"منداڵی كاراتی" سه‌ركه‌وتوترین فیلمی ئه‌م هه‌فته‌یه‌یه‌

فیلمی "The Karate Kid" منداڵی كاراتی، نوێترین فیلمی "جاكی چان"ـه‌، و توانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ 56 ملیۆن دۆلار پێشه‌نگی پرداهاترین فیلم به‌ده‌ست بێنێت، و ئه‌و داهاته‌ش له‌ته‌نها سێ رۆژدا كۆكراوه‌ته‌وه‌.
كاتێك ناوی جاكی چان ده‌برێت، ئیتر بینه‌ر جۆره‌ پێشینه‌یه‌كی بۆ دروست ده‌بێت، كه‌وا فیلمه‌كه‌ ده‌بێ چۆن بێت، چونكه‌ ئه‌و ناوه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌ و دره‌وشاوه‌یه‌ له‌ ئاسمانی هونه‌ری سینه‌ما، ره‌نگه‌ له‌جیهاندا ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گمه‌ن بن كه‌ ته‌نها فیلمێكی ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ گه‌وره‌یه‌یان نه‌بینیبێت.

جاكی چان، ناوه‌ ته‌واوه‌كه‌ی "چانگ كۆنگ سانگ"ـه‌ له‌ 7ى ئه‌پریلی ساڵى 1954 له‌ "هۆنگ كۆنگ" له‌دایك بووه‌، و له‌ساڵی 1962 ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه‌، و منداڵێكی هه‌یه‌ به‌ناوی "جایسى چان" كه‌ته‌مه‌نی 28 ساڵه‌.

فیلمی The Karate Kid باس له‌ ئافره‌تێكی كه‌م ده‌رامه‌تی ئه‌مه‌ریكی ده‌كات، كه‌ منداڵێكی هه‌یه‌، و مێرده‌كه‌ی وازی لێ هێناوه‌، و په‌رێشان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئیشێك بدۆزێته‌وه‌، ناچار له‌به‌ر نه‌بوونی رووده‌كاته‌ وڵاتی چین بۆ ئه‌وه‌ی ئیشێكی ده‌سكه‌وێت خۆی منداڵه‌كه‌ی پێ به‌خێو بكات.
كورِه‌كه‌ی كه‌ ته‌مه‌نی دووانزه‌ ساڵه‌، زۆر بۆی سه‌خت ده‌بێت راهاتن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌كو وڵاتی چین، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵ ده‌بێت، و به‌هۆی ئه‌و كه‌مه‌ زانیارییه‌ى له‌سه‌ر كاراتی هه‌یه‌تی، ناسیاوو خۆشه‌ویست په‌یدا ده‌كات له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌كانیدا، هه‌ربۆیه‌ ناوى لێده‌نێن، منداڵى كاراتی، به‌ڵام له‌وێ هه‌وڵی زیاتر ده‌دات و ده‌بێته‌ لێهاتوو له‌ هونه‌ره‌ جه‌نگییه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌هۆی مامۆستایه‌كی شاره‌زا "جاكی".
فیلمه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی: "هارلد زوارت" و پاڵه‌وانێتی "جاكی چان" و "جادن سیمس"ـه‌.
Top