هونه‌رمه‌ند خالید ره‌شید بۆ گوڵان: له‌م وڵاته نرخی هه‌موو شتێك چووه به‌ره‌و ئاسمان هونه‌ر نه‌بێ كه هه‌ر به‌ره‌و خوار ده‌رِوات
*ئێستای گۆرانی كوردی چۆن ده‌بینی؟
- لێره هونه‌ر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، كه‌سێكم ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك ببینم قسه ده‌كه‌م، گۆرانیبێژ هه‌یه ئه‌م وڵاته لافاو بیبات قسه ناكات. ئه‌گه‌ر سه‌رپشكم بكه‌ن به یه‌ك ساڵ فلته‌ر بۆ ئه‌و ئاژاوه‌یه داده‌نێم كه له هونه‌ردایه. ئێمه میلله‌تێكین ته‌نیا گۆرانی سه‌قه‌تی كردووین، ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بكرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تێكستی گۆرانی كوردی چی ده‌ڵێت، ئه‌و كات روون ده‌بێته‌وه بۆ ئه‌م میلله‌ته ئاوا سه‌قه‌ت بووه؟ ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كه هه‌ر له كۆنه‌وه هه‌بووه، له هیچ كولتوور و دابونه‌ریتێكدا نه‌بووه تۆ بێی گۆرانی بۆ ئافره‌تێك بڵێی هاوسه‌ری هه‌بێت و به ئاشكرا بڵێ ( ئه‌ز عاشقێ ژنا پ مێرم) كه هانی خیانه‌ت ده‌دات هه‌ر له فۆلكلۆر ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر بۆ خۆت رازی بی من گوله‌ی ده‌رمانخوارد ده‌كه‌م) واته ئه‌گه‌ر لێكی بدینه‌وه هه‌م ده‌یه‌وێ كابرا بكوژێت و هانی توندوتیژی بدات و هه‌م اغتێابی مافه‌كانی بكات) یان ده‌ڵێ:(كه‌وی گه‌رده‌ن به خاڵی منداڵی چوارده ساڵی) واته: لێره‌دا دان به‌وه ده‌نێت كه منداڵه، چۆن كه‌سێك ده‌یه‌وێ منداڵێك ببێته خۆشه‌ویستی خۆی، یان هه‌ندێك له نوێیه‌كان كه ده‌ڵێن (پێم بڵێ له كوێ خۆت ده‌شۆی) ئه‌مه به راستی هیچ نرخێكی نییه و بێ به‌هاكردنی مرۆڤه. یان ده‌ڵێ: ( برِۆ بنوو له‌سه‌ر سنگی براده‌ر) ئه‌مه‌ش به هیچ پێوه‌رێك له‌گه‌ڵ سیفاتی تاكی كورد یه‌ك ناگرێته‌وه و بۆ كورد كونجاو نییه، له فۆلكلۆریش بۆ نموونه ( باغی بێ په‌رژین..... نییه كچی بێ برا قیمه‌تی نییه) لێره ده‌ڵێم باشه ماڵێك كه خوا كورِی پێ نه‌داوه گوناهی كچه‌كانیان چییه؟ به گوێره‌ی ئه‌مه بێت ئافره‌ت هیچ به‌هایه‌كی نییه. یان ده‌ڵێن (بێوه‌ژنه و ده‌ستی دووه تازه مێردی جێیهێشتووه) من ده‌ڵێم ناڵێن ئه‌م ئافره‌ته بۆچی بووه‌ته بێوه‌ژن، ئایا مێردی شه‌هیده، ئه‌نفاله یان له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت ته‌ڵاق دراوه. ئه‌م نموونانه پێوه‌ندییان به دابونه‌ریتی و به‌ها پیرۆزه‌كانی نه‌ته‌وه‌وه هه‌یه و له هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌م جۆره شتانه قبوڵ نییه، بۆیه به‌شێكی زۆری تێكسته‌كان له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه ناگونجێن، هه‌یه ده‌بێته هۆی درووستبوونی كێشه و گیروگرفت، له هه‌مان كاتدا زوڵم له‌خێزانه‌كان ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره به من بسپێرن، ده‌زانم چۆن فلته‌رێك داده‌نێم.
