ڤیان مایی: لە دهۆك هۆڵێكی سینەما هەیە داخرابا باشتر بوو

ڤیان مایی: لە دهۆك هۆڵێكی سینەما هەیە داخرابا باشتر بوو
دوای سەركەوتنی فیلمی (كەڤوكا سپی) كە لە دەرهێنانی خاتوو ڤیان مایی بوو و سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا، ئێستا ڤیان مایی خۆی ئامادە دەكات بۆ دەرهێنانی فیلمێكی تر كە لە گۆرانییەكی كولتووری كوردی بە ناوی خورشیدی چاو بەخاڵ وەرگیراوە و هونەرمەندی گۆرانیبێژی دەنگخۆشی باكووری كوردستان (دیار دەرسیم) رۆڵێكی سەرەكی تێدا دەبینێ، لە پاڵ ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندانی پارچەكانی كوردستان كە هەندێكیان لە دەرەوە هاتوونەتەوە بۆ بەشداری كردن لەم فیلمە.ڤیان مایی لە بارودۆخی ئێستای سینەمای كوردی رازی نییە بۆیە ئێمەش بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەكەڵدا ساز بكەین.
دیمانە: دارۆ
* یەكەم فیلمت بەناوی چی بوو؟
_ یەكەم كاری من كورتە فیلمێك بوو لە سوید، سینەمایی نەبوو، بەڵكو لەبەشی فیلمسازی كۆمۆنیكەیشن وەكو گروپ كە چەند كەسێك بووین فیلمەكەمان بەرهەمهێنا بەناوی نامە، كە هاتمەوە كوردستانیش یەكەم فیلمی من ناوی (مەرگ و نامووس) بوو.
*سینەمای كوردی چۆن دەبینی؟
_ فەوزایە، فەوزایەكی زۆر گەورە هەیە، ئیش هەیە لەناوەوە و دەرەوەی كوردستان، بەڵام بەبێ رێكخستن وەك شتێك بەبێ چاودێری.
* كێ بەرپرسیارە لەو فەوزایە؟
_ هەموومان بەرپرسیارین، بۆ نموونە لەهەر شوێنێك ئەگەر كەسانی دڵسۆز هەبن و دەست بخەنە ناو دەستی یەك، چارەسەری فەوزا دەكرێت، چونكە هەر ئێمە فەوزا دروست دەكەین و چارەسەریش لای ئێمەیە، ئەوە سێ ساڵ دەبێت لەگەڵ چەند هاوڕێیەك پڕۆژەیەكمان پێشكەش كردووە بە وەزارەتی رۆشنبیری، وەڵامیان نەداینەوە و هیچ بایەخیان پێ نەداوە. ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین و نەوەستین لە هەوڵدان. ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە ئێمە نازانین كە نەزانین هەروەها بەرگەی رای یەكتر ناگرین، ئەوانەی لە وەزارەتی رۆشنبیرین پسپۆر نین لەو بوارە و بڕیار لەدەست كەسی پسپۆردا نییە. دەبێت پەیمانگایەك هەبێت و لەچەند بەشێك پێك بێت و كەسی بەرپرسیار و شیاو بەڕێوەی ببات. لەپڕۆژەكەمدا ئەوەم باس كردووە و پێشكەشی وەزارەتم كردووە و بەشێوەیەكی جوان و رێك و پێك نووسیومە. جگە لەوەش پێشكەشی چەند كەسێكمان كردووە لەگروپی رۆشنبیری پەرلەمان. ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە هیچ باش نییە و بەرەو خراپترمان دەبات. دژی ئەو سیستەمەم و پێمباشە پەیمانگا هەبێت لەوەزارەتی رۆشنبیری یان هەر شوێنێكی دیكە بۆ بەرەو پێشبردنی زمان و سینەما و كەلەپور و كەسی دڵسۆز و پسپۆر كاری تێدا بكەن.
* تاچەند هیوات ماوە بۆ ئەوەی وەڵامی پڕۆژەكەت بدرێتەوە؟
_ وەك وتم خۆم پڕۆژەم پێشكەش كردووە و لەبەر دەستی وەزیر دایە. هیچ وەڵامی نەبووە، پێچەوانەی پڕۆژەكە بڕیار و پێشنیار دەردەكەن، زیاتر رۆتین دروست دەكەن.
* تۆ لەگەڵ ئەوەدای سینەماكاران بەپرسیاریەتی وەربگرن لەوەزارەتی رۆشنبیری؟
_ هەردوو لا هەڵەن، چەند جار وتوومە و دەڵێم ئیشی وەزارەت دروستكردنی فیلم نییە. لەدنیادا وەزارەتی كولتوور كاری پشتیوانیكردنی كولتوورە، كاتێك دەبینێت وەزارەتی رۆشنبیری سوود لەكادیری سینەمایی لە دەرەوە یان لەزانكۆ وەربگرێت. پشتیوانی بكات لە كۆمپانیا سینەماییەكان و كار بكەن بۆ ئەوەی فیلم كۆپی نەكرێت. نەك سینەماكار ببنە كارمەند. ناڵێم با سینەماكار ببنە بەڕێوەبەری گشتی لەبەر ئەوەی ئەوە ئیشی سینەماكار نییە لەپشت مێز بوەستێت. پێویستە وەزارەت بەشێك لەپارەی خۆی دابنێت بۆ دروستكردنی هۆڵی سینەما و پێگەیاندنی كادیری سینەمایی و سازدانی فیستیڤاڵ و هاوكاریكردنی كۆمپانیاكان. تا ئاسانكاری بكات نەك پڕۆژەی هەندێك كەس قبوڵ بكەن و هی هەندێك كەسیش نا. تا ئێستا وەك ژنێك لەوەتەی هاتوومەتە كوردستان چوار فیلمم دروستكردووە، چوار دینارم وەرنەگرتووە.
