پەخشكردنی دراما كوردییەكـــــــــــان لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا

پەخشكردنی دراما كوردییەكـــــــــــان لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا
پەخشكردنی دراما لەمانگی رەمەزان دا بووە بەدیاردە لەناو كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان، بەڵام ئەمە تەنیا لەمانگی رەمەزان بەدی دەكرێت و لەهیچ كام لەمانگەكانی تر ئەم پێویستییە هونەریە بۆ بینەر بەرهەم ناهێنرێت و بینەری ئێمە لەماوەی 11مانگەكەی تری ساڵدا چاوی وێلە بەدوای درامادا، گوڵان لەم ریپۆرتاژە تایبەتەدا چەندین هونەرمەندی بەئەزموونی شاری سلێمانی دواندووە، لە وەڵامدا چەندین لایەنی گرنگ تاوتوێ كران.

ئایا هۆكاری پەخشی دراما لەمانگی رەمەزاندا چییە؟ بۆچی لە مانگەكانی تردا ئەمە بەدی ناكرێت؟

ئا: سۆران مارف - سۆزان عەلی

سەرەتا هونەرمەندی بە ئەزموون عەبدولی حەمە جوان وتی:
دیاردەی پەخشكردنی دراما لەمانگی رەمەزاندا لەكولتووری عەرەبەوە وەرمانگرتووە، چونكە ئەوان لەو مانگەدا بەرنامەی تیڤییەكانی خۆیان بەدرامای جۆراوجۆر پڕدەكەنەوە.
ئێمەش كەوتووینەتە ژێر ئەو كاریگەرییەوە، جگە لەمانەش خەڵكی لەمانگی رەمەزاندا بەهۆی ماندووبوونی لە رۆژوو گرتن لەماڵەوە دەبێت، ئەوەش فرسەتە بۆئەوەی خەڵكی لەدەوری تەلەفزیۆن و دراما كوردییەكان كۆبكەینەوە، ئەم هۆكارانە بووە بەكولتوور كە لەمانگی رەمەزان دا دراما زیاتر پەخشدەكرێت.
لەدرێژەی قسەكانیدا عەبدولی حەمەجوان ئاماژەی بەوەدا كە هەڵەیە تەنیا لەو مانگەدا دراما پەخش ببێت و دەڵێ: لە راستیدا نابێت تەنیا لەو مانگەدا هەبێت و پێویستە لە هەموو مانگەكاندا دراما بەرهەم بهێنین، پەخشی بكەین، بۆ ئەوەی چاوی بینەر دووربخەینەوە لە دراما بیانییەكان و رێگربین لە گواستنەوەی كولتووری ناشیرینی میللەتانی تر، كەئەمە لەهەموو روویەكەوە كێشەی تێدایە چ لەرووی سیاسییەوە، چ لەرووی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە بیرۆكەی جۆراوجۆر بڵاودەكەنەوە كە بەهیچ جۆرێك لەبەرژەوەندی میللەتەكەماندا نییە.
هونەرمەندی شانۆكار تەها خەلیل و بواری دراما دەڵێت:
ئەم شێوازەی پەخشكردنی دراما لەمانگی رەمەزاندا هیچ بەرنامەڕێژییەكی بۆنەكراوە، بەڵام یەكەمجار حوسێن میسری پەخشی درامای خستە مانگی رەمەزانەوە، لەبەرئەوەی خەڵكی لەمانگی رەمەزاندا ماندوو و بێتاقەت دەبێت، لەهەمانكاتیشدا زۆرتر لەماڵەوە دەبێت بەهۆی ئەوەوە خستیە ئەو مانگەوە، ئیتر وردە وردە ئەمە بوو بەكولتوور كە لەمانگی رەمەزاندا ئەم درامایانە پەخش بكرێنەوە. هۆكارێكی تریش دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەڕێژی تەلەفزیۆنەكان خۆیان، چونكە ئەوان لەو مانگەدا پێویستیان بە بەرهەمی نوێ هەیە بۆ رازیكردنی چاوی بینەر، هەربۆیە ئەمەیان بەهەل زانیوە و ئەم درامایانەیان پەخشكردۆتەوە.
