تەرزە بەرزنجی: لە فیستیڤاڵی هەولێــــــــر زۆر فیـلم نمایشكران كە شایەنی نـمایشـكردن نەبوون

تەرزە بەرزنجی: لە فیستیڤاڵی هەولێــــــــر زۆر فیـلم نمایشكران كە شایەنی نـمایشـكردن نەبوون
تەرزە سدیق بەرزنجی، لەسەید سادق لە دایكبووە و ئێستا دانیشتووی سلێمانیە، قوتابی قۆناغی سێیەمی بەشی سینەمایە لە زانكۆی سەڵاحەدین، لە فیلمی هەناسە خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەتی پێ بەخشرا و بەشداری كرد لەو فیستیڤاڵەی لە هەولێر سازكرا، بۆ گفتۆگۆكردن سەبارەت بە چەند پرسێكی سینەمایی ئەم دیدارەمان لەگەڵ تەرزە ئەنجام دا.

* بەدەر لەوەی كە خۆت یەكێك بووی لە سەركەوتووەكانی سێیەمین فیستیڤاڵی كورتە فیلم، هەڵسەنگاندنت بۆ فیستیڤاڵەكە چۆنە؟
- سازكردنی فیستیڤاڵی لەو جۆرەدا كارێكی زۆر پێویستە، چونكە زۆربەی ئەوانەی لەبواری سینەما كار دەكەن، ئیشیان هەیە، بەڵام شوێنێكی وا نییە بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانیان، بۆیە فیستیڤاڵێكی لەو شێوەیە بكرێت زۆر باشە، فیستیڤاڵەكە لایەنی ئیجابی و سلبی هەبوو، ئەوەش ئاساییە لەبەر ئەوەی زۆربەی فیستیڤاڵەكان لایەنی سلبی و ئیجابیان هەیە. زۆر فیلم هەبوو لە فیستیڤاڵەكەدا هی ئەوە نەبوو كە پیشان بدرێت، ئەوە دەڵێم و لەیەكەم رۆژیشەوە وتوومە.
* ئەوە سێیەم فیستیڤاڵە ئەنجام دەدرێت، زۆربەی خاڵە سلبیەكانی لە فیستیڤاڵەكانی پێشوو هەستیان پێ دەكرا دووبارە دەبنەوە، پێتوایە هۆكەی چییە؟
- رەنگە بەهۆی تێنەگەیشتنی ئەو كەسانە بێت لە سینەما، ئەوانەی كە فیلمەكان هەڵدەبژێرن، لەوانەیە تەنیا ئەو هۆیە بێت.
* بەڵام ئەوانە خۆیان بە پرۆفیشناڵ دەزانن لە بواری سینەمادا؟
- بەڵێ پرۆفیشناڵن، بەڵام رەنگە بە راددەیەكی وا پرۆفیشناڵ نەبن كە هەڵسەنگاندنێكی جوان بۆ فیلمێك بكەن.
* زۆر لە سینەماكارانی هەولێر و سلێمانی رەخنەی ئەوە دەگرن كە دەڵێن زیاد لە پێویست گرنگی بە رۆژهەڵات و ئێرانییەكان دەدرێت؟
- ئەو گرنگیدانە لەشوێنی خۆیەتی و مافی خۆیانە، بەڕاستی كاری زۆر جوان دەكەن، بەڵام گرنگی دراوە بە فیلمی باشووری كوردستانیش نەك پەراوێز خرابێت، لەو فیستیڤاڵەدا بۆ نموونە چەند فیلمی رۆژهەڵات بەشداربووە، ئەوەندەش فیلمی باشوور بەشدار بووە.
* تا ئێستا لەكوردستان بەشێوەیەكی زانستی سوود لە سینەمای رۆژهەڵاتی كوردستان وەرگیراوە؟
- نەخێر بەشێوەیەكی زانستی سوودی لێ وەرنەگیراوە، ئێستا ئێمە قوتابی هونەرە جوانەكانین بەشی سینەما، شتێكی وا نییە لەسەر سینەمای رۆژهەڵات كە بیخوێنین، بەڵام بۆ دەرەوە زۆر لە سینەماكاران سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام بەشێوەیەكی لاسایی كردنەوە.
* چەند ساڵێكە بەشی سینەما كراوەتەوە، پێتوایە وەك پێویست گرنگی پێدراوە؟
- نەخێر گرنگی پێ نەدراوە، بینای كۆلێژەكەمان باش نییە. پێش ئێستا داوا كرا فیستیڤاڵێكی تایبەت بە بەشی سینەما هەبێت بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت بەشی سینەما چییە، بەڵام كەس بایەخ بەو قسانە نادات.
