هونەرمەند بەیان زەریفی: راگەیـاندن نـاتوانێت راستییەكان وەك خـۆی بگەیـەنێت

هونەرمەند بەیان زەریفی: راگەیـاندن نـاتوانێت راستییەكان وەك خـۆی بگەیـەنێت
بەیان زەریفی لەدایكبووی شاری سلێمانییە، هەر لەسلێمانیش نیشتەجێیەو قۆناغەكانی خوێندنی لە سلێمانی تەواو كردووە بە پەیمانگای هونەرە جوانەكانیشەوە. لەساڵی 1986 دواتر بووە بە مامۆستا 7ساڵ مامۆستا بووە دواتر وەك راگەیاندنكار لە تەلەفیزیۆنەكان دواتر لە ناو باخچەی ساوایان كاری كردووە، بەڵام لە لەچەندین كورتە فیلم و دراماكانیش بەردەوام رۆڵی گێڕاوە و بەردەوامە، بۆیە ئێمە وەك گۆڤاری گوڵان لە شاری سلێمانی رووبەڕووی چەند پرسیارێكمان كردەوە.
دیمانە/ سۆزان عەلی

* سەرەتا حەز دەكەین كەمێك باس لە سەرەتاكانی ژیانی هونەریت بكەی؟
- هەموو ژیانم تەرخان كردووە بۆ دوو بوار، یەكەمیان بۆ منداڵان و دووەمیان بۆ دراما و هونەر. سەرەتای كارەكانم شانۆ بووە، بەڵام دواتر لە چەند كورتە فیلمێك بەشدار بووم دواتر لەسەر پێشنیاری حوسێن میسری لە چەندین درامای بەناوبانگدا بەشدار بووم وەك (گوڵە بەڕۆژەكان، حەسەنە فەندی و نیشتمان، خانمی سپێدە، نامەكانی ئەشرەف و چەندین درامای تر، ئەم كارانە هەموویان بۆمن ئاسایی بوون، چونكە هەموو ئەو كارانەی كە رۆڵم هەبووە تێیاندا بەسەر خۆمدا هاتووە، بۆیە بۆم قورس نەبوون. بۆ نموونە رۆڵ بینین وەك خاوەن خانوویەكی خراپ ئەوە بەسەر خۆم هاتبوو لە نەوەدەكان لە خانووی بە كرێدابووم خاوەن خانووەكەم زۆر خراپ بوو لەگەڵم، هەر بۆیەش هەموو ئەو كردەوانەی ئەوم رۆڵ گێڕایەوە و پیشانی بینەرم دا كە ئەوە حاڵی زۆربەی كرێچییەكانە.
* دەرهێنەری خوالێخۆشبوو حوسێن میسری چ كاریگەرییەكی هەبووە لەسەر دەرخستنی تواناكانت؟
-حوسێن میسری گۆڕانی گەورەی دروست كرد لە كاری مندا، بۆ نموونە منی لە قۆناغی كاری منداڵانەوە هێنایە ناو كاری گەورەوە، ئەوەش بە ئاسانی ناكرێت و پێویستی بە خۆ ماندوو كردنە، فێری كردم چۆن مامەڵە لەگەڵ گەورە بكەم، چونكە من وەك منداڵ مامەڵەم لەگەڵ گەورە دەكرد.
* جیاوازی چییە لەنێوان وەستان لەسەر تەختەی شانۆ و دراما لای تۆ؟
-هەردوو بوارەكە بۆ من پیرۆزە، بەڵام هەریەكەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە شانۆ راستەوخۆ بەرامبەر بینەر دەوەستی، ئەوەش هەستێكی تایبەت بە ئەكتەر دەدات، بەڵام لە درامادا بینەر لە چاوی كامێراوە دەتبینێت، ئەوەش دەبێت ئەكتەر خۆی ئەو هەستە دروست بكات بۆ بینەر. بەڵام من لە رۆڵەكانمدا زۆر راستگۆیانە بەشدار بووم، چونكە ناتوانم تەنها رۆڵ بگێڕم، زۆربەی ئەو رۆڵانەی من بینویمە بە راستەقینە لە ژیانی خۆمدا بەسەرم هاتووە، بۆ نموونە ئەگەر حیوارێك پێویست بوایە كە بگریم، راستەوخۆ دەستم دەكرد بەگریان، چونكە دەتوانم بگریم بەهۆی ئەو رووداوانەی كە لەژیانمدا روویانداوە.