*كێشه‌ی تێكست زیاتر پێوه‌ندی به نه‌وه‌ی كۆنه‌وه هه‌یه یان نه‌وه‌ی نوی؟
-نه‌وه‌ی نوێ له رووی تێكسته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به هه‌مان شێوه‌ی نه‌وه‌ی كۆنه. ئێستا كه ئێمه قسه ده‌كه‌ین ئه‌م قسانه جیاوازیان هه‌یه له‌گه‌ڵ گۆرانی. هونه‌رمه‌ند هانی نه‌وه ده‌دات و ده‌ڵێت وا بكه‌ن، گۆرانیبێژ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، یه‌ك میلله‌ت هان ده‌دات تاكو به باشی یان به خراپی بیر بكه‌نه‌وه، له‌كاتێكدا هیچ فلته‌رێك نییه كه قسه‌ش ده‌كه‌ن ده‌ڵێن ئه‌وه گۆرانی مۆدێرنه، ئه‌وه قسه‌یه‌كی بێمانایه و فۆتۆكۆپی توركی و عه‌ره‌بییه. ئه‌گه‌ر من په‌یمانگایه‌ك لێره دابنێم و كاریگه‌ریم هه‌بێت له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كان و هێزی رێگه‌دان به بلاَوبوونه‌وه‌ی كلیپه‌كانم هه‌بێت، ئه‌وا ناهێڵم یه‌ك گۆرانی په‌خش بكرێت ئه‌گه‌ر بچووكترین هه‌ڵه و كه‌موكورتی تێدا بێت. لیژنه‌یه‌ك داده‌نێم له شاعیره هه‌ره باشه‌كان له ئه‌وروپا بن یان لێره، ئه‌مه‌ش وه‌ك فلته‌رێك پێش بلاَوبوونه‌وه‌ی گۆرانییه‌كان.
* واته كێشه‌كه تێكستی شیعریه؟
_ تێكستی شیعر و ئاوازی گۆرانیه‌كانه. كه‌ی له‌ناو كورد گۆرانی وتن به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بووه، هه‌یه دێت ته‌قلیدی ئیبراهیم تاتڵیساس یان ئه‌سمه‌هان و نه‌جات سه‌غیره ده‌كاته‌وه و شتێكی دیكه ده‌رده‌چێت.
*ئه‌ی ئه‌وانه‌ی شیعری شاعیره كۆنه‌كان ده‌كه‌نه گۆرانی ئه‌وه چۆن ده‌بینی؟
_ئه‌وه‌شیان شتێكی هه‌ڵه‌یه، یه‌كێك له‌سیفاته‌كانی گۆرانی ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت كه‌سی به‌رامبه‌ر لێی تێبگات، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت فاتیحای بۆ بخوێنی. ئه‌و شیعرانه‌ی كه سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نالی و سالم و مه‌حوی و شاعیره گه‌وره‌كانی كورد نووسیویانه و ئێستا ده‌كرێنه گۆرانی، ده‌بێت چه‌ندین كه‌سی شاره‌زا له زمانی كۆنی كوردی بهێنی تا بۆتی شیبكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی تێ‌یان بگه‌ی، به هه‌مان شێوه له ناوچه‌ی بادینانیش بۆ ئه‌وه‌ی له شیعره‌كانی نالی و ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لای جزیری و فه‌قێی ته‌یران بگه‌ی، ده‌بێ شاره‌زایان بهێنی تا بزانی مه‌به‌ستی چییه له‌و وشه‌یه یان شیعره بۆچی گوتووه، ئه‌مه‌ش كارێكی زه‌حمه‌ته، ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه ئێمه له سه‌ده‌كانی پازده و حه‌ڤده زمانێكمان هه‌بووه كه ته‌نیا شاره‌زایانی زمان ئه‌وانه‌ی به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن لێی تێبگه‌ن، بۆیه ده‌بێ كه‌سی به‌رامبه‌ر واته گوێگر له زمانی گۆرانی تێبگات، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه تێكستی شاعیره كۆنه‌كان ده‌كه‌ن به گۆرانی ده‌یانه‌وێ به هه‌ندێك كه‌سی نه‌خوێنده‌وار بڵێن كه‌وا ئێمه ده‌توانین زمانحاڵی ئه‌و شاعیرانه بین كه له راستیدا وانییه، چونكه خۆیشیان هه‌ندێك جار له‌و تێكستانه ناگه‌ن و به هه‌ڵه ده‌یڵێن.
