رۆژ كەریم: بەداخەوە ئێمە زیاتر هونەرمەندی بێگانەمان لا خۆشەویستە

رۆژ كەریم: بەداخەوە ئێمە زیاتر هونەرمەندی بێگانەمان لا خۆشەویستە
ماوەی 25 ساڵ دەبێت هونەرمەند رۆژ كەریم لە رێگەی گۆرانی و مۆسیقاوە، خزمەت بە هونەری كوردی دەكات، هەر كاتێك بەرهەمێكی پێشكەش كردبێت ئەگەر لە هی یەكەم باشتر و رەسەنتر نەبووبێت، ئەوا لێی كەمتر نەبووە و بوونی خۆی پێ سەلماندووە بۆ جەماوەر، هەروەها هونەرێك پێشكەش دەكات كە تێكەڵێكە لە هونەرێكی نوێ و سەردەمیانە لەگەڵ هونەری رەسەنی كوردی، رۆژ كەریم ئێستا لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات بۆیە لە دەرفەتێكدا بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز بكەین.

دیمانە: داریۆ

* ئێستا رۆژ كەریم چی نوێی لەبەرنامەدایە؟
_ ئێستا خەریكی تەواوكردنی كارەكانی سیدیەكی نوێم كە بەرەو تەواو بوون دەچێت، زۆربەی ئاوازەكانی هی خۆمە و زۆربەی هۆنراوەكانیش هی هێمنی شێخ عومەرن.

* هونەری كوردی لە چ ئاستێكدایە و گەشبینیت یان رەشبین؟
_ سەرەتا زۆر گەشبین بووم، بەڵام ئێستا كارەكان بەشێوەیەكی تر دەڕۆن و رێچكەیەكی تریان گرتووە، بەڕای من كارێكی زۆر ترسناكە. جوڵەیەكی هونەری زۆر جوان هەبوو لە كوردستان خەریكە ئەو جوڵەیە خامۆش دەكرێت، بەداخەوە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت بۆ هونەری كوردی زۆر خراپە. خەریكە هونەر لە هونەرێكی راستەقینەوە دەگۆڕێت بۆ هونەرێكی تر.

* گۆرانیە رۆمانسیەكانت زیاتر لای جەماوەر ناسراون لەو گۆرانیانەی كە خێران تۆ تێبینیت چییە؟
_ نزیكەی بیست و پێنج ساڵە بەشێوەیەكی بەردەوام گۆرانی دەڵێم و لەناو كاری هونەری دام، لەو كاتەدا هەوڵمداوە بەشێوەیەك گۆرانی بڵێم كە هونەرمەندانی تر نەیان پێكاوە. پێشتر گۆرانی نامە و پەیام بوو، ئێستا دوو لایەنەیە وەك جاران نییە. هەوڵم داوە ستایلی تایبەت بە خۆم هەبێت و ئەوەش لە گۆرانیە رۆمانسییەكانم رەنگی داوەتەوە.

* لە فەیس بووك ناوت هەیە ئایا تۆ بەشداری یان وەك هەندێ هونەرمەند كەسی دیكە ئەو ناوەی تۆی هەڵبژاردووە بۆ خۆی و تۆ ئاگات لێی نییە؟
_ بەناوی راستەقینەی خۆمەوە بەشدارم و كەسێكی دیكەش هەیە بەناوی رۆژ كەریم، بەڵام هاوڕێكانم ئامۆژگاری ئەوەیان كردووم كە بە ناوی خۆم بەشدار بم. زۆر شارەزا نیم و زۆر ئینتەرنێت بەكار ناهێنم، بەڵام وەك وتم پرۆفایلی تایبەتی خۆم هەیە.

*هەندێك لەو هونەرمەندانەی لە تاراوگە دەژین دەڵێن لە كوردستان وەك غەریبە سەیر دەكرێین، ئەوانەی كوردستانیش دەڵێن ئەوەندەی یارمەتی ئەوان دەدرێت یارمەتی ئێمە نادرێت، تۆ رات چییە دەربارەی ئەمە؟
_ بە بڕوای من ئەو هونەرمەندانەی لە كوردستان دەژین نییە مووچەی نەبێت و یارمەتی نەدرابێت. بۆچی پێویستە یارمەتی هونەرمەندانی تاراوگە بدرێت، لەبەر ئەوەی ئەوانە هونەری كوردیان بەرەو پێشەوە برد و لەگەڵ رێزم بۆ هونەرمەندانی كوردستان زۆرینەی كارە باشەكان لەسویدەوە دەردەچن و بڵاو دەبنەوە و هونەرمەندانی كورد لە سوید ئەتوانم بڵێم شۆڕشێكیان بەرپاكرد لەڕووی هونەرییەوە. بە هەمان شێوە هەقی خۆیەتی بەپێی پێویست هاوكاری هونەرمەندانی كورستانیش بكرێت، بەڵام بەداخەوە زۆربەی كارەكان رێچكەیەكی كەسی و تایبەتیان وەرگرتووە لە وەزارەتەكان و بەرپرسەكان.

