هونەرمەند مەریوان سەفائەدین بۆ گوڵان: ئێمە وەک نەتەوەی کورد پێویستە شانازای بە هونەر و کولتوور و فەرهەنگی خۆمانەوە بکەین

هونەرمەند مەریوان سەفائەدین بۆ گوڵان: ئێمە وەک نەتەوەی کورد پێویستە شانازای بە هونەر و کولتوور و فەرهەنگی خۆمانەوە بکەین
مەریوان سەفائەدین هونەرمەندێكی بە ئەزموون و بەتوانای بواری هونەری رەسەنی كوردییە و خاوەن ئەداو هەستێكی كوردانەیە، هەرچەند ماوەیەكە لە تاراوگە ژیان دەگوزەرێنێ، بەڵام پارێزگاری لە هونەری رەسەنی خۆی كردووە، پێمان باش بوو وەك گوڤاری گوڵان بە چەند پرسیارێكی هونەری بەڕێزیان بەسەر بكەینەوە ئەویش بەخۆشحالیەوە بەم شێوەیە وەلامی پرسیارەكانی داینەوە.
سۆران مارف كەریم

* رەسەنایەتی هونەری كوردی چۆن پێناسە دەكەیت؟
- بەڕای من ئێمە وەک نەتەوەی کورد پێویستە شانازای بە هونەر و کولتوور و فەرهەنگی خۆمانەوە بکەین، چونکە رەسەنایەتی هونەری کوردی ناسنامەی نەتەوەکەمانەو پێویستە هەمیشە بیپارێزین و نەهێڵین رەسەنایەتی خۆمان ون بکەین و لەدەست بدەین. ئەمڕۆ جیهان بەرەو پێش دەچێت، ئێمەش پێویستمان بەوە هەیە لە رێگەی هونەرەکەمانەوە بتوانین فەرهەنگ و کولتوور و هونەرە رەسەنەکەمان بە گەلانی تری جیهان بناسێنین، ئەوە بسەلمێنین کە ئێمەش وەک نەتەوەی کورد خاوەنی هونەرێکی رەسنەنی تایبەت بە خۆمانین و هیچمان لە نەتەوەکانی تری دراوسێمان کەمتر نییە ئەگەر زیــــــــاتر نەبێت، ئێستا دەرفەتێکی زۆر باش لە پێش هونەرمەندی کورد هەیە بۆ پێشخستن و ناساندنی هونەری رەسەنی کوردی، هیوادارم هیچ هونەرمەندێک و هیچ کوردێک رەسەنایەتی خۆی لە دەست نەدات و شانازی پێوە بکات .
* هیچ گۆرانییەكەت وتووە گوزارشت بێت لە ژیانی خۆت؟
- لە راستیدا لە ساڵی 1992 وەوە گۆرانی دەڵێم، بەڵام بە تایبەتی گۆرانیەکم بۆ ژیانی خۆم وتبێت، نەخێر تا ئێستا گۆرانیم نەوتووە گوزارشت لە ژیانی خۆم بکات.
* خۆشەویستی بوونی هەبووە لە ژیانی مەریوان سەفائەدین؟
- بەڵێ خۆشەویستم هەبووە زووتر، بەڵام پێموایە ئاساییە، چونکە ژیانی هەموو مرۆڤێك بێ خۆشەویستی هیچ مانایەک نابەخشێت و خۆشەویستی بەشێکی زۆر گرنگی ژیانی مرۆڤە.
* ژیانی هاوسەرێتیت چۆن پێكهێناوە؟
- بەڕاستی سەرەتای ئاشنابوونم لەگەڵ هاوسەرم زۆر بە رێگەیەکی سوتفە روویدا و دواتریش خودا پێی خۆشبوو ژیانی هاوسەرێتیمان پێکهێنا. هاوسەرەکەم کارمەندی وەزارەتی رۆشنبیری هەولێر بوو، منیش بە مەبەستی هاوکاری بۆ ئەلبومی 2006م زۆر سەردانی وەزارەتی رۆشنبیریم دەکرد و لەوێ دەمبینی رۆژانە هەر ئەوە بو وایکرد کە بکەوینە گفتوگۆ و بیر و راکانمان ئاڵوگۆڕ بکەین و لە یەکتر تێبگەین تا ئەو راددەیەی بڕیاری هاوسەریگیری بدەین، تا ئێستا بەبێ هیچ گرفتێک پێکەوە دەژین و کچێکمان هەیە تەمەنی (5) مانگە و ناوی (هــەنــاسـە)یە و لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر دەبەین.
