له‌ پاریس هه‌مووان بوونه‌ پشیله‌كانی به‌همه‌ن قوبادی

له‌ پاریس هه‌مووان بوونه‌ پشیله‌كانی به‌همه‌ن قوبادی
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 13ی جوون، فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" له‌ ده‌رهێنانی به‌همه‌ن قوبادی، له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تدا به‌ دروشمی "ته‌نیا بۆ رۆژێك با هه‌موومان ببینه‌ پشیله‌یه‌كی ئێرانی" له‌ سینه‌ماتێكی فه‌رِه‌نسا نمایشكرا.
ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌شداری وه‌زیری رۆشنبیری فه‌رِه‌نسا و ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی زانكۆ و سینه‌ماكاران له‌ سینه‌ماتێكی شاری پاریس به‌رِێوه‌چوو، رۆژێك به‌ ناوی "رۆژێك له‌ تاران" بێجگه‌ له‌ فیلمی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" بۆ نمایشی كۆمه‌ڵێك فیلمی دیكه‌ی سینه‌مای ئێران ته‌رخانكرابوو.
هه‌روه‌ها كۆرِێك له‌ سه‌ر "سینه‌مای ئه‌مرِۆی ئێران" به‌ به‌شداری خاتوو "شیرین عیبادی" هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی له‌ ساڵی 2003، سیناریۆنووسی ناوداری فه‌ره‌نسی و ئه‌كته‌ر "ژان كلۆد كارییه‌ر" و به‌ سه‌رۆكایه‌تی "مارك ویچت" به‌رِێوه‌چوو.
"سێرج تۆبیانا" به‌رپرسی سینه‌ما تێكی پاریس له‌ رێورِه‌سمی كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی "رۆژێك له‌ تاران"، وتی: "ئه‌نگێزه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێین تا چه‌نده‌ بوونی سینه‌ما ئێران بۆ سینه‌مای جیهان گرینگ و پێویسته‌ و زۆر به‌خته‌وه‌رم كه‌ سینه‌ماكارێكی وه‌ك به‌همه‌ن قوبادی به‌ فیلمی سینه‌مایی "كه‌س له‌ پشیله‌ ئێرانییه‌كان خه‌به‌ری نییه‌" و هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ره‌كانی دیكه‌ی سینه‌مای ئێران به‌شداریان كردووه‌."
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌رنامه‌ی "رۆژێك له‌ تاران"دا ۆركشۆپێكی فێركاری بۆ هۆگرانی هونه‌ری ئه‌نیمه‌یشێن به‌رِێوه‌چوو، كه‌ تیایدا كۆمه‌ڵێك ئه‌نیمه‌یشێنی ئێرانی بۆ ئاماده‌بووان نمایش كران.
Top