شانیا بۆ گوڵان: زۆر گەشبین و دڵخۆشم بە ژیان

شانیا بۆ گوڵان: زۆر گەشبین و دڵخۆشم بە ژیان
شانیا بۆ گوڵان: زۆر گەشبین و دڵخۆشم بە ژیان
یەكەم بەرهەمی تایبەتی خۆی بوو كە لە چەند گۆرانییەك پێكدێت،كەچی ئەو بەرهەمەی بڵاونەكرایەوە و هۆكارەكانی بڵاو نەكردنەوەیشی شاراوە بوون، بەڵام ئێستا بە نیازە لە ماوەیەكی نزیكدا بڵاوی بكاتەوە، بۆ باس كردن لە بەرهەمەكەی و چەند پرسێكی دیكە بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز بكەین.

*دوا هەواڵی ئەلبوومەكەت چییە؟
- ئەلبوومەكەم هەموو كارەكانی تەواو بووە و لەجەژن بڵاو دەبێتەوە.
*بۆچی ئەوەندە دواكەوت؟
- بەهۆی نەبوونی هاوكارییەوە بوو، پێشتریش وتومە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەشێوەیەكی یەكسان هاوكاری هونەرمەندان ناكات، ئەمە بووە هۆكاری دواكەوتنی ئەلبوومەكەم، بەڵام ئێستا بە هاوكاری كۆمپانیای دوموز ئەلبوومەكەم بڵاو دەكەمەوە و زۆربەی خەرجی ئەلبوومەكەم لە سەر شانی خۆم بووە.
*پێت وایە پێشتر بڵاوكرابایەوە باشتر نەبوو؟
- بەڵێ باشتر بوو، بەڵام ئێستاش كاتێكی گونجاوە.
*چەند گۆرانی كلیپ دەكەی؟
- زۆربەی هونەرمەندە جیهانییەكان ئەلبوومەكانیان زیاتر لە پازدە گۆرانییە و تەنها یەك گۆرانی كلیپ دەكەن، خۆشم تەنها یەك گۆرانیم كلیپ كردووە و ئێستا بەنیازی كلیپكردنی هیچ گۆرانییەكی دیكە نیم.
*كلیپەكە لەكوێ وێنەی گیراوە و دەرهێنەرەكەی كێیە؟
- لەناو هەولێر و دەوروبەری كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە، محەمەد جەمیل دەرهێنەری كلیپەكەیە،من زۆر كلیپەكەم پێ جوانە.
*ئەی تێكست و ئاوازی گۆرانییەكان؟
هۆنراوەكان لەلایەن شاعیران:مامۆستا شێركۆ بێكەس، دكتۆر ئاراس عەبدولكەریم،ڕەنج سەنگاوی، هەڵكەوت زاهیر، حەمەسەعید ئیبراهیم،هێمن قەسرەیی، دەرباز یونس نووسراون،گشت گۆرانیەكانیش لەئاوازی كاك هەڵكەوت زاهیرە.
*چیرۆكی كلیپەكە باس لە چی دەكات؟
- كلیپەكە خۆی موفاجەئەیە، بەشێوەیەكی زۆر جوان كاری مۆنتاژ و وێنەگرتنی بۆ كراوە، ناوەڕۆكی كلیپەكە خۆی لە ڕێزگرتنم لەئافرەتی كورد و مێژووی ئافرەتی كورد دەبینێتەوە.
*دوای بڵاوبوونەووەی ئەلبوومەكە نیازی چیت هەیە؟
- وەك وتم لەجەژن ئەلبوومەكە بڵاو دەبێتەوە، هەمان كات لەجەژن لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی دەردەكەوم و بەرنامەیەكی زۆر خۆش و سەرنجڕاكێشە، دڵنیام جەماوەر و بینەران زۆر بە دڵیان دەبێت.
*ئەی چیت كردووە بۆ ئەوەی كۆپی نەكرێت؟
- بیرمان لەوە دۆزینەوەی چارەسەرێك كردۆتەوە بۆ ئەو بابەتە، داواشم لە هەموو كەس ئەوەیە سیدی ئۆرجیناڵ بكڕن نەك كۆپی تاكو ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەڕوات.
