ماریا مەعلوف: ئامادەم بەرنامەیەكی تایـــــــــــــبەت بە كێشەكانی لاوان پێشكەش بكەم

ماریا مەعلوف:  ئامادەم بەرنامەیەكی تایـــــــــــــبەت بە كێشەكانی لاوان پێشكەش بكەم
ماریا مەعلوف یەكێكە لە بەناوبانگترین بێژەرە لوبنانیەكان لە شاری زەحلە لەدایكبووە، هەرچەندە دەرچووی كۆلێژی زانستە كۆمەڵایەتییەكانە، بەڵام خۆشەویستی بۆ كاری راگەیاندن وایلێكرد كە روو لە تەلەفزیۆن بكات، بەوە ناسراوە كە كێشەی سیاسی گەرماو گەرم دەوروژێنێت، لە هەمان كاتدا رەخنەش لە سەركردایەتی عەرەب دەگرێت، لە رێگەی هەنا ئەلحاج كە راگەیاندنكارێكی لوبنانییە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* چۆن تۆ هەڵبژێردرای بۆسەرنووسەری گۆڤارێكی سووری لوبنانی؟
- كە داوام لێكرا بۆ لە ئەستۆ گرتنی ئەركی سەرنووسەری ئەم گۆڤارە، دوای لێوردبوونەوە هەستم كرد كە كارێكی پێویستە، بۆیە لەسەر ئەو داوایە رازی بووم.
* بێژەر چۆن دەبێ كارێكی وا بكات كە رەنگدانەوەی لەسەر كارەكانی نەبێت؟
- بەر لە هەموو شتێك ئێمەش مرۆڤین، بەڵام رەنگە كارەكەمان جیا بێت، ئەویش لەبەر ئەوەی زۆرترین خەڵك دەمانبینێ و هەمیشە لەژیر چاودێریداین، بۆیە نابێت وا دەربكەوین كە رەنگدانەوەی بەسەر ژیانی ئاساییمانەوە هەبێت، واتە نابێ بینەر هەست بەو شتانە بكات كە لە ناخماندا هەیە، هەرچەندە دەبێ ئێمە ئاوێنەی جەماوەر بین، بەڵام ناكرێ ئێمە گرفتێكمان هەبێت جەماوەریش بخزێنینە نێو ئەم گرفتانە.
* بێژەر چۆن دەبێ دەربڕی خواستەكانی جەماوەر بێت؟
- بێژەر و راگەیاندنكاریش وەك هونەرمەند خاوەن هەستێكی ناسكە و زووتر لە كەسانی تر هەست بە ئێش و ئازارەكانی خەڵك دەكات، چونكە ئەویش بەشێكە لەو ژینگەیەی تێیدا دەژیت.
* تۆ بە پێشكەشكردنی بەرنامە سیاسییەكان دەستت پێكرد، بۆ تۆ كاری راگەیاندن لەگەڵ سیاسەتمەداران ئاسانترە یان لەگەڵ هونەرمەند؟
- بێگومان لەگەڵ سیاسەتمەدارێك ئاسانترە، چونكە ئەو بابەتەی تۆ دەتەوێت لەگەڵ سیاسەتمەدارێك دیاریكراوە بە هەمان شێوە پرسیارەكانیش دیاریكراو و سنووردارن، بەڵام لەگەڵ هونەرمەندێك پێویستت بە زانیاری تایبەت لەسەر ئەو كەسە هەیە و رەنگە خەڵك زیاتر گرنگی بە وردەكارییەكانی ژیانی هونەرمەندێك بدات لەوەی سیاسەتمەدارێك.
* چ كەناڵێك بۆ تۆ كار كردنی تێیدا خۆشترە؟
- ئێستا كاری بێژەری وەك یاری تۆپی پێ بووەتە كارێكی پیشەگەری، ئەمڕۆ لەم كەناڵەم بەیانی دەچمە كەناڵێكی تر، بۆیە دەبێ خۆم لەگەڵی رابهێنم، هیچ جیاوازییەكی بۆمان نەبووە، چونكە لە هەموو ئەو شوێنانەی كارم كردووە بە دڵسۆزی كاری خۆم كردووە و هەوڵمداوە رووەكی گەشی ئەو شوێنەی لێی كار دەكەم، نیشانی بینەر بدەم.
