به‌ نمایشی شوێنێك بۆ یاری فیستیڤاڵی فیلمی كوردی زوریخ ده‌كرێته‌وه‌

به‌ نمایشی شوێنێك بۆ یاری فیستیڤاڵی فیلمی كوردی زوریخ ده‌كرێته‌وه‌
شه‌وی پێنجشه‌مه‌ 26ی ئۆگۆست به‌ نمایش كردنی فیلمی سینه‌مایی "شوێنیێك بۆ یاری" (كیك ئاف) KICK OFF له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" و به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری رۆشنبیری وڵاتی سویسرا و دكتۆر "كاوه‌ مه‌حموود" وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها سینه‌ماكارانی كورد، فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كوردی زوریخ له‌ ژێر ناونیشانی "فیلمی كوردی و ده‌نگی كوردی" له‌ هۆڵی سینه‌ما "فیلمپۆدام" له‌ شاری زوریخ له‌ وڵاتی سویسرا ده‌كرێته‌وه‌.

به‌ پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "نارین فیلم" له‌ هه‌ولێر، له‌ رۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كوردی زوریخ كۆمه‌ڵێك فیلمی سینه‌مایی له‌ سینه‌ماكارانی كورد و به‌ به‌شداری هه‌ندێك له‌و فیلمسازانه‌ نمایشده‌كرێن، له‌وانه‌: فیلمی سینه‌مایی "نیوه‌ مانگ" له‌ ده‌رهێنانی "به‌همه‌ن قوبادی"، فیلمی سینه‌مایی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با" له‌ ده‌رهێنانی "شه‌هرام عه‌لیدی"، فیلمی "من دیت" له‌ ده‌رهێنانی "میراز بێزار"، فیلمی سینه‌مایی "باهۆز" له‌ ده‌رهێنانی "كازم ئوز"، فیلمی "وینترلاند" له‌ ده‌رهێنانی "هیشام زه‌مان"، فیلمی سینه‌مایی "وڵاتی ئه‌فسانه‌" له‌ ده‌رهێنانی "ره‌حیم زه‌بیحی"، فیلمی "كلۆزئاپ" له‌ ده‌رهێنانی "یوكسه‌ل یاڤوز"، فیلمی سینه‌مایی "په‌ڕینه‌وه‌ له‌ غوبار" و فیلمی سینه‌مایی "شوێنێك بۆ یاری" له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی".

فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كوردی زوریخ به‌ پشتیوانی و چاودێری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وڵاتی سویسرا، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها به‌ هاوكاری كۆمپانیای سینه‌مایی سویسی "فیلمپۆدام" و له‌ سێ به‌شی "سینه‌مای كوردی ـ ده‌نگی كوردی"، "سینه‌مای به‌ریتانیا دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م" و "سینه‌مای بێده‌نگ" له‌ رۆژانی 26 تا 30 ئۆگۆستی 2010 له‌ هۆڵه‌كانی سینه‌مای
"فیلمپۆدام" له‌ شاری سویس له‌ وڵاتی سویسرا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌ڕێه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "نارین فیلم".
Top