به‌همه‌ن قوبادی به‌ هۆی گرفتی ڤیزاوه‌ ناتوانێت بڕواته‌ ژاپۆن

به‌همه‌ن قوبادی به‌ هۆی گرفتی ڤیزاوه‌ ناتوانێت بڕواته‌ ژاپۆن
فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی، له‌ لایه‌ن كۆمپانیای ژاپۆنی "مۆڤیۆلا" Moviola له‌ سینه‌ماكانی وڵاتی ژاپۆن نمایش ده‌كرێت و به‌همه‌ن قوبادی به‌ هۆی گرفتی ڤیزا و پاسپۆڕته‌وه‌ ناتوانێت له‌ كاتی نمایشكردنی فیلمه‌كه‌یدا له‌م وڵاته‌ ئاماده‌بێت.
ئه‌م فیلمه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆگۆست له‌ شاری تۆكیۆ، له‌ مانگی سێپته‌مبه‌ر له‌ شاره‌كانی ئۆزاكا و ناگۆیا، له‌ مانگی ئۆكتۆبر له‌ شاره‌كانی كیۆتۆ، شیزۆكا و ساپۆرۆ و هه‌وره‌ها له‌ وه‌رزی پاییزدا له‌ شاره‌كانی كۆبێ و فۆكۆكا نمایش ده‌كرێت.
به‌ بۆنه‌ی نمایشی فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" به‌ ره‌سمی بانگهێشت له‌ به‌همه‌ن قوبادی كراوه‌ تاوه‌كوو له‌ كاتی نمایشكردنی ئه‌م فیلمه‌دا له‌ وڵاتی ژاپۆن ئاماده‌بێت، كه‌ به‌ هۆی گرفتی پاسپۆڕته‌وه‌ ناتوانێت له‌ كاتی نمایش كردنی فیلمه‌كه‌یدا له‌ ژاپۆن ئاماده‌بێت، په‌یامێكی بۆ بینه‌رانی ئه‌و وڵاته‌ ناردووه‌ كه‌ ده‌قی ته‌واوی په‌یامه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌:
هه‌ر جارێك كه‌ بڕیاربوو بۆ به‌شداریكردن له‌ فیستیڤالێك یا بۆ ئاماده‌بوون له‌ رێوڕه‌سمی نمایش كردنی یه‌كێك له‌ فیلمه‌كانم سه‌ردانی ژاپۆن بكه‌م، بۆ ئاماده‌بوون له‌م وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌، ساته‌كانم ده‌ژمارد. چونكه‌ هۆگرییه‌كی زۆرم به‌ فه‌رهه‌نگ و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ بارودۆخێكدام كه‌ به‌و هه‌مووه‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ كه‌ له‌ مندا هه‌یه‌، ئه‌مجاره‌ ناتوانم سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌م بكه‌م. ته‌واوی لاپه‌ڕه‌كانی پاسپۆڕته‌كه‌م پڕ بۆته‌وه‌ و جێگایه‌كی خاڵی تێدا نییه‌ كه‌ ڤیزای لێبدرێت و كاتێك كه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی پاسپۆڕته‌كه‌م سه‌ردانی یه‌كێك له‌ باڵیۆزخانه‌كانی ئێران له‌ ئه‌وروپام كرد، به‌ منیان گوت به‌ پێی یاسایه‌ك كه‌ تازه‌ په‌سند كراوه‌، نوێكردنه‌وه‌ی پاسپۆڕت ته‌نیا له‌ ناوه‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام ده‌درێت.
من به‌ باشی ده‌زانم كه‌ رۆیشتنی من بۆ ئێران، ئه‌گه‌ر به‌ند كردنمی به‌دواوه‌ نه‌بێت، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی لانی كه‌م ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌م له‌ ئێران قه‌ده‌غه‌ بكرێت و ئه‌و پاسپۆڕته‌ بێ لاپه‌ڕه‌ خاڵییه‌ش له‌ده‌ست بده‌م. هه‌ر به‌م پێیه‌ رێگایه‌كه‌م نییه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ رێگای وڵاتێكی دیكه‌وه‌ مافی شارۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دووه‌م وه‌ربگرم تاكوو بتوانم له‌مه‌به‌دواوه‌ به‌ ئازادییه‌كی زیاتره‌وه‌ درێژه‌ به‌ سه‌فه‌ره‌كانم بده‌م. ره‌نگه‌ له‌ رێگای كوردستانی عێراقه‌وه‌، بتوانم پاسپۆڕتی دووه‌مم به‌ده‌ست بێنم.
ده‌وڵه‌تی نایاسایی ئێران خۆشحاڵه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ گه‌شته‌كانمدا گرفتم بۆ پێش هاتووه‌. چونكه‌ ده‌زانێت كه‌ ئاماده‌نه‌بوونی من ده‌توانێت زیان له‌ نمایشی كردنی فیلمه‌كه‌م له‌ وڵاته‌ جۆراوجۆره‌كاندا بدات. ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌زامه‌ندییان نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ فیلمه‌كه‌ی من له‌ وڵاته‌ جۆراوجۆره‌كانی دنیا نمایش ده‌كرێت و نایانه‌وێت دنیا له‌گه‌ڵ گه‌نجانی به‌وزه‌ و خوڵقێنه‌ر و به‌فه‌رهه‌نگی ئێرانی و گرفته‌كانیان ـ كه‌ ئێوه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ له‌ فیلمه‌كه‌مدا ده‌بینن ـ ئاشنا ببن.
به‌ داوای لێبوردن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانم له‌ ته‌نیشتی ئێوه‌دا بم، هیوادارم له‌ رێگای ئێسكایپه‌وه‌ بتوانم به‌ شێوه‌ی مه‌جازی له‌ به‌شێك له‌ وتووێژه‌كان و كۆنفرانسه‌كاندا ئاماده‌ بم. داواتان لێده‌كه‌م یارمه‌تی بده‌ن تا فیلمه‌كه‌م له‌ وڵاته‌كه‌تاندا به‌ باشترین شێوه‌ نمایش بكرێت و ببیندرێت. له‌ ئێوه‌ داوا ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر فیلمه‌كه‌تان پێ خۆش بوو، له‌ رێگای ئیمه‌یل و ته‌له‌فۆن و هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌ڤاڵانتان بۆ بینینی فیلمه‌كه‌ هان بده‌ن تا من و گرووپه‌كه‌م له‌م رێگایه‌وه‌ به‌ به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانی
خۆمان بگه‌ین. ئه‌م فیلمه‌ پێویستی به‌ بینه‌رانی تێگه‌یشتووی وه‌كوو ئێوه‌ هه‌یه‌.
Top