نازێ داهاتی بەرهەمەكەی پێشكەش بە ئافرەتە زیندانییەكان دەكات
خاتوو نازێ عەزیزی، كە خەڵكی مەهابادە رایگەیاند، لەهەفتەی داهاتوو گۆرانی (جێژوان) كلیپ دەكات، كە ئەو گۆرانییە یەكێكە لە گۆرانییەكانی دوا ئەلبوومی، كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە، دەڵێ: “گۆرانی (جێژوان) لە شیعری میدیا مەعروفی و ئاوازی خۆمە، لەپێكهاتەی سێیەم ئەلبوومم (ئاوازەكانی دڵتەنگی)دایە، كە هەموو كارەكانی ئەو ئەلبوومەم تەواو كردووە و لە هەشت تراك پێكهاتووە، تەنیا ئەوە ماوە كۆمپانیایەكی هونەری باش هەبێ بتوانێ ئەركی بڵاوبوونەوەی بگرێتە ئەستۆ، داهاتی ئەلبوومەكەش دەبەخشمە ئافرەتە زیندانییەكانی كوردستان، هیوادارم بتوانم ئەوكارە ئەنجام بدەم”. نازێ لەبارەی ئەو كلیپەوە، كە بەنیازە لە شەقلاوە وێنەی بۆ بگرێت، دەڵێ “یەكەمجارمە لەگەڵ دەرهێنەر محەمەد جەمیل كار دەكەم، ئەو كاری دەرهێنانی كلیپەكە ئەنجام دەدات و لەلایەن هاوكار فەرهاد بەكامێرای hd سینەمایی وێنەی بۆ دەگیرێ”، وا چاوەڕوان دەكرێ ببێتە یەك لە كلیپە زۆر جوانەكانی كوردی، نازێ هیوادارە بەمزوانە كارەكە تەواو بكات، وەك دیارییەكی جەژنانە پێشكەشی هەوادارانی بكات. هەروەها نازێ وتی: من زۆربەی خەرجی بەرهەمەكەم لە ئەستۆ گرتووە، چونكە هەر پارەیەكم دەست بكەوێ لە بواری هونەری تەرخانی دەكەم بۆ بەرهەمی داهاتوو، بۆیە داوا لە جەماوەر دەكەم كە خۆیان لە بەرهەمی كۆپی دوور بخەنەوە و هەوڵ بدەن سیدی ئۆرجیناڵیان دەستكەوێ، چونكە وەك ئاماژەم پێكرد داهاتەكەی بۆ كاری خێرخوازییە.