*بەڵام زۆر سینەماكار هاوكاریان كراوە پێتوایە بۆچی تۆ بێبەشكراوی لەمە؟
_ ئەوە بەشێكە لەو فەوزایە. یەكێكی فارس دێت فیلمێك دروست دەكات وەزارەت دەبێتە خزمەتكاری، بەڵام كە ڤیان مایی فیلمێك لەسەر كەلەپور و جوانی كوردستان دروست دەكات یەك نامەشی پێنادەن بۆ وێنەگرتن.
*پێتوایە تاكەی ئەو فەوزایە بەردەوام دەبێت؟
_هیوادارین و هەوڵ دەدەین، هەوڵدان بۆ من ژیانە، هەرگیز بێدەنگ نابم ئیش و كارم سینەمایە و لەبەر ئەوەش لەخەبات بەردەوام دەبم. باوەڕم وایە خەڵكی دیكەش هەیە وەك من . زۆر كەس وتوویانە هێشتا نەگەیشتووینە ئەو قۆناغەی سینەمامان هەبێت، ئەوان هەڵەن لەبەر ئەوەی میللەتی ئێمە زۆر حەز لەسینەما دەكات و عاشقی سینەمان.
*شاری دهۆك چەند هۆڵی سینەمای هەیە؟
_هیچ هۆڵی سینەمای لێ نییەو تەنیا یەكێكی كۆن و ناڕێك هەیە زۆر بێسەروبەرە، ئەگەر داخرابا زۆر باشتر بوو، لەبەر ئەوەی تەنیا ناوەكەی سینەمایە و هۆڵێكی تاریك و خراپە و فیلمی خراپی تێدا نمایش دەكرێت كە سومعەی سینەما خراپ دەكات بەوەش سینەما لەبەر چاوی خەڵك ناشرین دەبێت. فیلمی ناشیاو لێدەدرێت خەڵك بەچاوێكی تر سەیری سینەما دەكات ئەوە سێ ساڵە داوای پارچە زەوییەك دەكەین بۆ دروستكردنی هۆڵێكی سینەمایی، ئەگەر هۆڵەكە دروست ناكەن با ئەوەی ئێستا هەیە دابخەن ئەگەر گوڵ نەبێت با دڕكیش نەبێت با ئەو سینەمایە دابخرێت تاكو سینەما لەبەر چاوی خەڵك ناشرین نەبێت.
*چەند رێزلێنان و خەڵاتت وەرگرتووە؟
_لە شاری لەندەن لەناو هەموو فیلمەكانی باشوری كوردستان كە وەزارەتی رۆشنبیری پارەی داوە، تەنیا فیلمەكەی من خەڵات كرا، زۆر جار لەوڵاتانی ئەوروپا داوەتنامەم بۆ هاتووە. لە دوبەی بە جلی كوردی چووم بە زمانی كوردی قسەم دەكرد و بەناوی كوردستان بەشداریم كرد. لەكوردستانیش خەڵاتی جۆراوجۆرم بەدەست هێناوە. بەڵام ئەوەی لای من لەخەڵات گرنگترە ئەو فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیانەی كاتێك وەك ژنێكی كورد بەشدار دەبم لای من زۆر گەورەیە، بۆ نموونە فیستیڤاڵی مالموێ لە سوید كە جیهانییە، یەكەمجار بوو ژنێكی كورد بەشدار بێت لەو فیستیڤاڵە.
*دەكرێت هەندێك زانیاریمان بدەیتێ دەربارەی نوێترین فیلمی خۆت؟
_ فیلمێكی درێژە، 90 خولەكە، لەسترانی كەلەپوری كوردی خورشیدی چاو بە خاڵ دروست بوو. دیار نییە ناوی چییە ناوێكی سیمبولی دەبێت.
*چۆن بوو دیار دەرسیمت هەڵبژارد؟
_ حەزم كرد هونەرمەندێكی ناودار بەشدار بێت، هەستم كرد رۆڵی خورشید لە دیار دێت، كاتێك دیارم بینی هەستم كرد كە دەتوانێت رۆڵی خورشید بەرجەستە بكات.
*ئەی بۆ نازدار بەشداری نەكرد؟
_ بڕیار بوو بەشداری بكات، بەڵام هەندێك هۆكار هاتنە پێش و رێكنەكەوت. حەزم دەكرد بەشدار بێت، دواتر كەسێكی دیكە جێگەی گرتەوە.
* كەی كۆتایی بەكارەكانی فیلمەكە دێت؟
- ئەوەی ماوە تەنیا موزیكە و نازانین كەی تەواو دەبێت.
Top