دەربارەی ئەوەی ئایا دراماكان لە ئامادەیی باشی پەخشدا هەن؟ هونەرمەند تەها خەلیل دەڵێ: هیچ بەرهەمێك بەبێ كەموكوڕی نییە ئەم درامایانەی ئێستاش كۆمەڵێك كەموكوڕی تێدایەو زیاتریش بێسەروبەری پێوە دیارە. چونكە ئامادەكاری باشی بۆ ناكرێت و هەرئەوەندەی كە بۆ ئەو مانگە ئامادەی پەخش بێت.
جەلیل زەنگەنە دەرهێنەری درامای تەلەفزیۆنی دەڵێ:
دیاردەی پەخشكردنی دراما لەمانگی رەمەزاندا زیاتر كولتووری عەرەبە، چونكە تەلەفزیۆنە عەرەبیەكان بەرنامەی مانگی رەمەزانیان بە دراما پڕدەكەنەوە، ئەگەرچی من زۆر بەباشی دەزانم، چونكە لەو مانگەدا خەڵكی زۆرترین كات لەماڵەوەن و بۆ تەواوكردنی ئەوكاتەی هەیانە و كۆكردنەوەی جەماوەریش لەدەوری دراماكان لەو مانگەدا باشترە، چونكە دراما بۆ جەماوەر بەرهەم هاتووە و پێویستی بە جەماوەری باش و زۆر هەیە، ئەگەرچی ئەم درامایانەی ئێستا لە هیچ روویەكەوە داهێنان نین، نە لەڕووی سیناریۆوە باشن نە لەڕووی تەكنیكەوە نە لەڕووی چۆنیەتی رۆل بینیی ئەكتەرەكانەوە. ئەمەش گەورەترین كێشە بۆ تەلەفزیۆنەكان دروست دەكات، چونكە جەماوەریان لێ دەتۆرێ، لەبەرئەوەی دراماكان نەیانتوانیووە چاوی بینەر تێربكەن. كێشەیەكی تر وەرگێڕانی دراما بیانییەكان، چونكە ئەم درامایانە لە ئەمنی قەومی میللەتی ئێمە دەدات، وڵاتیك دروستی كردووە میللەتەكەی ئێمە بە دوژمن و دڕندە دەزانێت، زۆرجار هەر لەو درامایانەدا قسە بەكوردو كولتووری كورد و سیاسەتی كورد دراوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گەنجی وڵاتی ئێمە هیچ ئینتیمایەكی بۆ نەتەوە و خاك و نیشتمانی نەماوە سەفەردەكەن بۆ وڵاتانی دەرەو، ئامادەن خۆیان بەكەسی سێیەم و چوارەم قەبوڵ بكەن،
بەڵام تائێستا دەسەڵات بیری لەوە نەكردۆتەوە دراما و سینەما پێش بخات، چونكە هەندێك لە وڵاتانی زلهێزی دنیا بەدراما خۆی نیشان داوە بەڵام، ئێمە ئەگەر داوای كامێرایەكی باش بكەین پشتیان دەشكێت دەڵێن بۆمان ناكڕێت.
هونەرمەندی گەورە مەكی عەبدوڵڵا بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی:
خەڵكی ئەمساڵ چاوەڕێی ئەوە بوون لە مانگی رەمەزاندا حاجی مەكی بەرهەمی نوێیان پێشكەش بكات، كەچی بەداخەوە ئەمساڵ نەیانهێشت قسەی نەستەق و خۆشیان بۆ بكەین، كوا ئێمە درامامان هەیە، لەكاتێكدا ئێمە دەبوو خاوەنی چەندین شاكاری جوان لە درامای كوردی بواین، بۆیە پێویستە كاری جددی بۆ پێشخستنی درامای كوردی بكرێت.
هونەرمەند حیكمەت هندی دەڵێ:
درامای كوردی وەكو جەژنی لێهاتووە، چۆن منداڵ دەبێت لە جەژندا جلوبەرگی بۆ بكڕدرێت، ئێمەش دەبێت لەمانگی رەمەزاندا درامای نوێمان پێشكەش بكرێت، دەبێت دوای ئەو هەموو ئازارانەی بینیمان لەرێگەی دراماو هونەرەوە جەماوەرەكەمان بخەینە خەندەو پێكەنین. دراما كات و ساتی نییە، دەبێت هەموو دەمێك كار بۆبەرهەمهێنانی درامایەكی نوێ بكرێتەوە، دەبێت هەموو ئەو كارانە كە دەكرێت ئەرك و ماندووبونی پێوە دەكێشرێت كە جێی داخە هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن بە شێوەیەكی نادروست مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەكەن.
