سوارە محەمەد: بەهۆی گۆرانی بێبنەما گوێگری زۆری گۆرانی رەسەن زیاد بووە

سوارە محەمەد: بەهۆی گۆرانی بێبنەما گوێگری زۆری گۆرانی رەسەن زیاد بووە
سوارە محەمەد لەدایكبووی سلێمانیە و ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەریدا سەرقاڵی كاری هونەریە. خاوەنی چەندین بەرهەمی جوانە تائێستاش بەردەوامە لە كاری هونەریدا. تایبەت بە گۆڤاری گوڵان وەڵامی چەندین پرسیاری ئێمەی داوەتەوە.

* تۆ لە ناوەڕاستی نەوەدەكاندا ناسرای، بەڵام زیاتر ناسینت لای گوێگران دوای گۆرانی ئای لە مینا بوو . بۆچی سوارە محەمەد بەرهەمی هونەری كەمە؟
- هۆی كەمی بەرهەمەكانم ئەوەیە كە ئەگەر بەهەڵە نەچووبم پەلەناكەم. بۆ بەرهەمهێنانی كارێكی هونەری كاتێكی زۆری دەوێت. هۆی سەرقاڵی ژیان و بژێوی خێزان هۆكارێكی تری سەرەكیە بۆ كەمی بەرهەمەكانم.
* ئایا ئیشكردنی هونەرمەند لەسەر كام تێكستە؟ هونەرمەند كام ئاواز بۆ تێكستەكانی دادەنێ
- رێزی تەواوم بۆ هەموو برا شاعیرەكان بە ئێستاو رابردووشەوە هەیە. تائێستا هۆنراوەكانی مامۆستایان (مەحوی. نالی. وەفایی) هەست و نەستیان جۆشداوم و بە ترسەوە كارم تێدا كردوون. هۆنراوەی هەر شاعیرێكی ئەم سەردەمەش بەهەمان شێوەی مەحوی و نالی و وەفایی ئارەزوەكانم تێربكەن، ئەوا بە رێز و خۆشەویستییەوە كاریان تێدادەكەم. بۆ بەشی دووەمی پرسیارەكەت هەموو تێكست و هۆنراوەیەك وێنەو نیگارێكی بە مانای وشەی هۆنراوەكەی تێدایە جا ئافەرین بۆ ئەو هونەرمەندە گۆرانیبێژە، ئەو برا مۆسقییە ئەگەر تا راددەیەكی كەمیش بێ لەگەڵ هەستی بەماناو هەڵچوون و داچوونی شاعیر ئاواز دابنێ. لەوە دەچێ ئێمەش بە راددەیەكی زۆركەم توانیبێتمان ئەو هەستە بەرجەستە بكەین لە گۆرانیەكانمدا.
* لە چ گۆرانیەكت ناڕازیت؟ پێت باشە ئاوازی كام گۆرانیت بگۆڕی؟
- ئێمەش وەك هەموو كەسێكی تر كارەكانمان بێ كەموكوڕی و هەڵە نییە. بێگومان هەڵەو كەموكوڕی زۆری تێدایە. داوای لێبوردن دەكەین ئەگەر یەكێك لەو هۆنراوانەی مەحوی و نالی و وەفایی كە بەكارمان هێنابێت و شیاوی دەنگ و وتن و ئاواز و مۆسیقای ئێمە نەبووبێ. بەو هەموو هەڵەو كەموكوڕیانەشەوە پیرۆزن لامان. بەوپەڕی قەناعەتەوە كارمان تێداكردوون. كە لەوپەڕی هەست و دڵسۆزی دڵ و دەروونمان بە ئەنجام گەشتووە. بۆیە لەهەموو كارەكانی خۆمان رازین. ئەگەر بمەوێ سەر لەنوێ دەستاكاری ئاواز و تێكست بكەمەوە. پێموایە كات زۆر گرنگەو بە دڵیشم نەبووبێ تازە رۆیشتوە. با هەوڵبدەین كارێكی باشترو دروستر بەئەنجام بگەیەنین و ئەو كەموكوڕییانەی لە كارەكانی پێشتر بەدی دەكران با لەكارەكانی رابرووماندا بەدی نەكرێ.
* ئەگەر ئێستا سەرەتای كاری هونەریت بوایە. یەكەم گۆرانیت بە چ ستایلێك تۆماردەكرد؟
- هەر بەم شێوازەی ئێستا.
* واهەست ناكەی هونەری رەسەنی كوردی لە ماوەی ئەم یەك دوو ساڵەی رابردوو چالاكتربووە؟ - بە هۆی زۆربوونی گۆرانی بێتام و بێ پەیامێكی دروست و بنیادنەر. كە ئەم هۆیەش بووەتە هۆی ئەوەی كە گوێگرێكی زۆر باش و زەوق بەرز دروست ببێ كە پێچەوانەی ئەو هۆیانەی سەرەوەن. ئەمەش وادەكات شێوازی هونەری رەسەن كەمبێت. پێی دەڵێن هونەری بەرز و درەوشاوە و بنیادنەر چالاك تردەبێ.
* بەرهەمی نوێت چی دەبێ؟
- زۆر حەزدەكەم بەرهەمی نوێم هەبێ. بەڵام دەبێ خۆمی بۆ ئامادە بكەم تابتوانم بە ئەنجامی بگەیەنم. هۆ سەرەكیەكەشی پەیداكردنی بودجەیە. كە تەنیا بە هەوڵ و گیرفانی خۆم ئەنجام دەدرێ.
* پێت خۆشە لەگەڵ كچانی هونەرمەند گۆرانی بڵێی؟ ئەگەر پێشنیارێكی لەوجۆرە هەبێت. پێت خۆشە لەگەڵ كام كچە هونەرمەند گۆرانی بڵێیت؟
- تائێستا هیچ بیرۆكەیەكی وا لە ئارادا نییە، ئەگەر كارێكی وا هاتە پێشەوە، ئەوا لەو كاتەدا باسی خۆی دەبێ.
* پێت خۆشە كام هونەرمەند ئاوازی گۆرانیەكانت بۆ دابنێ لە كورد یان بیانی؟
- هەر كەسێك هاوسۆز بێ لەگەڵمدا. بە خۆشحاڵییەوە ئاوازی لێوەردەگرم. ئاوازیشیان بۆ داناوم.
* بۆت دەست بدات پێت خۆشە لەكام شار و گوند كوردستاندا نیشتەجێ بی؟
-هەموو بەشێكی وڵاتەكەم. كە كوردستانی رۆحم بەماڵی خۆم دەزانم.
Top