"شوێنێك بۆ یاری" به‌شداری له‌ فیستیڤاڵی ئێدینبۆرگ ده‌كات

فیلمی سینه‌مایی "شوێنیێك بۆ یاری" له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" به‌شداری له‌ 64مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئێدینبۆرگ" له‌ وڵاتی به‌ریتانیا ده‌كات.
به‌ پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "نارین فیلم" له‌ هه‌ولێر، فیلمی سینه‌مایی "شوێنیێك بۆ یاری" (كیك ئاف) KICK OFF له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، له‌ به‌شی پێشبڕكێی "رووسێبود" Rosebud له‌ 64مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئێدینبۆرگ" Edinburgh له‌ وڵاتی به‌ریتانیا نمایش ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ 35 فیلمی سینه‌مایی دیكه‌ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات له‌ ركابه‌ریدا ده‌بێت.
فیستیڤاڵی فیلمی "ئێدینبۆرگ" یه‌كێكه‌ له‌ به‌ ته‌مه‌نترین فیستیڤاڵه‌كانی سینه‌مایی كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ رۆژانی 16 تا 27ی جوون له‌ شاری ئێدینبۆرگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌م خوله‌ی فیستیڤاڵدا بڕیاروایه‌ رێوڕه‌سمی رێزگرتن له‌ "شۆن كانتری" ئه‌كته‌ری ناوداری هۆلیوودی به‌ بۆنه‌ی 80هه‌مین ساڵیادی له‌ دایك بوونی به‌ڕێوه‌بچێت.
شه‌ست و چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئێدینبۆرگ" ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ی حوزه‌یران به‌ نمایشكردنی فیلمی سینه‌مایی "ته‌رده‌ست" له‌ ده‌رهێنانی "سیلڤین شومه‌" ده‌ست پێده‌كات و رۆژی 27ی حوزه‌یران به‌ ده‌ستنیشان كردنی براوه‌كانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی فیستیڤاڵ، كۆتایی به‌ كاركانی خۆی دێنێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "نارین فیلم".
Top