شەهرام عەلیدی: پسپۆرێـكی سیـنەما پێی وتین: تا پێتان دەكرێت تێكەڵی كاری بازرگانی مەبن
* حەز دەكەین لە (سرتە لەگەڵ با)وە دەست پێبكەین، بەچی گەیشتووە؟
- لەم ماوەیەدا بەشێوەیەكی بەردەوام پێشكەش دەكرێت و دواجاری لەتوركیا و فەرەنسا بوو.
*تا ئێستا چەند جار خەڵات كراوە؟
- لەشوێنی جیا جیا و بە هەموو خەڵات و رێزلێنانەكان نزیكەی هەژدە جار خەڵات كراوە و رێزلێنانی پێ بەخشراوە.
*دوای ئەوەی فیلمەكە ئەو سەركەوتنەی بەدەستهێنا هەستت چی بوو؟
- بە راستی هەستێكی زۆر سەیر لەدڵمدا بوو، كاتێك ناوی فیلمەكەیان بە كوردی خوێندەوە، بۆ من شتێكی زۆر خۆش بوو، هەستم كرد و بۆم دەركەوت ئەگەر هەوڵ بدرێت، ئەوا كورد وەك میللەتێك دەتوانێت بڵێت بەڵێ من هەم و هیچم لە میللەتانی جیهان كەمتر نییە.
* تۆ بوویتە هۆی ئەوەی فیلمەكە بگاتە كان یان فیلمەكە تۆی گەیاندە ئەو شوێنە؟
- وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ من نابێت، ئەركی سەرشانی من ئیشكردن و دروستكردنی خەونە، ئەو خەونە نووسین و كردنی بە دیكۆر و دەربڕین و دەور و بەشەكانی دیكە دەگرێتەوە، دوای ئەوەش تەواوی هێزی خۆم بەكارهێنا و كەمتەرخەمیم نەكرد، هەندێ جار بیردەكەمەوە و دەڵێم خۆزگە بەربەست كەمتر بووایە، لە 60%ی توانام بۆ فیلمەكە بەكارهێنا و ئەوەی تر بۆ دەرەوەی كاری دەرهێنان بوو، بۆیە واهەست دەكەم حەقی تەواوم داوە بە فیلمەكە.
*(سرتە لەگەڵ با) بە هەموو پێوەرەكان فیلمێكی سەركەوتوو بوو، ترسی ئەوەت نییە فیلمی داهاتووت بەو شێوەیە نەبێت یان گران نییە فیلمێكی لەو ئاستە یان بەرزتر دەربهێنی؟
- پرسیارێكی جوانە، لێت ناشارمەوە لەو وڵاتانە سەدان ئیمێلمان بۆ هاتووە، ئەو كاتەی ئێمەیان بانگ كرد سەرۆكی بەشی رەخنەگران وتی هاتنە ئەم بەشە زۆر سەختە داوای كرد لەسەر هەمان ئاست بمێنینەوە، تۆ كە دەگەیتە ئەوێ بۆت نییە بێیتە خوارەوە، كە لای ئەو بووین بە حەفت دەرهێنەری وت: تا پێتان دەكرێت تێكەڵی كاری بازرگانی مەبن، هەر بۆ داهێنان و زمانی میللەتەكەتان كار بكەن، ئەو بەشە یەكێك لەئامانجەكانی پێشخستنی زمانی سینەما و داهێنانە. ئێستا پێموایە بەڵێ سەختە و كاری داهاتوومان زۆر قورستر دەبێت لەوەی ئێستا و ئەركی سەرشانمان زیاتر دەبێت. كەسانێكی زۆریش داوایان كردووە و ئامادەیی خۆیان پیشان داوە بۆ ئەوەی لەكاری داهاتوو لەگەڵ ئێمە بەشدار بن.
*ئاماژەت بە بوونی بەربەست كرد، ئەو بەربەستانە تاچەند كاریگەری نێگەتیڤیان هەیە لەسەر سینەمای كوردی؟
- برادەرێكم قسەیەكی جوانی كرد، وتی: كەس ناتوانێت بەر لە هونەر بگرێت، پێشتر ئاستەنگەكان زیاتر بوون ئێستا باشترە، كێشەكە ئەوەیە ئەوەی كە پێویستە یارمەتیت بدات، یارمەتیت نادات و ناچار دەبیت لە رێگەی شوێنی دیكەوە كاری خۆت بكەیت؟
*بەربەستەكان كەسین یان گشتین، تەنیا بۆ تۆ هەن یان بۆ هەمووان وەك یەكە؟
- تەنیا بۆ من نییە، بۆ هەموو سینەماكاران وەك یەكە، هەندێ كەس خۆپەرستن و حەز دەكەن لەهەموو شوێنێك و هەموو كارێك سوودمەند بن.
*كێشەكە لە سیستەمەكەدایە یان لەدانانی كەسی نەشیاو؟
- لەدانانی كەسی نەشیاو و خۆپەرستە، سیستەمەكە چارەسەر دەكرێت بەدانانی كەسی شیاو و لێهاتوو.
*ئاماژەت بۆ ئەو ئامۆژگارییە كرد كە باسی دووركەوتنەوە لە هونەری بازرگانی دەكات، كەچی سینەمای هۆلیۆد لە لوتكەدایە و بازرگانییشە؟
- ئێستا هۆلیۆد گۆڕاوە هۆلیۆدی جاران نییە، مەبەستی خۆیان تێكەڵ كردووە، ئێمەش دەبێت مەبەستەكانی خۆمان بپێكین، زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە تێكەڵی كاری سیاسی نەبین و باسی نەكەین، بەڵام میللەتی ئێمە بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە، دەبێت ئەو بارودۆخە روون بكەمەوە كە میللەتی ئێمە تێیدایە و باسی بكەم.
*بەراوردكردنی سینەمای ئێمە لەگەڵ كام سینەما دەكرێت و لەیەكەوە نزیكن؟
- سینەمای ئێمە زیاتر لەسینەمای رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە نزیكە، ئێستا سینەمای ئەوروپا و ئەمریكا لەگۆڕاندان، سینەمای ئەمریكا دەیەوێت وەك هی ئەوروپای لێ بێت و ئەوەی ئەوروپاش هەوڵ دەدات سوود لەتەكنۆلۆژیای ئەمریكا وەربگرێت. خەریكە سینەمای كوردی دەبووژێتەوە و لەكاری خۆمدا گۆڕانكاریم كردووە و تەكنۆلۆژیام زیادكردووە بۆ ئەوەی كاریگەری زیاتر بێت كە زیاتر بەهۆی كۆمپیوتەر و لەناو ستۆدیۆ دەبێت.
*چی نوێت لەبەرنامەدایە؟
- بەنیازی سیناریۆیەكم خەریكە دەگاتە ئەنجام، ئێستا هیچ پاڵپشتیەكم نییە و بە تەنیام تا ئەو كاتەی سیناریۆیەكە تەواو دەبێت، بەڵام دڵنیام كە وەك جاران بەربەست دێنە رێگەمان تا كارەكە تەواو دەبێت.