هەروەها بەكر رەشیدی دەرهێنەر و هونەرمەند دەڵێ:
پێویستە لە هەموو كات ساتێكدا كار بۆ خزمەتكردن و پێشكەشكردنی درامای كوردی بكرێت، گرنگیدان بە دراما لە هەر كاتێكدا بێت پێویستییەكی گرنگە بۆ پێشخستنی هونەری كوردی، دەبێت دەسەڵات هەموو هەوڵەكانی بۆ خزمەتی درامای كوردی بخاتە گەڕ، من بە پێویستی دەزانم لەدوای مانگی رەمەزان بەو گوڕوتینەوە دراما بایەخ و گرنگی خۆی پێبدرێت.
هونەرمەند (ئەحمەد جۆڵا)ش وتی:
دراما لە هەموو كاتێكدا بایەخ و گرنگی خۆی هەیە و ئێمە وەك ستافێك كارمان لە درامای (نامەكانی ئەشرەف)دا كرد، گوێمان نەداوە بەكات، بە داخەوە هەندێك جار كەناڵەكانی راگەیاندن كاتی درامایەك بەرهەم دەهێنن خۆیان دەبنە هوكار بۆ ئەوە ی دراماكەیان دوا بكەوێت و بكەوێتە مانگی رەمەزان و لەو مانگەدا نمایشی دەكەن، بۆ نموونە درامای (گەمەی باڵندەكان) من دەمێكە ئاگادارم كاری بەرهەمهێنانی كۆتایی هاتووە، كەچی كەناڵەكە خۆی نمایشكردنی دوا خست. پێویستە دراما لە هەموو كاتێكدا گرنگی خۆی پێبدرێت بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی، راستە شەوانی رەمەزان خەڵكی پێویستان بە حەوانەوەیە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی كەوا دوای رەمەزان دراما بایەخ و گرنگی پێنەدرێت.
هونەرمەند مەریوان ئیبراهیم-یش دەڵێ:
بەڕای من ئەو درامایانەی لەمانگی رەمەزان پێشكەش دەكرێن، ئەو درامایانەن كەوا زۆر كاڵ و كرچی پێوە دیارە لەبەر ئەوەی زۆر پەلە دەكرێت لەوەی كەوا ئەو بەرهەمە فریای مانگی رەمەزان بكەوێت و دوا نەكەوێت لە پێشكەشكردنی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كەموكوڕی بە دراماكەوە دیار بێت. ئەگەر بەم شێوەیە درامای كوردی بكرێت، رەنگە پاشەكشێ بكات و بڕواتە دواوە، مەرج نییە تەنیا لە مانگی رەمەزان دا دراما پێشكەش بكرێت، دەبێت هەمیشە كار بۆ پێشخستنی درامای كوردی بكرێت. بەداخەوە من ئەمساڵ درامایەكم بینی لە كوردستان تیڤی كاڵ و كرچی زۆری پێوە دیار بوو، زۆریش لاواز بوو درامایەك بوو لە ئاستی ئەوەدا نەبوو لە كەناڵێكی جوانی وەكو سەتەلایتی كوردستانەوە پێشكەش بكرێت.
لە كۆتاییدا هونەرمەند حەمە علی خان گوتی:
بەڕای من ئاستی دەرهێنانی ئەو دراما نوێیانە هیچ باش نییە و كاتێك دراما لە مانگی رەمەزان پێشكەش دەكرێت، بۆ ئەوەیە كە خەڵكی رۆژووەوان و جەماوەری دراما چێژ لەو بەرهەمانە وەربگرن، هەموو كاتێكك پێویستە هەوڵبدرێ بۆ بەرهەمهێنانی دراما، پێموایە هونەری كوردی بووە بە نانەواخانە و هەرچی دەیەوێت دەنووسێت و هەرچی دەیەوێ تەمسیل دەكات و هەرچی دەیەوێ دەرهێنان دەكات، كە ئەمەش كارێكی خراپە بۆ داهاتووی درامای كوردی.
Top