یەكبـــــــوون بۆ گوڵان: پێویستە هونەری نوێ ئەفراندنی تێدا بكرێ و فـــۆلكلۆریش لــــــە ون بوون بپارێزرێ
*هۆكاری سەردانی ئەم دواییەت بۆ كوردستان چی بوو؟
- لەسەر داوەتنامەی كەناڵ 4 بوو بۆ بەشداریكردن لە بەرنامەی ئارامۆ شۆ، دواتر لە رێگەی كاك عادل حەسەن بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری دهۆك بەشداریم كرد لە كردنەوەی پانۆرامای ئازادی، هەروەها كۆنسێرتێكی سەركەوتووم لە هۆڵی محەمەد عارف جزیری ساز كرد.
* كەی بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵ دەستت بە كاری هونەری كردووە؟
- لە ساڵی 1990 بەشێوەی ئەماتۆر دەستم بە كاری هونەری كردووە، دواتر هەنگاو بە هەنگاو بەردەوام بووم تا گەیشتمە ئەو ئاستەی ئێستا.
* ئەم جارە لە كوردستان چ جیاوازییەكت بەدی كرد لەگەڵ یەكەم سەردانت بۆ كوردستان؟
- یەكەمجار لە ساڵی 1993 هاتم بۆ كوردستان، كاتێك لەسەر سنوور بینیم بە گەورەیی نووسراوە بە ئینگلیزی نووسراوە( بەخێر بێن بۆ كوردستان) تووشی شۆك هاتم، وەك ئەوەی بڵێی لە خەونێكدا بم، نەمدەزانی شوێنێك هەیە كە ئاڵای كوردستان تێدا شەكاوەیە و ناوی كوردستان تێیدا بەكاردێت، هەروەها لەلای من سەیر بوو خەڵك بە ئازادی بە زمانی كوردی قسە دەكەن.
* ئاستی هونەری كوردی لە باكووری كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- هەر پارچەیەكی كوردستان كاریگەری هونەری ئەو وڵاتەی بەسەرەوەیە كە داگیری كردووە، لە سوریا و عێراق هونەری كوردی لەژێر كاریگەری هونەری عەرەبیدایە، لە ئێران هونەری فارسی و لە توركیاش هونەری توركی كاریگەری بەسەر هونەر كوردییەوە هەیە، پێویستە موزیكی ئەلتەرناتیڤ بەشێوە و ناوەرۆك هەبێت، بەڵام لە تەك هەر شتێكی باش شتی خراپیش هەر دەبێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە باشی لە جیاوازی نێوان شتە باش و خراپەكان بگات و بیانناسێتەوە.
* سترانی فۆلكلۆری لای تۆ چ گرنگییەكی هەیە؟
-هەندێك كەس دژی گۆرانی فۆلكلۆرین، دەڵێم پێویستە شتی نوێ ئەفراندنی تێدا بكرێ، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە لەسەر هونەرمەند كە هەندێك گۆرانی لە ون بوون رزگار بكات، كاتێكیش هونەری فۆلكلۆری بەكار دەهێنێت، دەبێ شتێكی نوێش بكات.
* تۆ گۆرانیت بۆ زنجیرە درامایەكی توركی وتووە، دەكرێ باسی ئەوەمان بۆ بكەی؟
- هاوڕێیەكم كە كوردە و كاری ئامادەكردنی موزیك دەكات، داوای لێكردم بۆ ئەمكارە، خۆیشم حەزم دەكرد بەم شێوەیە دەستمان بە كارەكە كرد، دواتر لەسەر هەندێك گۆرانی توركیش كارم كرد، بەداخەوە زۆر موزیكزانی بە توانا و زیرەكی كورد هەن، بەڵام مخابن كار لەسەر موزیكی توركی دەكەن، چونكە تا ئێستا بازاڕی موزیكی كوردی بەشێوەیەكی وا گەورە نەبووە كە پشتی پێ ببەستن.
* تا ئێستا بە زاراوەی سۆرانی گۆرانیت وتووە؟
- لە ئەلبوومی یەكەممدا بەناوی (نیروانا) گۆرانی ( نەگۆڕاوم)م بە سۆرانی وتووە.
* چۆن دەتوانین ئامێرە موزیكیە كوردییەكان بپارێزین؟
-ئێمە ناتوانین بڵێین كورد ئەم ئامێرانەیان دروستكردووە یان پێشیان خستوون، بەڵام ئەوەی راستی بێت هەندێك ئامێر هەن كە لە موزیكی كوردیدا جێگەی تایبەتی خۆیان هەیە، پێویستە دامودەزگا تایبەتەكان گرنگی بەم ئامێرانە بدەن و پڕۆژەی تایبەت لەم بوارەوە ئامادە بكەن.
* تۆ چ ئامێرێك دەژەنی؟
- بە تەنبوور دەستم پێكرد، بەڵام دەتوانم هەندێك گیتار، پیانۆ بژەنم و ریتمیش ئامادە بكەم.
* گۆرانی تایبەتت بۆ ئافرەتی كورد وتووە؟
- بەڵێ ئێمە پرۆژیەكمان دەربارەی ئافرەت ئامادە كردبوو، چوار ئافرەت بووین، هەر یەكێكمان هێمایەك بووین بۆ پارچەیەكی كوردستان و گۆرانی هەر چوار پارچەی كوردستانمان وت، بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ كۆنسێرتەكان بوو.
*لە باكووری كوردستان ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم ئافرەت چین؟
- بەپێی سیاسەت و بارودۆخی ئێستا كورد پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێ، ئافرەتیش زیاتر ئازاد بووە و چوونەتە نێو بواری سیاسەت و خەباتی رۆشنبیری و هونەری، بەڵام مخابن ئێستاش كەم كەم ئاستەنگ هەر ماون.
* تۆ جارێك وتبووت خەونی من ئەوەیە لەگەڵ سیلین دیۆن گۆرانی بڵێم، بۆچی تەنیا سیلین؟ بۆ خەون بەوەوە نابینی لەگەڵ شاكیرا و مادۆنا گۆران بڵێی؟
- ئەگەر ئەوان قبوڵ بكەن ئاساییە لەگەڵ شاكیرا و مادۆناش گۆرانی بڵێم.
*خەونەكانی ترت چین لە بواری هونەری؟
- زۆر حەز دەكەم ئەلبومێكی جاز دروست بكەم، هەروەها لە بواری فیلمیش حەز دەكەم موزیكی فیلم دروست بكەم، هیوادارم بتوانم یارمەتی منداڵان بدەم و ببمە خاوەن ستۆدیۆیەك.
* دوا پەیڤت چییە بۆ خوێنەران؟
-هەست دەكەم لە وڵاتی ئێمە ئافرەت ئاواتەكانیان ون دەكەن و دەیانكوژن، هەر كەسێك بە خۆی بڵێ من مرۆڤم، پێویستە ئاگاداری دەوروبەری خۆی بێت و بیگۆڕێت و كارێكی وا بكات كە چۆن پیاو مافی هەیە، بەو شێوەیە ئافرەتیش مافی هەبێت و بتوانن زانست بەدەست بهێنن و تەنیا نەبن بە خزمەتكاری ماڵەكانیان، چونكە ئەو كاتە بەسەرچووە، ئێستا خەڵك وشیارە و ئابووری ئێمە باشتر بووە و كەس ناتوانێت پشتی كورد بشكێنێت.