*چاره‌سه‌ر چییه؟
- هه‌موو گۆرانییه‌ك كات و جیل و گوێگری خۆی هه‌یه، ناتوانی له‌ولاَتێكدا كه به زمانێك قسه ده‌كه‌ن له‌یه‌كتر تێنه‌گه‌ن، بۆ نموونه له یۆنان ئێستا به زمانی سه‌رده‌می كۆن گۆرانی ناڵێن، به‌ڵكو به زمانی ئه‌م سه‌ردمه گۆرانی ده‌ڵێن، چونكه زمانی كۆنی یۆنانییه‌كان جیاوازه له هی ئێستا.
*حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن له‌نووسینێكدا به (زمانحاڵی غه‌ریبان) وه‌سفت ده‌كات، ئه‌و نازناوه چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه؟
-راستگۆم ناچم شتێك بڵێم كه له‌گه‌ڵ بارودۆخی خۆم نه‌گونجێت، ئه‌و شتانه‌ی باسیان ده‌كه‌م خۆم به‌شێكم لێیان. ناچم تێكستێك بهێنم باسی نیشتمان و سروودی نیشتمانی بكات كه‌چی ئیمزام بۆ به‌عس كردبێت. ئه‌وه‌ی كه ده‌یڵێم قسه‌ی ناخی دڵمه و هه‌ر به‌رده‌وامیش ده‌بم له‌گوتنی.
* ئه‌وه كێیه، هێنده‌ی قوڵی ده‌ریا و دووری ئاسمان خۆشت ده‌وێت؟
- ده‌مه‌وێ لێره‌دا شتێك بڵێم ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئێمه خۆشمان ده‌وێن ئه‌و كه‌سانه‌ن كه هیچ كاتێك بۆمان نابن، سروشتی خوداییه كه مرۆڤی دروستكردووه هیچ كاتێك به‌ته‌واوی به‌و كه‌سه ناگه‌یت كه خۆشت ده‌وێت. به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ش ده‌ڵێت ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك دای و هێناوته و پێتوایه هی تۆیه، ده‌ڵێت له‌و كاته‌ش تۆ هی ئه‌وی، قه‌ت ئه‌و نابێت به هی تۆ، ئافره‌ت ئه‌و كاته هه‌ڵت ده‌بژێرێت كه تۆ هی ئه‌و بیت. هه‌رچی شیعری دنیا هه‌یه ناتوانێ ته‌عبیر له‌خۆشه‌ویستی بكات، تا ئێستا ئه‌و هه‌موو شیعرانه نووسراون ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی كه‌س نه‌یتوانیوه وشه‌یه‌كی پرِ به پێستی خۆشه‌ویستی بڵێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی حاسه‌ی هه‌ستكردنه نه‌ك وتن، هه‌سته نه‌ك قسه. ئه‌وه رای منه، ئه‌و رۆژه له محازه‌ره‌یه‌ك وتم تكایه ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌تان گێرِایه‌وه ئاماژه به‌ناوی من بكه‌ن. به بووچۆنی من له‌هه‌ندێ رووه‌وه باب و باپیرانمان قسه‌كانیان زۆر به‌پێزتر و مانادارتر گوتراوه هه‌تاكو رۆژنامه‌نووسانی ئه‌م سه‌رده‌مه . گۆرانیبێژێك چووه هه‌موو قسه‌كانی منی كردووه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌ناوی من بكات، هه‌روه‌ها سروودی نه‌ته‌وه‌كه‌م داوه به كه‌سێك چووه تیپی سه‌مفۆنیای عێراقی هێناوه و پێشكه‌شی كردووه به‌ناوی خۆیه‌وه.
