عەمرو مستەفا هونەرمەند و ئاوازدانەری ناوداری میسڕی لە وەڵامی پرسیارێكی (گوڵان) دا كە ئایا بەنیاز نییە بێتە كوردستان؟ وتی: زۆر حەز دەكەم كوردستان ببینم و هیوادارم بەم نزیكانە بتوانم سەردانی كوردستان و عێراق بكەم بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرتێك. ئێستا كارەكانی ئەلبوومە نوێیەكەی عەمرو مستەفا تەواو بووە و دوای كۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان بڵاوی دەكاتەوە. یەكەم كاری عەمرو مستەفا لەجیهانی هونەردا دانانی ئاوازی گۆرانیەك (خلیك فاكرنی) بوو لە ساڵی 2000 و بەهۆیەوە وەك ئاوازدانەر ناسرا و لەماوەی ئەو دە ساڵەی دواییدا زیاتر لە 200 ئاوازی هەیە لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی عەرەب وەك هەیفا وەهبی، نەوال زوغبی، ئەساڵە نەسڕی، سەمیرە سەعید، وەردەی جەزائیری، سامو زین، شەزا، محەمەد حەماقی، رولا سەعد، كارول سەماحە، ئیهاب تۆفیق، مایا نەسڕی هەروەها نزیكەی 50 ئاوازی بۆ عەمرو دیاب داناوە. ئاوازەكانی ستایلێكی تایبەتیان هەیە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆربەی ئاوازەكانی بۆ زمانەكانی دیكە بەكار بهێندرێت و هونەرمەندانی بیانی بەتایبەتی ئەوروپا بۆ گۆرانیەكانیان سوود لە ئاوازەكانی وەربگرن، هەموو ئەو ئاوازانەش بە دەنگی عەمرو دیاب كراونەتە گۆرانی. لەڕووی گۆرانی وتنەوە خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانییە و نوێترین ئەلبوومی بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە. عەمرو مستەفا سەرەتا تەنیا وەك ئاوازدانەر ناسرابوو، بەڵام دوای ئەوەی گۆرانیەكی بڵاوكردەوە جەماوەری زیاتر بوو و داوایان لێكرد كە ئەلبوومێكی تەواو بڵاو بكاتەوە. هەفتەی رابردوو لە كۆنسێرتی عەمرو دیاب بەشدار بوو، عەمرو دیاب داوای لە جەماوەرەكەی كرد پێشوازی لە عەمرو مستەفا بكەن و گۆرانیان وت بەیەكەوە و وتی عەمرو مستەفا باشترین ئاوازدانەری عەرەبە. ئێستاش چوارچێوەی كارەكانی عەمرو مستەفا فراوانتر بووە و بەنیازە لەسەر داوای گروپێكی هونەری سویدی ئاواز بۆ ئەلبوومەكەیان دابنێت.