* خێزانەكەت رێگر نییە لە كارە هونەرییەكانت؟
- نەخێر هیچ وا بیر ناکاتەوە کە رێگر بێت یان بیەوێت دوورمخاتەوە، بگرە بە پێچەوانەوە هاوکاریم دەکات بۆ بەردەوام بوونم لە کاری هونەری.
* چی تۆ تووڕە دەكات؟
- بەڕاستی زۆر شت تووڕەم دەکات وەک (کەسانی بێشەرم و شعور مەسڵەحچی و ماستاو چی) ئەم چەند شتە زۆر تووڕەم دەکات هەمیشە پێوەی ئەتلێمەوه نەفرەت لەو جۆرە کەسانە دەکەم.
* كەی بیر لە دروستكردنی بەرهەمێكی نوێ دەكەیتەوە؟
- بەرهەمم زۆر زۆرە و ئامادەیە و لەبەردەستمایە و هەمیشەش بەرهەمی ئامادەم هەبووە، بەڵام بەڕاستی لە ئێستادا ئامادە نیم لە دەمی منداڵەکەمی بگرمەوە و لە ئەلبومێکدا سەرفی بکەم و دواتریش بێڕێزی و بێحورمەتی بە هەست و ماندوبوونم بکرێت و کۆپی بکرێت، تەنیا زەرەرەکەی بێتە گیرفانی منەوە و ماددی و مەعنەوی تەنیا من زەرەرمەند بم. لەبەر ئەوەیە جارێ کارەکانم و بەرهەمەکانم بڵاو ناکەمەوە.
* نوێكردنەوەی بەرهەمە رەسەنەكان چ ئامانجێكی لە پشتە، هەست ناكەیت هەندێك جار ئەو بەرهەمانە نوێكردنەوەیان بە شێوە و ستایلی نوێ گۆرانی رەسەنی كوردی دەشێوێنێت؟
- پێموایە هەموو شتێك کەوتووەتە سەر ئاست و زانیاری و ئەزموونی ئەو کەسە خۆی، بۆ نموونە هەتا ئێستا چەند گۆرانیەکی فۆلکلۆرم وتووەتەوە، بەڵام تا ئێستا پێم نەوتراوە ئەو بەرهەمانەم شێواندبێت، خۆشم پێموایە بەشێوەکی جوان وتوومەتەوە، بەڵام گوێم لێدەبێت هەندێ کەس گۆرانی فۆلکلۆر دەڵێنەوە بەڕاستی لای خۆمەوە هەست بە شەرمەزاری دەکەم، ئەوە شێواندی هونەری رەسەنی کوردیە نەك جوانکردن و پێشخستنی.
* كەی هەوڵ دەدەیت ستایلی تایبەتی كارە هونەریەكانی خۆت بگۆڕیت؟
- هەوڵی گۆڕانی ئەم ستایلەی خۆم نادەم، چونکە ئەمە ستایلێکە لەگەڵ دەنگی مندا گونجاوە و دەگونجێت، بەڵام هەمیشە لە هەوڵداندام بۆ ئاوازی نوێ هۆنراوەی جوانتر و مۆسیقایەکی جوانتر و باشتر، ئینشاڵڵا لە ئەلبومی داهاتووم گوێتان لە کۆمەڵێ ئاوازی نوێ و خۆش دەبێت لەگەڵ مۆسیقایەکی پڕ و جوان.
* بەرهەمی كەمت هەیە كەچی توانیووتە تا ئاستێكی باش كەسێك بیت لەو هونەرمەندانەی بەرهەمەكانت خاوەنی جەماوەرێكی زۆر بێت، چی كاریگەری هەبوو لەسەر سەركەوتنی تۆ لە بوارەكەدا؟
- ئەگەر راستگۆبم بەرامبەر بەم پرسیارە و بە ئەنانی ناو نەبرێم، سەرکەوتنەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە زانیومە و توانیومە چ جۆرە ئاوازێک یان هۆنراوەیەک بۆ دەنگی خۆم هەڵبژێرم و بتوانم بە ئەدایەکی باش بیانڵێم دواتریش بە دەمی خۆم نەبێت دەنگی خۆش و ئاوزی خۆش خۆی جێگەی خۆی دەکاتەوە لەناو جەماوەردا.