*وەك كوردێك ژیانی تاراوگەت پێ چۆنە؟حەز دەكەی ئێستا لەسوید یان لە كوردستان ژیان بەسەر ببەی؟
_ زۆربەی ئەوانەی هاتوونەتە دەرەوە هەمووی بەهۆی باری ئابووری و سیاسی بووە، ئەگەر تێبینی بكەی زۆربەمان بەنیازین بێینەوە، من یەكێكم لەو كەسانەی ئاواتەخوازم بێمەوە، هەموو رۆژێك بیر لەوە دەكەینەوە بێینەوە وڵاتی خۆمان. بەڵام هاتنەوەش قسەی خۆی هەیە، من چەندین ساڵە لێرەم ژیانم بۆخۆم پێكهێناوە ئێستا بێمەوە كوردستان هیچم نییە و دروستكردنی ژیان جارێكی دیكە كارێكی قورسە. كە دێیتەوە كوردستان بەشێوەیەكی تر مامەڵەت لەگەڵ دەكەن، وەك غەریبە و بێگانە، یەكەم شت لە فڕۆكەخانە دادەبەزیت تۆ میوانی و پێت دەڵێن ئیقامەت وەرگرت. هەندێ شتت رووبەڕوو دەبێتەوە كە پێویست ناكات هەبێت.

* ئایا جگە لە كوردەكان میللەتانی تر و هاووڵاتی ئەوروپی تاچەند جەماوەری هونەرمەندانی كوردی تاراوگەن و سەرسامن پێیان؟
_زۆربەی جەماوەری ئێمە پێكهاتووە لە كورد، بەڵام بەداخەوە ئێمە واین زۆرتر هونەری بێگانەمان لا خۆشەویستە و زیاتر حەزمان لەهونەرمەندی بێگانەیە نەك كورد، لە كوردستان جەماوەری هونەرمەندی غەیرە كورد زۆرە لە كاتێكدا ئێمە لەڕووی ئاواز و هۆنراوە و گۆرانی وتنەوە زۆر پێشكەوتووین. سەبارەت بە من لەسوید زۆركەس لەكاتی ئامادەبوون لەكۆنسێرتەكان و رووبەڕووش پێیان وتوم دەنگت خۆشە و سەرسامی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر دەنگی من، خۆزگە جەماوەری هونەری كوردی ئەوەندە بایەخی بە هونەرمەندانی بێگانە نەدەدا.

*پێوەندیت چۆنە لەگەڵ هونەرمەندان؟
_زۆربەی هونەرمەندەكان هاوڕێی منن، ئاگاداری هەواڵی یەكترین و پێوەندیمان بەهێزە، لەوانە پەیوەند جاف و ئەژدەر و هەردی و ئەتوانم بڵێم زۆربەیان.

* كاتی خۆی لەسەر گۆرانی ریتا رەخنەی زۆرت ئاراستە كرا، ئێستا چیت هەیە دەربارەی ئەوە؟
_هەموو شتێكی نوێ رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە، كلیپی ریتا بۆ كاتی خۆی شتێكی نوێ بوو، پێش كات كەوت ئێستا ئەگەر سەیری بكەی زۆر كلیپی دیكە بەرهەم هاتوون و زۆر ئاساییە لای جەماوەر، ریتا كلیپێكی كۆمیدی بوو یەكەم جار بوو بەو شێوەیە كلیپێك تۆمار بكرێت، بۆیە هەندێ كەسیش ئەو قسانەیان كرد كە زیاتر بۆ ئەوە بوو خۆیان ناسراو بكەن لەسەر حیسابی من.

* ئەگەر كچێكی وەك ریتا پێت بڵێت خۆشم ئەوێی چی پێ دەڵێی؟
_ ئێستا خێزانم هەیە و خاوەنی كوڕێكم (بەپێكەنینەوە)، بەڵام هەموو قۆناغێكی تەمەن كاردانەوەی خۆی هەیە، خۆی كێشەی كلیپەكە لەوە سەریهەڵدا كە ئەوان لەمەبەستی من نەگەیشتن یان لەپەیامی كلیپەكە نەگەیشتن. گۆرانی ڤیدیۆ لەچەند رەگەزێكی سەرەكی پێكهاتووە وەك ئاواز و هۆنراوە و دابەشكردن و وێنە و مۆسیقا، كە سەیری كلیپەكە بكەی دەزانی پەیامی من چییە، بەڵام وەك وتم كەسانێك بۆ ئەوەی بناسرێن ئەو قسانەیان كرد ئەگەرنا ئێستا زۆر كلیپی تر هەن و بەو شێوەیە رەخنەی لێ ناگرن لەبەر ئەوە ئەوەی من بۆ كاتی خۆی زوو بوو، من پێش سەردەمەكە كەوتم.

* كەی دێیتەوە كوردستان؟
_ خۆشحاڵم بێمەوە كوردستان و زۆر پێم خۆشە بەیەكجاری بێمەوە، خۆزگە لایەنی هونەری ئەوەندە خامۆش ناكرێت، لێپرسراوانی كورد كاریان لەسەر زۆربەی لایەنەكان كردووە لەسیاسەت و بیناسازی و جوانكاری، كوردستان زۆر پێشكەوتووە و شانازی پێوە دەكەین، خۆزگە زیاتر بایەخ بە هونەر دەدرا، ئێستا كۆمپانیاكان زۆر روو لەكوردستان دەكەن و بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەق وایە هونەریش زیاتر بایەخی پێبدرێت و لەو پێشكەوتنە بێبەش نەبێت.
Top