* ئه‌م سرووده سه‌ره‌تا چۆن درووست بوو؟
-ساڵی 1999 چووم بۆ روسیا له‌وێ كۆمپۆزیتور(دابه‌شكار)م ناسی وتم نیازم وایه به‌رهه‌مه‌كانی خۆم و سروودی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌كه‌م به شێوه‌یه‌كی نوێ دابرِێژمه‌وه، چه‌ند مانگێك دانیشتین و تا ته‌واو بوو تیپێكمان دۆزیه‌وه له لینینگراد نه‌یانتوانی عه‌زفی بكه‌ن، دوای ئه‌وه چووین بۆ مۆسكۆ له‌گه‌ڵ تیپێكی تر ته‌واومان كرد و ئه‌و كات دامه ده‌ست به‌رِێز ته‌ها به‌رواری ئه‌ویش هێنایه‌وه كوردستان، ساڵی 2004 بردم بۆ كوردستان تیڤی له‌وێش لێیان وه‌رگرتم له‌گه‌ڵ سیدیه‌كی گۆرانیه‌كانی خۆم، به‌ڵام كه‌س نه‌یوت ئه‌و كاره چه‌ندی تێچووه و به‌چه‌ند ته‌واو بووه، ته‌نیا سوپاسیان كردم، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستانیش سوپاسان نه‌كردم كه ئه‌م سرووده هی خۆیانه و بۆ خۆیانه، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریشیان نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌بینین هه‌ندێك ئافره‌ت دێنه سه‌ر شاشه و به‌ده‌فته‌ر پاره‌یان بۆ سه‌رف ده‌كرێت.
ئه‌و سرووده له‌خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانه‌وه له كاتی لێدان و ئاماده‌بوونی ئه‌م سرووده دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، كه ئه‌مه جێگه‌ی شانازییه بۆ من، دواتر چووم بۆ ستۆدیۆیه‌ك له‌ولاَتی سوید بۆ تۆماركردنی گۆرانی، باس هاته سه‌ر سروودی نیشتمانی سوید، منیش وتم من كارم كردووه له‌سروودی نه‌ته‌وه‌یی ولاَته‌كه‌م. یه‌كێكیان پێی سه‌یر بوو كه ئه‌مكاره‌م كردبێت و گوتی ئه‌مه ستۆدیۆیه‌كی هه‌رزان به‌هایه وئه‌وانه‌ی له سروودی نه‌ته‌وه‌ییدا كار ده‌كه‌ن حكومه‌ت زۆر هاریكاریان ده‌كات و ده‌چن له ستۆدیۆی زۆر پێكشه‌وتووتر كاره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، گوتم بۆ؟ گوتی تۆ سروودی نه‌ته‌وه‌ی خۆت تۆمار كردووه و هاتووی لێره گۆرانی تۆمار كردن ده‌كه‌ی، وایده‌زانی گاڵته ده‌كه‌م، منیش دڵنیام كرده‌وه، وتی له‌ولاَتی ئێمه ئه‌وه‌ی به‌شداری كردووه له سروودی نیشتمانیدا ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی وێنه‌ی گرتووه یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك كاریان تێدا كردووه، ده‌چنه لای پاشای ئه‌و ولاَته و مه‌دالیایان پێده‌به‌خشرێت و به‌چاوێكی دیكه سه‌یر ده‌كرێن، وه‌ك قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، به‌داخه‌وه ته‌نانه‌ت لێره هه‌ندێك كه‌س زۆر به جددی به ده‌یانویست بیگۆرِن، به‌ڵام باش بوو جه‌نابی كاك مسعود بارزانی نه‌یهێشت، من لێره‌دا زۆر سوپاسی كاك مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌م كه رێگه‌ی به‌م كاره نه‌دا و ده‌توانرێ ئه‌مه له مێژووی حوكمرِانی به‌رِێزیان به یه‌كێك له كاره هه‌ره دره‌وشاوه گه‌شه‌كان دابنرێت بۆ نیشاندانی دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌م سه‌رده‌مه‌ی حوكمرِانی له قه‌ڵه‌م بدرێت.