* مەرجی سەركەوتنی هونەرمەند لە كارەكانیدا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- لای من چەند مەرجێک هەیە بۆ سەرکەوتنی هونەرمەند لە کارەکانیدا، هەڵبەت ئێمە مەبەستمان گۆرانیبێژە لەو بوارەدا قسەدەکەین، بە رای من ئەگەر گۆرانیبێژ دەنگی خۆش نەبێت، هەق نییە گۆرانی بڵێت، چونکە خەڵک پێوستی بەوەیە گوێی لە دەنگی خۆش بێت. پێویستە گۆرانیبێژ بتوانێت مقامات بڵێت و شارەزایی تیایدا هەبێت، ئەگەر وانەبێت ئەوە بە گۆرانیبێژی دانانێم، ئەگەرچی لەلای خەڵکیش وانەبێت. شتێکی گرنگتریش ئەوەیە دەبێت ئەو گۆرانیبێژە كەسایەتی خۆی بپارێزێت لە هەموو روویەکەوە بۆئەوەی وشەی هونەر و هونەرمەند بەرز و پیرۆز راگرێت. بەڵام بەداخەوە هەندێک کەسی بە ناو هونەرمەند هونەرەکەیان بەکاردەهێنن بۆ مەرامی شەخسی خۆیان و گوێ بە هیچ نادەن.
* لە ئەوروپا رەوەندی كورد چۆن پێشوازی لە ئاهەنگ و كۆنسرێرتەكان دەكەن؟
- بەڕاستی کوردان لە ئەوروپا زۆر باش پێشوازی لە ئاهەنگ و کۆنسێرتەکان دەکەن، بگرە زۆر بە تاسەی ئەوەن کە زوو زوو ئاهەنگ و کۆنسرتەکان بێن و بەردەوام بن، دڵنیاشتان دەکەمەوە کە لە ئەوروپا باشتر رێز لە هونەری کوردی دەگیرێت وەک لە کوردستان، کوردانی ناوخۆی کوردستان زیاتر هونەرمەندانی بێگانە دەپەرستن وەک لە هونەرمەندانی کورد، بەڵام کوردانی ئەوروپا بە پێچەوانەوە بیردەکەنەوە.
* بەنیاز نیت كۆنسێرت لە شارەكانی كوردستان سازبكەیت؟
- لە راستیدا نەخێر بە نیاز نیم، چونکە دڵنیا نیم لەوەی خەڵک گوێ لەچی دەگرێت و چی پێخۆشەو چی دەوێت.
* ئاستەنگەكانی بەردەم هونەرمەندانی تاراوگە چین؟
- پێموایە زیاتر سەرقاڵ بوون بە ژیانی رۆژانەوە بووەتە کێشییەکی گەورەی هونەرمەندان لە ئەوروپا، چونکە لێرە دەوڵەت گوێ بەوە نادات کە تۆ کێیت و چیت، دەبێت ئیش بکەیت و ئیشت هەبێت، ئەگینا ژیانت ناڕوات، ئەوە کێشەی هونەرمەندانی تاراوگەیە.
* هەندێك لە بەرنامە هونەرییەكان هونەرمەند بوونەتە پیشكەشكار تۆ لەم رووەوە چی دەڵێی؟
- بەڕای من شتێکی ئاساییە ئەگەر گۆرانیبێژێک ئەو توانایەشی هەبێت بتوانێت ببێتە پێشکەشکاریش کارێکی خراپ نییە. بەڵام باشترە گۆرانیبێژ هەموو رۆژێک وەک پێشکەشکار لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەرنەکەوێت.‌
* ئەگەر كەناڵێكی راگەیاندن داوات لێبكات ئامادەیت ببیتە پێشكەكاری بەرنامەیەكی هونەری؟
- نەخێر ئامادە نابم وەک پێشکەشکاری بەرنامەیەک دەرکەوم، تەنیا دەمەوێت وەک گۆرانبیژ دەرکەوم و لەو بوارەدا خزمەت بکەم پەرە بە هونەرەکەم بدا، چونکە سەرکەوتنی خۆم زیاتر لە بوارەکەی خۆمدا دەبینم.
Top