هیڤیدار زانا: ناكرێ هەر كەسێك گۆرانییەكی پێشكەش كرد ناوی هونەرمەندی لێ بنێین

هیڤیدار زانا: ناكرێ هەر كەسێك گۆرانییەكی پێشكەش كرد ناوی هونەرمەندی لێ بنێین
هیڤیدار زانا خەڵكی شاری مێرسینی باكووری كوردستانە، لە ساڵی 1995ەوە هاتۆتە نێو بواری راگەیاندن و بە درێژایی ئەم ماوەیە شارەزاییەكی زۆری لە بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵایەتی و هونەری و سیاسی پەیدا كردووە و یەكێكە لە بێژەرە سەركەوتووەكانی ئێستای سەتەلایەتی كوردستان كە لە نزیكەوە ئاگاداری وردەكارییەكانی ژیانی كوردانی هەندەرانە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز بكەین دەربارەی راگەیاندنی كوردی و لایەنی هونەری و موزیك بەشێوەیەكی تایبەت.
*كاری راگەیاندنی بەتایبەتی لە بواری هونەری بۆ ئافرەتێكی كورد لە ئەوروپا ئاسانترە یان لە كوردستان؟
- لە ئەوروپا دەرفەتەكان زیاترن بەتایبەتی بۆ ئافرەتان، چونكە لەوێ هەست بە جیاوازییەكی زۆر ناكرێت، هەروەها ئافرەت و پیاو هەمان پێگە و بەهایان هەیە، بەڵام لە كوردستان بەو شێوەیە نییە و زۆر بە جددی وەرناگیرێ، ئەم جیاوازییەش تەنیا بۆ بواری راگەیاندن نییە، بەڵكو بۆ ئافرەتی سیاسەتمەداریش بە هەمان شێوەیە، كاتێك ئافرەت لە هەموو بەشەكانی ژیان شوێنی خۆی بەگوێرەی سەنگی راستەقینەی خۆی نەگرتبێت، بەشێوەیەكی گشتی كارەكان بۆ ئافرەت تا راددەیەك زەحمەت بن.
*كورد كەوتۆتە نێوان سێ كولتووری جیاواز لە بواری هونەری، پێتوایە ئێمە لە كامیان زیاتر نزیكین؟
-ئەمە دەگەڕێتەوە سەر هەر پارچەیەك بە جیا، ئێمە لە باكوور بمانەوێ و نەمانەوێ لەبەر ئەوەی هەڵسوكەوت و ژیان و خوێندنمان لەگەڵ توركیایە، بۆیە كەوتووینەتە ژێر كاریگەری توركەكان، بۆیە تا راددەیەك كاریگەری كولتوور و هونەریان بەسەر ئێمەوە هەیە، بە هەمان شێوەیە بۆ كوردەكانی عێراق و سوریا كاریگەری عەرەبی و كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش كاریگەری فارسییان بەسەرەوە هەیە، چونكە ئێمە بەو كولتوورە گەورە بووین و ناتوانین بڵێین ئێمە پاكین و كاریگەرییان بەسەر ئێمەوە نییە، هەروەها گڵۆبالیزەیشنیش وایكردووە كە ئاسایی بێت ئێمە بە كولتوور و هونەری ء چین و ژاپۆن كاریگەر بین.
*چۆن دەتوانین وەك كورد كولتوورێكی تایبەت بە خۆمان دروست بكەین لەنێو گەلانی جیهان كە پێی بناسرێینەوە؟
- پێموایە ئەم هەنگاوە دەست پێكراوە، چونكە پێش ئێستا هاتووچۆ زەحمەت بوو، من نەمدەزانی لە هەولێر چ هەیە بە هەمان شیوە كوردێكی سلێمانی یان هەولێر نەیدەزانی لە لای من و لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان چی روودەدات، بەڵام دوای ئازاد بوونی هەرێمی كوردستان، بووەتە ناوەندێك بۆ كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان.
