بێت و پێوەندی بەو رەسەنایەتییەی هەورامانەوە هەبێـت. منیش لە ژەنینی چەنگدا وەكو چەنگ ژەنانی ئەوروپا نیم، ستایلێكی تایبەتی خۆم هەیە، بۆ ئەوەیش دەبوو پشت بە رەسەنایەتی ریتم و ئاوازی گۆرانی هەورامی ببەستم. بۆ ئەوەی ببێت بە بناغەیەك بۆ گەشەی ستایلێكی تایبەت بەخۆم و بشگونجێت لەگەڵ موزیكی هەموو هەرێمەكانی تری كوردستان.
* لە وڵاتێكی وەكو بەریتانیا چۆن سەیری تارا جاف دەكرێ وەك هونەرمەندێكی كورد بە ئامێرێكی دەگمەنەوە گۆرانی پێشكەش دەكات؟
- لێرە چەنگ ژەن زۆرن، بەڵام ئەوانەی كە لەگەڵ چەنگەكەیان گۆرانی دەڵێن كەمن. لەبەر ئەوەی ستایلێكی تایبەتی خۆمم هەیە، بۆیە بە شێوەیەكی پۆزەتیڤ تەماشا دەكرێم و بانگهێشتیش كراوم بۆ كۆمەڵی شوێن، بۆ نموونە بۆ فێسیڤاڵی چەنگی نێونەتەوەیی لە بریتانیا كە لە 29/8/2010 ساز دەكرێت، هەروەها لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام بانگێشتكراوم بۆ كۆمەڵێك فێستیڤاڵ، رادیۆ و ئاهەنگی جۆربەجۆر، كە ئەمانە بۆ بینەر و گوێگری بریتانی بوون.
* زۆر لە هونەرمەندان یەكێك دەكەن بە پێشەنگ و یارمەتیدەری خۆیان لە ژیانی هونەرییاندا، تۆ بەم چەنگەوە كێ هاوكار و پشتیوانت بووە و هانیدای بەردەوام بی لەسەر ژەنینی چەنگ؟
- بۆ چهنگ ژەنین خۆم خۆمم فێركرد. بۆ گۆرانی هەورامیش دوو بەڕێز كە پورم بەهییە خانی جاف، كە شیعری گۆرانی هەورامی بە تایبەت شیعری مەولەوی دەدامێ و بۆ هەڵبژاردنی گۆرانی و شیعریش كاك موقەدەم لەهۆنی زۆر هاوكاری كردووم. سوپاسی هەمیشەم بۆ ئەو دوو بەڕێزە هەیە.
* چەنگ ئامێرێكی گەورەیە بە كێش لەكاتی گەشت و گواستنەوەدا كێشەت بۆ دروست ناكات؟
- كێشەیەكی زۆرە. ئەو چەنگە بەردەوام لەگەڵ من لە سەفەردایە. لە نەخۆشخانەكانی لەندەن. هەتا شاخەكانی هەورامان رۆیشتووە. زۆر شوێنی تری جیهان و ئەوروپای دیوە. كێشی قورسە. جاربەجار دەبێت بە مایەی پشت ئێشە بۆم.
* لە باكووری كوردستان جەماوەر چۆن پێشوازیان لەتۆ كرد؟
- پێشوازییەكی زۆر گەرم بوو. لە بیرم ناچێت و هەمیشە سوپاسیان دەكەم.
* بە نیاز نین لە داهاتوودا لەگەڵ هونەرمەند عەدنان كەریم كارێكی نوێ پێشكەش بكەن؟
- ئێمە بەردەوام كار دەكەین لەسەر بەرهەمی نوێ، بەڵام دەبێ بەرهەمەكان كۆببنەوە تا ببن بە ئەلبومێك.
* لە دیمانەیەكدا كە بەر لە چەند ساڵێك لەگەڵ بەڕێزتان ئەنجام درابوو وێنەی چەند پشیلەیەك دیار بوو، لە ماڵەوە، ئاژەڵ بەخێو دەكەی؟
- من هەر لە منداڵییەوە پێوەندیم لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە و خۆشمویستوون. ئاژەڵ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەوروبەری درۆ ناكات، هەر خۆیەتی. بۆ ئەو ساتە دەژی. منیش خۆشم دەوێن و خۆزگەم دەخواست ئێمەی مرۆڤیش وەها بووینایە. هەموو ئاژەڵێك لە پەپولەوە تا مار جوانی خۆی هەیە. نزیكبوونەوە و رێز گرتن لە ئاژەڵ واتە رێزگرتن لە سرووشت. رێزگرتنە لە مرۆڤایەتی. ئازاردانی ئاژەڵ نیشانەیەكی زۆر خراپە بۆ مرۆڤ. مرۆڤ ئەگەر ئازاری ئاژەڵ بدات، ئازاری مرۆڤیش بە ئاسانی دەدات.