* بۆچی لە گەردەلوول بەشدار نەبویت؟
-كاتێك كە ئەوەم بیست كاك جەلیل خەریكی كارێكی لەو شێوەیە. پێی وتم ئەوە درامای گەردەلوول دروست دەكەم رۆڵێكی باشم بۆ داناوی ئاگادارت دەكەمەوە، دوای ماوەیەكی زۆر بینیم درامەكە پەخش دەكرێت. كە بینیمەوە پێم وت كە ئەو بەڵێنی بەمن دابوو رۆڵێكم پێبدات. وتی ببوورە لە بیرم چوویت، بەڵام ئەوە خەریكی گەردەلولی دووەمم دەورت بۆ دادەنێم، بەڵام هەرواش نەبوو. دواتر ئەوە خەریكی وێنەی بەشی سێهەمیشە تا ئێستاش وەڵامی نەداومەتەوە. تەنها ئەوەندە دەڵێم بەداخەوە.
* لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا چەند درامایەك لە كاتی پەخش و پێش پەخش وەستا، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
-كێشەكە لە راگەیاندنەكانەوەیە تائێستاش راگەیاندنی كوردی ترسنۆكانە دراما پیشانی بینەر دەدات، ناتوانێت راستییەكان وەك خۆی بگەیەنێت. هەتا ناتوانن بێنە سەر شاشەو پێش پەخشكردن یاخود لەكاتی پەخش روونكردنەوەی لەسەر بدرێت و بڵێت دراماكە بیبینن ئەوسا با رەخنە بگیرێت بزانین ناوەڕۆكی ئەم درامایە چییە؟ هۆكارێكی تریش دڵ گەرمی ئەو كەسانەیە كە تووشی ئەو رووداوانە بوون كە لەدراماكاندا دەگێڕێنەوە. خەڵكی ئێمە زۆر عاتیفین دەگەڕێنەوە ناو ئەو رووداوەی كە بەسەریاندا هاتووە، هەر بۆیە ئەوا نارەحەت دەبن.
*هۆكاری كەمبوونەوەی بینەری شانۆ چییە؟
- هۆكارەكەی سستی نووسەرە، نووسەری چالاكمان نییە بۆ ئەوەی سیناریۆی باش دروست بكرێت، بۆ نموونە پێمخۆشە ژیانی خۆم بكەم بە سیناریۆ، بەڵام كوا سیناریۆنووسی وامان نییە ئەو كارە بكات. نووسەر خۆی ماندوو ناكات سیناریۆی باش بنووسێت، دێت دەقێكی بیانی وەردەگێڕێت و دەیكات بە شانۆگەری.
* تەنیایی لە ژیانی تۆدا چی دەگەیەنێت؟
- لە ژیان دا رووداوی زۆرم بەسەردا هاتووە وەك مردنی ئازیزانم، بۆیە هەست بەتەنیایی دەكەم، چونكە ئەوانە منیان بەجێهێشتووە، زۆر جار وام لێدێت حەز دەكەم بچمە لای ئەوان، چونكە ئەوەی من خۆشمبووێن لەدنیادا نەماون. هەر بۆیەش تووشی بێهیوایی بوومە لە ژیانمداو هەست بەو تەنیاییە بەردەوامە دەكەم. بەجێهێشتنی ئەو ئازیزانە كارێكی زۆر قورسە بۆ من. لەنەوەدەكان ژیانی هاوسەریم پێكهێنا، بەڵام زۆری نەخایاند و لەیەك جیابووینەوە، ئێستا بۆخۆم و خوشكێكم بەیەكەوە ژیان بەسەر دەبەین.
*پێت خۆشە لە كام شاری كوردستان ژیان بەسەر بەریت؟
- دهۆكم زۆر پێخۆشە، چونكە شارێكی زۆر پاك و جوانە، كەركویشم زۆر پێخۆشە، چونكە خوشكەكەم لەوێ دەژیا، بەڵام ئێستا لە ژیاندا نەماوە، زۆربەی ژیانی مناڵیم لەوێ بەسەر بردووە و بووە بە یادگاری لەلام.
* ئەو گۆرانیانەی گوێیان لێدەگریت كامانەن؟
- گۆرانیەكانی كەمال محەمەد زۆر گوێ دەدەمێ، چونكە زۆربەی ژیانی منی داگیركردووە. كازم ساهیریش گوێ لێدەگرم، چونكە ئەمانە دەمگەڕێنتەوە بۆ ساڵی هەشتاكان.
* جگە لەهونەر پێت خۆش بوو لەچ بوارێكی تردا ئیش بكەیت؟
- حەزدەكەم لە بواری سیاسیدا كارم بكردایە، بەڵام وەك پێوەندی سیاسی ئەوەم بكردایە واتە وەك سەفیر لەدەرەوەی كوردستان كاری سیاسیم بكردایە، چونكە ئەوە حەزی من بووە.
Top