* رات چییه ده‌رباره‌ی نوێكاری له گۆرانیدا؟
- هه‌ندێك كه‌س وای داده‌نێن نوێكاریان كردووه و خۆیان كردۆته پاڵه‌وان، ئه‌وانه له هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ریدا به شاگردیش وه‌رناگیرێن، نازانم ئه‌وانه چ هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتووانه‌یان هاویشتووه، كاتێك بۆ یه‌ك سیدی نیو ملیۆن دۆلاریان وه‌رگرتووه، من به نیو ملیۆن دۆلار هه‌موو مۆسیقای ئه‌وروپا داگیر ده‌كه‌م، حه‌فت ده‌فته‌ر دۆلار دراوه بۆ كچێكی ئێمه بچێت به زمانی عه‌ره‌بی گۆرانی بڵێت و له كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بی بڵاوی بكه‌نه‌وه، له دنیادا شتی وا رووی نه‌داوه تۆ هه‌م خۆت پار بده‌ی و به زمانی ئه‌و میلله‌ته گۆرانی بڵێی و هه‌م خۆت پاره بده بۆ ئه‌وه‌ی بۆتی بڵاو بكه‌نه‌وه، كاره‌كه به‌پێچه‌وانه‌یه ده‌بێ تۆ بۆ هه‌ر كه‌ناڵێك به زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر گۆرانی بڵێ نه‌ك ده‌بێ پاره بده‌ی، به‌ڵكو ده‌بێ خه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌ت بده‌نێ، چونكه تۆ هه‌وڵتداوه به زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه گۆرانی بڵێی.
*وه‌ك كه‌سێك كه له ئه‌وروپا بووی ستۆدیۆكانی ئێره چۆن به‌راورد ده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئه‌وروپا؟
_ئه‌وانه‌ی ئێره زۆر باشترن، كه‌موكورتی هه‌یه و كاری باشیش كراوه.
*چۆن بازارِ درووست ده‌بێت بۆ هونه‌ر؟
_له‌ساڵی 1975 نرخی كاسێت روبعه دینارێك بوو، به هه‌مان نرخی پێلاَو، ئه‌و كات دیناری عێراقی زۆر به‌هێز بوو، یه‌ك دینار ده‌یكرده سی دۆلار، واته كاسێتك به دۆلارێك بوو، ئێستاش كاسێت هه‌مان نرخی جارانی هه‌یه، كه‌چی نرخی پێلاَو هه‌ر زۆر زیادیكردووه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار نرخی پێڵاو گه‌یشتووه‌ته سه‌د دۆلاریش، كه‌واته له‌م وڵاته نرخی هه‌موو شتێك چووه به‌ره‌و ئاسمان، هونه‌ر نه‌بێ كه هه‌ر به‌ره‌و خوار ده‌رِوات. له‌وه‌ش ترسناكتر ئێستا گۆرانیبێژێكی بیانی دێت بلیت ده‌فرۆشن به سێ سه‌د یان دوو سه‌د كه‌مترینیان سه‌د دۆلاره، دێته ئێره ده ده‌فته‌ر دۆلار له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات بێئه‌وه‌ی یه‌ك دیناریش زه‌ریبه بدات، ئه‌مه له ولاَتانی دیكه قه‌ده‌غه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له سوید گۆرانیبێژێك گۆرانی بڵێ 30% ی داهاته‌كه‌ی به‌جێده‌هێڵێت، له‌وه‌ش ترسناكتر لێره ئه‌گه‌ر كوردێك بیه‌وێت كۆنسێرت بكات ده‌ڵێن لێره بلیت نافرۆشرێت، ئه‌وه سوكایه‌تیكردنه به هونه‌رمه‌ندی خۆت.
*به‌رهه‌می نوێت چییه؟
_ئێستا له‌ستۆدیۆی میلۆدی خه‌ریكی كاركردنم بۆ ئه‌لبومه‌كه‌م، یه‌ك گۆرانیم ماوه، نازانم كه‌ی بلاَو ده‌بێته‌وه.
*زیاتر سوودت له‌تێكستی كی وه‌رگرتووه؟
_سوودم له‌زۆر كه‌س وه‌رگرتووه، هه‌موو ئه‌و تێكستانه به‌كار ده‌هێنم كه خۆمی تێدا ده‌دۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی راستگۆیی خۆم له ده‌ست نه‌ده‌م.
*بۆ هونه‌رمه‌ندانی تاراوگه چی ده‌ڵێی؟
_ باسی گۆرانی كوردی ده‌كه‌م و قسه‌كانم هه‌موویان ده‌گرێته‌وه، به بۆچوونی من هیچ جیاوازییه‌ك نییه له‌نێوان كورده‌كانی تاراواگه و كورده‌كانی وڵات، چونكه كورد هه‌ر كورده و هه‌موویان نه‌وه‌ی ئه‌م خاكه‌ن و هه‌موویان خاوه‌ن ئه‌رك و مافن.