لۆرا خەلیل: ئاواتم رازیكردنی جەماوەرە
* چۆن خۆت پۆلین دەكەی؟
- كاروانی هونەری من بەردەوامە ئەگەر بۆ ماوەیەك لە هونەریش دابڕابم، بەڵام ئەوە بۆ بارودۆخەكە دەگەڕێتەوە و پەنا بە خوا دەگەم بەو قۆناغەی هەوڵی بۆ دەدەم، ئەمەش بە ئاسانی نایەتە دی.
* هیچ كاتێك بە جوانی خۆت نازت كردووە؟
- نەخێر، چونكە من كە دەستم بە كاری هونەری كرد، وەك گۆرانیبێژ بوو نەك شاجوان یان نمایشكار، پێموایە هەموو مرۆڤێكیش جوانە.
* هونەر و سیاسەت چ پێوەندییەكیان بە یەكەوە هەیە؟
- بێگومان هەرچۆنێك بێت پێوەندی هەیە، چونكە هونەر دەرهاوێشتەی كۆمەڵگەیە و هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆش نابینم لە نێوان ئەو شتەی كۆمەڵایەتییە لەگەڵ ئەوەی سیاسییە، بۆ نموونە ناكرێ لە شوێنێك شەڕ و كوشتن هەبێت ئێمەش لە شوێنێكی دیكە گۆرانی بڵێین و سەما بكەین.
* هونەرمەند رۆڵی چییە لەو كێشە و گرفتانەی بەسەر كۆمەڵگەدا دێن؟
- پێویستە لەسەر هەر هونەرمەندێك رێزی گەل و جەماوەرەكەی خۆی بگرێت و ئەو بارودۆخەی پێیدا تێپەڕ دەبێـت، لەبەرچاو بگرێـت جا خۆشی و شادی بێت یان پێچەوانەكەی، سەنگ و قورسایی ئەو پەیامە بزانێـت كە دەیگەینێـت.
* خۆشەویستی بوونی هەبووە لە ژیانی تۆدا؟
- بێگومان هیچ كەسێك بێ خۆشەویستی ناتوانێت بژیت و نامەوێ باس لە وردەكاری زیاتر بكەم.
*ئێستا تۆ عاشقی؟
- هونەر خۆی عەشقە كە هەموو هەستەكانی خۆشەویستی و عەشق هەڵدەگرێت، ئەوەی عاشق نەبێت بڕوا ناكەم بتوانێت گۆرانی بڵێت.
* بۆ هونەرمەند گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەكانی خۆی چۆنە؟
- زەحمەتێكی زۆرم بینی تا گەیشتم بەو ئاستەی ئێستا، بۆ هەموو هونەرمەندانیش هەر بە هەمان شێوەیە، چونكە سەركەوتن پێویستی بە ماندوبوونێكی زۆر هەیە.
* ژیانی هاوسەرێتی چ كاریگەرییەكی بەسەر ژیانی هونەری هونەرمەندەوە هەیە؟
- بێگومان دەبێ هونەرمەندان دان بەوە بنێن كە ژیانی هونەری تا سەر نامێنێ و ئەوەی دەمێنێتەوە ژیانی خێزانی هونەرمەندە، بۆیە بە راشكاوی دەڵێم سەرەڕای خۆشەویستیم بۆ هونەر، ئەوا خێزانەكەم گرنگترین شتن لە ژیانی مندا.
* چۆن دەڕوانیتە نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری؟
- خۆم نەشتەرگەرییەكی بچووكم ئەنجامدا و دژی ئەمجۆرە نەشتەرگەریانە نیم ئەگەر پێویست بن.
* ماوەیەك تۆ دووركەوتی لە هونەر، چۆن واتكرد كە دانەبڕێی لە هونەر؟
- راستە، بەڵام ئەو كاتەی كە دووریش بووم بەردەوام چاودێری هونەر و هونەرمەندانم دەكرد نامەوێ باسی كەس بكەم، بەڵام هەندێك دیاردە هەبوون پێیان دڵگران بووم.
* ئایا دەتوانین بڵێین جیاوازی هەیە لەنێوان هونەری دوێنی و ئەمڕۆ؟
- بێگومان جیاوازی هەیە و هونەری هەر قۆناغێك تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، منیش بۆ خۆم هونەرێكی كامڵم هەڵبژاردووە هیوادارم تێیدا سەركەوتوو بم.
* میدیاكان هەوڵیانداوە دەست بخەنە نێو كاروباری تایبەتی ژیانی تۆوە؟
- هەر كەسێك بمناسێت دەزانێت رێگە بە هیچ كەسێك نادەم باس لە ژیانی تایبەتی من بكات بەتایبەتی میدیاكان.
* دوور لە هونەر چۆن پێناسەی خۆت دەكەی؟
- ناكرێ جیاوازی بكەم لەنێوان لۆرای هونەرمەند و لۆرا وەك مرۆڤێكی ئاسایی، چونكە هونەر كاریگەرییەكی زۆری بەسەر ژیانی منەوە هەبووە و بووە هۆی بەهێزكردنی كەسایەتی من، ئەمە جگە لەوەی ناوبانگێكی زۆری بۆ دروست كردم و لەنێو خەڵكدا وەك هونەرمەندێك ناسرام، ئەمەش مایەی شانازی منە.
* دەڵێن هونەرمەندان ئیرەیی بەیەكتر دەبەن، ئەمە تا چەند راستە؟
- رەنگە ئەمە هەبێت، بەڵام دەكرێ بڵێین ركابەرێتی نەك ئیرەیی پێبردن، ئەمەش كارێكی ئاساییە.
* لە هونەرمەندانی ئێستا ترست لە هیچیان هەیە؟
- نەخێر، چونكە شێوازی من لە گۆرانی گوتن جیایە، رەنگە شێوازی هەندێك هونەرمەند لە یەكتر نزیك بێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەر جیاوازە.
* ئەو گۆرانیانەی پێشكەشیان دەكەی قەناعەتت بە هەموویان هەیە؟
-ئەگەر قەناعەتم پێیان نەبێت چۆن پێشكەشیان دەكەم.
* لە هیچ گۆرانییەكانی خۆت پەشیمان نیت؟
- نەخێر هیچ كاتێك پەشیمان نەبووم لە هیچ گۆرانییەك كە لە دەمم هاتبێتە دەرەوە و هەموویانم بە دڵ گوتووە و سوپاس بۆ خوا سەركەوتوو بووم.
* پێشوازی جەماوەر لە دوایین بەرهەمت هەڵدەسەنگێنی؟
- بەر لەوەی جەماوەر حوكمی لەسەر بدات من هەوڵمداوە كارێكی وا بكەم دڵیان رازی بكەم و هیوادارم سەركەوتوو بم لەم كارەدا.
سەبارەت بە هونەری كوردی چی دەڵێی؟
- ئەوەی راستی بێت زانیاری وردم نییە دەربارەی هونەری كوردی، هەندێك لەو لوبنانیانەی بۆ كار كردن سەردانی عێراق دەكەن پێیان راگەیاندووم كە جۆرە لێك نزیكبوونێك بەدی دەكرێ لەنێوان هونەری كوردی و لوبنانی بەتایبەتی لەلایەنی فۆلكلۆرییەوە، هیوادارم زانیاری زیاترم هەبێت دەربارەی گەلی كورد بە گشتی.
* دوا وتەت چییە؟
- هیوادارم گەلی عێراق و لوبنان و جیهان بە گشتی لە خۆشی و شادیدا بژین.