*بەر لە ئازاد بوونی كوردستان هونەر و كولتووری ئێمە لەژێر كاریگەری هونەری دوژمناندا بوو، بەڵام پێتوایە لە رووی هونەرییەوە ئەم دەرفەتە وەكو پێویست سوودی لێ وەرگیراوە بۆ پێشخستنی هونەر لەدوای ئازادكردنی ئەم پارچەیە؟
-ئازادكردنی هەرێمی كوردستان سوودێكی زۆری بە هونەر گەیاندووە، چونكە بە ئازادبوونی باشووری كوردستان بەدەیان رۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆنی ئاسمانی و لۆكاڵ كەوتنە پەخش و چاپكردن و دەرفەتێكی باشتر هاتە ئاراوە كە هونەرمەندان دەنگی خۆیان بە جەماوەر رابگەیەنن، كە پێشتر ئەم دەرفەتە لە ئارادا نەبوو، هونەرمەندانی كورد لە دەرەوە رەنگە ساڵانە تەنیا لە یەك ئاهەنگ یان كۆنسێرتێكدا بەشداریان بكردایا، هەروەها بەشێكی زءری هونەرمەندان دەرفەتی ئەوەیان نەبوو سیدییەك بڵاوبكەنەوە، ئەگەر ئەمەشیان بكردایە، ئەوا لە گیرفانی خۆیان بوو بێئەوەی هیچ بەرامبەرێك وەربگرنەوە، ئێستا كار گەیشتۆتە ئەوەی كە هونەرمەندانی كورد بژێوی ژیانیان بە هونەر پەیدا بكەن، جا بە فرۆشتنی سیدی یان ئەنجامدانی بەرنامەی هونەری بێت، ئەمە هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە شوێنێكمان هەیە لە باوەشمان بگرێت و دەتوانین دەربڕی هەست و نەستەكانی خۆمانی تێدا بكەین.
* هونەرمەندانی كوردستان (هەندێكیان) پێیانوایە كە دەسەڵات گرنگی زیاتر بە هونەرمەندانی دەرەوەی كوردستان دەدات، تۆ چی دەڵێی بۆ ئەم قسانە؟
- بێگومان هونەرمەندانی كورد لە دەرەوەی كوردستانیش مافی خۆیانە دەسەڵاتی كوردستان ئاوڕیان لێبداتەوە و دەستی هاوكارییان بۆ درێژ بكات، چونكە مەرج نییە یارمەتی هونەرمەندانی دەرەوە یان ناوەوەی كوردستان بدات، بەڵكو گرنگ ئەوەیە سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و شتێك پێشكەش بكات، هەروەها ئەم مەسەلەیە هەندێك جار وەستاوە لەسەر توانا و لێهاتوویی كەسانێك هەن لە ئەوروپا دەژین، بەڵام بەهرەیەكی هونەری ئەوتۆیان نییە كە لەلایەن جەماوەرەوە خاوەن دەنگێكی ویستراو بێت، لە ساڵێكدا تەنیا گۆرانییەك پێشكەش دەكات، بەجۆرێك كە دەتوانین بڵێین بوونەتە بەڵا بەسەر هونەری كوردییەوە، ئەمانە شایەنی هاریكاری كردن نین، جا لە كوردستان بژین یان لە دەرەوە.
ئێمە ئێستا لە قۆناغێكداین كە ناكرێ هەر كەسێك گۆرانییەكی پێشكەشكرد، ناوی هونەرمەندی لێ بنێین، چونكە ئێستا خەڵك گەیشتۆتە ئاستێك كە كاری باش و خراپ لە یەكتری جیا بكاتەوە.
* سازدانی فیستیڤاڵێكی هونەری بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان لەم بەشە ئازادەی كوردستان بە بەشداری هونەرمەندانی هەموو پارچەكان تا چەند بە گرنگ دەبینی؟
- وابزانم فیستیڤاڵی لەمجۆرە سازكراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی هونەرمەندانی دەرەوە و هەموو پارچەكانی بەشداری تێدا بكەن، سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەكی زۆری هونەرمەندانی كورد بەشدارییان تێدا كردووە، بەڵام پێویستە لە نزیكەوە زیاتر ئاگاداری یەكتر بین.
* ئایا هونەرمەندانی كورد لە دەرەوە توانیویانە هونەری كوردی بگەیەننە ئاستی هونەری جیهانی؟
- ئەگەر مەبەستت ئەوە بێت كە هونەرمەندێكی كورد گەیشتبێتە ئاستێك كە لەنێو هونەرمەندانی جیهانیدا ناوبانگ دەربكات و بناسرێت، ئەوە هێشتا ماوە، ئەوەی راستی بێت تا ئێستا هونەرمەندانی ئێمە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە كەسێكی بیانی گوێ لە سیدییەكانی بگرێت یان لە سوپەر ماركێتەكان سیدییەكانی بفرۆشێت، تەنیا ئەوە نەبێت لە هەندێك ئاهەنگدا هونەرمەندان لەگەڵ هونەرمەندە بیانییەكاندا بەشداری دەكەن.
Top