* زۆر لە بێژەرەكان هەن بۆ ماوەیەكی زۆر لە كەناڵێك دەمێننەوە، هەندێكیشیان زوو زوو شوێنی كاركردنیان دەگۆڕن، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەمە تایبەتە بە خۆیان، رەنگە بارودۆخی تایبەتیان كاریگەری لەسەر ئەم كارەیان هەبێت.
* هەندێك لە بەرنامە هەن زیاتر لە بێژەرێك پێشكەشی دەكەن ئەم كارەچۆن دەبینی؟
- بەرنامەی لەم شێوەیەم پێشكەش نەكردووە، بەڵام ئەمەشیان تاموچێژ و تایبەتمەندی خۆی هەیە.
* بەر لە ماوەیەك تۆ بەوە تاوانبار كرای كە بە رواڵەت دژی ئەمریكای و بۆ منداڵبوونیش چووی بۆ ئەمریكا، چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە؟
- زۆر ئاساییە كە هەر یەكێك لە ئێمە لە ئەمریكا یان لە هەر وڵاتێكی دیكە منداڵی ببێت و رەگەزنامەی وڵاتەكەی وەربگرێت، تەنیا من ئەو كارەم نەكردووە زۆر لە هونەرمەندان و بێژەر وسیاسەتمەدارانیش بە ئاشكرا ئەو كارە دەكەن و كەسیش باسیان ناكات، نازانم بۆچی باسی من دەكەن.
* جوانی تا چەند گرنگە بۆ بێژەر؟
- بێگومان رووخسار و چۆنیەتی دەركەوتن هۆكاری زۆر گرنگن بۆ سەركەوتنی بێژەر، بەتایبەتی ئافرەت، بەڵام مەرجیش نییە هەموو شتێك بێت.
* هونەری لوبنانی بەتایبەتی گۆرانی گوتن پێشكەوتووە، بەڵام هەندێك لە لوبنانییەكان بەدوور كەوتن لە رەوشت و دابونەریت تۆمەتبار دەكرێن، وەك راگەیاندنكارێك چۆن وەڵامی ئەمانە دەدەیتەوە؟
- نەك لەبەر ئەوەی كە لوبنانیم، بەڵام بە شایەدی هەموو لایەك لوبنانییەكان سەركەوتوون، سەبارەت بەو گۆرانیبێژانەی باسیان دەكرێت بە دەرچوون لە رەوشت ناكرێ ئەمە بۆ هەموو لوبنانییەكان حیساب بكرێت، چونكە ئێمەش دژی هەڵسوكەوتی زۆربەیانین و رەخنەشیان لێدەگرین.
* بەڵام بۆچی لەبواری نواندن وەك گۆرانی سەركەوتوو نین، هۆكاری ئەمە چییە؟
- پێچەوانەی ئەو رایەم، چونكە لوبنانییەكان لە نواندنیش خاوەن هونەرمەندی زۆر سەركەوتوون كە كاری زۆر باش و سەركەوتوویان پێشكەش كردووە، بەڵام ناگەین بە ئاستی سوریا و میسر.
* ئایا رەخنە قبوڵ دەكەی؟
- یەكێكم لەوانەی كە رەخنەیەكی زۆر ئاراستەی خۆم و كارەكانی خۆم دەكەم، بەتایبەتی تاقیكردنەوە تایبەتییەكانم، زۆر جاریش لە هەندێك شت پەشیمان دەبمەوە، چونكە دەمتوانی كاری جوانتر یان بەشێوەیەكی جوانتر دەربكەوم.
* ئامادەی بەرنامەیەكی تابیەت بە لاوان پێشكەش بكەی؟
- لای ئێمە ئەمكارە وەك پێویست قبوڵ ناكرێت، بەڵام لە رۆژئاوا كارێكی ئاساییە، سەبارەت بە خۆیشم زۆر ئاساییە كە بەرنامەیەكی تایبەت بە لاوان پێشكەش بكەم، چونكە یەكێكە لە گرنگترین چینەكانی نێو كۆمەڵ و كێشەكانی لاوان كێشەی بەردەوامن و پێویستیان بە چارەسەر هەیە، لە هەمان كاتدا پەیوەندی بە ژیانی هەموو خێزانێكەوە هەیە.
Top