عادل ئیمام: هیچ شتێك نییه‌ به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی، و ده‌نگی خۆم به‌ موباره‌ك ده‌ده‌م

عادل ئیمام: هیچ شتێك نییه‌ به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی، و ده‌نگی خۆم به‌ موباره‌ك ده‌ده‌م
ئه‌ستێره‌ی سینه‌مای میسری عادل رایگه‌یاند كه‌ هیچ شتێك نییه‌ به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی، چونكه‌ جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ندێك وڵات كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی نییه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌شیان باڵاخانه‌ و تاوه‌ری ئه‌وه‌نده‌ زۆریان هه‌یه‌ كه‌سیان نییه‌ بچێته‌ ناوی.

ئه‌م قسانه‌ی عادل ئیمام دوای ئه‌و لێدوانانه‌ی محه‌مه‌د به‌رادعی سه‌رۆكی پێشووی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی هات كه‌ تێیدا گوتبووی: من سه‌ركرده‌یه‌كی نیشتیمانیم وه‌ك گاندی ومارتن لۆته‌ر، عادل ئیمام له‌ وه‌ڵامدا گوتی: ئه‌گه‌ر ئه‌م قسانه‌ی كردبێت ئه‌وا من ئامۆژگاری ده‌كه‌م قسه‌كانی روونتر بكاته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌دروست بیڵێ ئه‌گه‌ر نا ده‌بێته‌ شتێكی كۆمیدی، چونكه‌ كه‌سێكی وه‌ك ماندێلا كه‌ هه‌موومان مێژووی ده‌زانین جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ بڵێ من وه‌ك گاندیم.

عادل ئیمام له‌ دیمانه‌یكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (المێری الیوم) زیاتر گوتی هیچ جۆره‌ ده‌ستاوده‌ستكردنێكی ده‌سه‌ڵات له‌ میسر نییه‌، چونكه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانیان زۆر لاوازن و هه‌ر خۆیشیان واته‌ ئه‌م حزبانه‌ هۆكاری لاوازی خۆیانن، رازی بوون به‌وه‌ی حزبی لاواز و بێهێز بن، چونكه‌ له‌ ئه‌ساسدا حكومه‌ت ئه‌وانی دروستكردووه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ئه‌نوه‌ر سادات ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له‌ دیموكراتیه‌ت دروست بكات، عادل ئیمام هه‌روه‌ها ره‌خنه‌یه‌كی زۆری له‌ به‌رادعی گرت كه‌ گوتبووی: من به‌ناوبانگترین میسریم له‌ جیهان، عادل گوتی: به‌راستی ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی سه‌یر و مایه‌ی پێكه‌نینه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ناوبانگترین میسریش بێت ناكرێ ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ بكات له‌گه‌ڵ رێزم بۆی، سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند گه‌نجێك له‌ محه‌مه‌د به‌رادعی گوتی ئه‌مه‌ شتێكی سروشتییه‌ كه‌ هه‌ندێك گه‌نج بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ بنینی كه‌سایه‌تییه‌ك كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا هه‌رایه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ قه‌ناعه‌تیان پێی هه‌یه‌، ده‌رباره‌ی نزیك بوونه‌وه‌ی به‌رادعی له‌ ئیخوان موسلیمینیش گوتی: ئه‌گه‌ر ئیخوان سوودێكیان هه‌بوایه‌ بۆ خۆیان ده‌یانبوو نه‌ك بۆ به‌رادعی، به‌لام ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ ئینتیهازیه‌تی سیاسی كه‌ به‌رادعی په‌یرِه‌وی ده‌كات و ده‌یه‌وێ هێزی ئیخوان بقۆزێته‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگای میسری.

له‌ كۆتاییشدا عادل ئیمام گوتی: من ده‌نگی خۆم ده‌ده‌م به‌ موباره‌ك له‌ به‌رامبه‌ر به‌رادعی، چونكه‌ ده‌ستكه‌وتی زۆری بۆ میسر به‌ده‌ستهێناوه‌ و مێژووی دیاره‌.
Top