*بەنیازبووی بەشداری فیلمێكی سینەمایی بكەی چی لێهات؟
- بەڵێ بەنیاز بووم، دەرهێنەرێك هات چەند وێنەیەكی گرتم و پێی باش بوو بەشداری بكەم وەك پاڵەوانی فیلم، بەڵام بۆ من سەخت بوو، لەبەر ئەوەی دەبووایە زیاتر لە سێ مانگ دووركەوتبامەوە لەماڵی خۆم و لەدەرەوەی هەولێر فیلمەكە وێنەی دەگیرا، ئەوەش بۆ من ناخۆش بوو سێ مانگ دووربكەومەوە، گۆرانكاری درووست دەكرد لەژیانم، بەڵام ئێستاش ئەگەر فیلمێكی كوردی هەبێت ئامادەم ڕۆلی پاڵەوانی تێدا بگێڕم بەمەرجێك بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی خۆم.
*حەز دەكەی فیلمەكە ئەكشن بێت یان كۆمیدی یان ڕۆمانسی؟
- زیاتر حەزم لێیە فیلمەكە كۆمیدی بێت.
*شانیا لەمەودوا بەنیاز نییە زیاتر لەتەلەفزیۆن دەربكەویت؟
- بەڵێ، ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەكە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا زۆربەی كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان ئامادە دەبن، دوای ئەوەش زیاتر لەتەلەفزیۆنەكان دەردەكەوم.
*ئەی كۆنسێرت لەشارەكانی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە؟
- زۆر پێم خۆشە كۆنسێرت ساز بكەم، بەمەرجێك شوێنی گونجاو هەبێت، شانۆ و شوێنی جەماوەر زۆر باش بێت. بەنیازم لە وڵاتی سوریا كۆنسێرتێك ساز بكەم.
*كێ یەكەم جار وتی دەنگت خۆشە؟
- دایكم، هەموو جار گۆرانیم دەوت لەماڵەوە ئەو هانی دەدام و پێی وتم دەنگت خۆشە و دەبیتە گۆرانیبێژ.
*كاتەكانی رۆژت چۆن دابەش دەكەی؟
- زیاتر گۆرانی دەڵێم و گوێ لەگۆرانی دەگرم.
*نهێنی ئەو خەندەیە چییە كە بەردەوام لەتۆدا هەستی پێدەكرێت؟
-من زۆر گەشبینم بە ژیان و دڵم خۆشە بۆیە بەو شێوەیە دەمبینن.
*ئێستا تاچەند فێری كوردی بووی؟
- بەهۆی یارمەتی هاوڕێكانمەوە كوردییەكەم زۆرباش بووە و بەخێرایی قسە دەكەم باشترم لە جاران.
*ئەی بەنیاز نیت بەعەرەبی گۆرانی بڵێی؟
- بەڵێ بەڵام ئەوە بۆ ئێستا نییە بەڵكو لەداهاتوو ئەو كارە دەكەم.
*زیاتر گوێ لەكام هونەرمەند دەگریت ؟
- ئێستا زیاتر گوێ لە هۆمەری دزەیی، مەرزیە فەریقی و عەباسی كەمەندی دەگرم.لەعەربەكانیش فەیروز و كازم ساهر و چەند هونەرمەندێكی دیكە.
*حەز دەكەی بگەیتە ئاستی كێ ؟
- حەز ناكەم بگەم بە ئاستی كەس، دەمەوێ خۆم بم واتە شانیا.
*لەمۆندیال هاندەری كێ بووی؟
- هیچیان، حەزم لە فوتبۆڵ نییە. پێم وایە شتێكی بێ مانایە.
*ئەی خۆت زیاتر چ وەرزشێك دەكەی؟
- زیاتر تایكواندۆ و كیك بۆكسینگ، تایكواندۆش یاریەكی خۆشە و بۆ بەرگریكردن لە خۆم حەزم دەكرد فێر بم.
*داوات لێنەكراوە بۆ ڕیكلام كردن بۆ كۆمپانیایەك؟
- بەڵێ كۆمپانیای دوموز ڕیكلام بۆ ئەو كۆمپانیایە دەكەم.
*ستایلی غەریبیت پێ خۆشترە یان خێرا؟
- وەك دەڵێن كۆكتێل، گۆرانی ڕۆمانسی و خێرا و پۆپ، واتە هەموو ستایلێك، بەڵام خۆم زیاتر حەزم لە گۆرانی خەمناك و تەرەبییە.
*لە زنجیرە دراماكان سەیری كامیان دەكەی لەمانگی ڕەمەزان؟
- سەیری زنجیرە دراماكانی كەناڵی شەرقیە دەكەم، چونكە خۆیشم كاتی خۆی ڕۆڵی نواندنم بینیوە لە ساڵی 2002 و 2003، وەك ئەكتەر كارم كردووە.
*دوا وتەت چییە بۆ جەماوەری خۆت و خوێنەرانی گوڵان؟
- پێیان دەڵێم هەمووتانم خۆشدەوێ، گۆڤاری گوڵانیش زۆر پێشكەوتووە و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
Top