به‌همه‌ن قوبادی له‌ فینله‌ندا رێزی تایبه‌تی لێگیرا

به‌همه‌ن قوبادی له‌ فینله‌ندا رێزی تایبه‌تی لێگیرا
هاوكات له‌گه‌ڵ نمایشی فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "میدنیات سان" له‌ فینله‌ندا رێزی تایبه‌ت له‌ به‌همه‌ن قوبادی گیرا.

فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" له‌ ده‌رهێنانی به‌همه‌ن قوبادی له‌ میانه‌ی 25مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "میدنیات سان" MIDNIGHT SUN له‌ شاری هێلسینكی له‌ وڵاتی فینله‌ندا نمایشكرا و هه‌روه‌ها رێوڕه‌سمی رێزلێنان بۆ به‌همه‌ن قوبادی سازكرا كه‌ تیایدا فیلمه‌ بڵنده‌كانی دیكه‌ی ئه‌م سینه‌ماكاره‌ نمایشكران، له‌وانه‌: فیلمی سینه‌مایی "كاتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان"، فیلمی سینه‌مایی "كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌توانن بفڕن" و فیلمی سینه‌مایی "نیوه‌ مانگ".

فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "میدنیات سان" ساڵی 1986 دامه‌زراوه‌ و 25مین خولی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ رۆژانی 16 تا 20ی جوون به‌ ئاماده‌بوونی فیلمسازی به‌ ڕه‌گه‌ز توركی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا "فاتیح ئاكین" و به‌ نمایش كردنی كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ سینه‌ماكارانی ناوداری دنیا به‌ڕێوه‌چوو، له‌وانه‌: فیلمی سینه‌مایی "تێترۆ" له‌ ده‌رهێنانی "فرانسیس فۆرد كاپۆلا"، فیلمی سینه‌مایی "كۆپی وه‌كوو ئه‌سڵ" له‌ ده‌رهێنانی عه‌بباس كیارۆسته‌می و چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی دیكه‌.

فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تدا به‌ دروشمی "ته‌نیا بۆ رۆژێك با هه‌موومان ببینه‌ پشیله‌یه‌كی ئێرانی" و به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری فه‌رهه‌نگی فه‌ڕه‌نسا رۆژی 13ی جوون له‌ سینه‌ما تێكی شاری پاریس له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا نمایشكرا.
Top