* ئێوە هەندێك قوتابی بەنیازی دروستكردنی فیلمێك بوون، چارەنووسی ئەو فیلمە بەكوێ گەیشت؟
- نزیكەی پێنج ساڵە بەشی سینەما كراوەتەوە لەو كاتەوە تا ئێستا قوتابی خۆی ئیشەكانی خۆی بەشێوەیەكی زۆر جوان و ئەكادیمی ئەنجام دەدات. ئەگەر بێن دەزانن توانای بەشی سینەما چەندە، بەڵام چارەنووسی ئەوانە چی لێدێت ئەوە نازانم، لەم فیستیڤاڵەدا بە دوو فیلم بەشدار بووین، بەڵام هیچیان لەپێشبڕكێیەكەدا نەبوون.
* پێوەندیتان چۆنە وەك قوتابی لەگەڵ سینەماكارانی كورد؟
- ئەوانە تا ئێستا هاوكاری بەشی سینەمایان نەكردووە، بەڵام هاتوون سەردانیان كردووین، باسی ئەزموونی خۆیان كردووە، بەهمەنی قوبادی و شەوكەت ئەمین هاتن بۆ ئێرە باسی ئەزموونی خۆیان كرد و كاك شەوكەت فیلمێكی خۆی نمایش كرد، بەڵام وەكو یارمەتی، هەتا ئێستا هیچ هاوكاریان پێشكەش نەكردووین.
* هەندێك كەس دەڵێن لەدابەشكردنی خەڵاتەكاندا نایەكسانی هەبوو؟
- نەك هەر لە فیستیڤاڵدا، ئەگەر فیلمێك لەدەرەوە خەڵات بكرێت، ئەگەر ئەكتەرەكە خەڵاتەكە بباتەوە یان سیناریستەكە یان مۆنتێرەكە ئەوا ئەوانی دیكە گلەیی دەكەن، وا هەست ئەكەن زوڵمیان لێكراوە، لە هەموو فیستیڤاڵێكدا ئەوە هەیە، بەڵام سەبارەت بەوەی تاچەند خەڵاتەكە بە شێوەیەكی دادوەریانە دابەشكراوە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ لیژنە، ئەوە مافی لیژنەیە ئەو كەسانە دەستنیشان بكات كە خەڵات دەكرێن.
* ئەوە سێیەم فیستیڤاڵ بوو، پێتوانییە وا باشتر بێت كاتێكی دیاریكراو هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو فیستیڤاڵە بۆ نموونە ساڵانە كاتێك دیاری بكرێت بۆ ئەوە؟
- باسی ئەوەم كردووە كە پێویستە چەند فیستیڤاڵێك ساڵانە بكرێن تایبەت بە سینەما نەك تەنیا فیستیڤاڵێك، لە سلێمانی فیستیڤاڵی تایبەت بە لاوان و فیستیڤاڵی گشتی سینەما هەبوو، نازانم ئێستا ئەوە ماوە یان نا، بەڵام زۆر پێویستە فیستیڤاڵێكی ساڵانە هەبێت تایبەت بە سینەما.
* وەك قوتابیەكی بەشی سینەما پێتانوایە دەتوانن شتێك بكەن بۆ خزمەتكردنی سینەمای كوردی؟
- بەدڵنیاییەوە زۆر هیوا هەیە لەو قوتابیانەی لێرە دەخوێنن، دەتوانن سوودێكی زۆر گەورە و باش بە سینەمامی كوردی بگەیەنن بە شێوەیەكی ئەكادیمی.
* ئەگەر هاوكاری نەكران؟
- دەبێت لەماڵەوە دابنیشن، بەبێ هاوكاری ناتوانین كارەكانمان ئەنجام بدەین.
* سینەمای نەتەوەیی چۆن دەبینی و تا چەند پێویستە؟
- پێم وایە ئەوەی لەدەرەوە دەكرێت تا راددەیەك خراپ نییە، بەڵام زۆر بە هیوام ئەوەی ئێستا خراپە دواتر بەباشی بكرێت، زۆر هیوام بە قوتابیەكانی ئێرە هەیە كە بتوانن كاری زۆر جوان بكەن نەك وەك كەسانێك كە نە كارەكانیان جوانە و نە لێیان تێدەگەیت، بەهیوام بتوانین بە جوانی و بە پوختی پەیامی سینەمایی خۆمان بگەیەنین.
* رۆلی كورتە فیلم چییە بۆ هەنگاونان بەرەو دەرهێنانی فیلمی درێژ؟
- سەرەتای هەموو دەرهێنەرێك ئەگەر بە كورتە فیلم بێت زۆر باشترە لەوەی بە فیلمی درێژ دەست پێ بكات، لەبەر ئەوەی ئەزموونی زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی كورتە فیلم یارمەتیدەرە بۆ فیلمی درێژ.
Top