محەمەد سەعید: بە هۆی كەمتەرخەمی و گەندەڵی دەستم لەكار كێشایەوە
كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی چەندین وەرزشكاری بە توانای تێدایه كە بە مێژووی ژیانیان خزمەتی بواری وەرزشیان كردووە و ناوی خۆیان لە مێژوو تۆمار كردووە، مامۆستا حەمە سەعید یەكێكە لە وەرزشكارە دێرینەكانی شاری سلێمانی كە خزمەتێكی تەواوی وەرزشی ئەو شارەی كردووە وەكو یاریزان و راهێنەر و ناوبژیوان و دەستەی كارگێڕی و چەندین وەرزشكاری بۆ ئەمشارە پێگەیاندووە. ئێمە لەكاتی سەردانمان بۆ شاری سلێمانی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵدا ئەنجامدا...
* دەكرێ خۆت بە جەماوەری وەرزشی كوردستان بناسێنیت؟
- ناوم (محەمەد سەعید محەمەد نادر)ە، ناسراوم بە مامۆستا حەمە سەعید نادر و لەساڵی 1943 لەگەڕەكی قەزازەكانی شاری سلێمانی لەدایكبوومە و خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی فەیسەڵی كوڕان تەواو كرد و قۆناغی ناوەندیم لە ئامادەیی سلێمانی تەواو كردووە و لەساڵی 1960 چوومە خانەی مامۆستایانی سلێمانی و لەساڵی 1963 وەكو مامۆستای وەرزش تەواوم كرد و دواتر چوومە یەكێك لەقوتابخانە پیرۆزەكانی شاری هەولێر و ماوەی (38) ساڵ لە قوتابخانەی شێخ مەحمودی نەمر بووم.
* دەستپێكی وەرزشیت چۆن بوو؟
-وەكو هەموو مناڵێك سەرەتا لە گەڕەكی خۆمان تیپێكی باڵە و فوتبۆلێنمان دروستكرد و پاشان چوومە تیپی ئاسۆی میللی كە زۆربەی یاریزانەكانی لە یانەی سلێمانی یاری دەكرد و یانەی سلێمانی چەند تیپێكی میللی هەبوو وەكو (ئاكۆ – خەبات – برسیم- ئەزمەر- ئاسۆ) لە (3/10/1961) بە فەرمی بوومە ئەندامی تیپی تۆپی پێی سلێمانی وەكو یاریزان و لەبەر بواری ناهەمواری خێزان لە ساڵی 1966 ماوەیەك دابڕام و ساڵی 1970 یانەی سیروان كرایەوە برادەران داوایان لێكردم بچمە ئەو یانەیە و پێوەندیم پێوە كردن ئەندامی دەستەی كارگێڕی و راهێنەری تیپی تۆپی پێ و لەو یانەیە لە یارییەكی یەكلاكەرەوە لە یانەی سلێمانیمان بردەوە، بەڵام بەداخەوە چوونە بەغدا هەردوو یانەی سلێمانی و سیروانیان كردە یەك یانە بەناوی سلێمانی و ماوەی 34 ساڵ ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانیم وەكو سكرتێر بەبێ هیچ بەرامبەرێك كارەكانم ئەنجام دەدەم و نایكەم بە منەتیش بەسەر هیچ كەسێكەوە، ئەمەش ئارەزوو خواستی خۆمە.
* بۆ لە نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵومپی سلێمانی بەردەوام نەبوویت؟
- لە رێگەی هەڵبژاردن بووم بە سكرتێری نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵومپی سلێمانی، بەڵام لەبەر بینینی كەموكوڕی و گیروگرفت و كەمتەرخەمی و گەندڵی، دەستم لەو كارە كێشایەوە و تا ئێستا وەرزشم بە پارە نەكردووە، بۆیە ئەو كارەم بەجێهێشت.
* چۆن سەیری وەرزشی ئێستا و پێشوو دەكەی؟
-وەكو وەرزشكارێكی دێرین كە خۆم یارییم كردووە لە ساڵانی حەفتاكان وەرزش زۆر لە ئێستا باشتر بووە، چونكە ئەو كات خەڵك بە روحێكی خۆنەویستەوە و بەبێ هیچ بەرامبەرێك و بەپارەی خۆمان خزمەتمان دەكرد بەجل و بەرگ و پێڵاوی خۆمانەوە ئەنجامی یارییەكان لە ئێستا زۆر باشتر بوو ئەوەش لە بیر نەكەین ئەوكات رێزگرتن لە نێوان یاریزانەكان باشتر بوو.
* هۆكاری چیبوو رووت لە بواری ناوبژیوانی كرد؟
- هەندێ گیروگرفت لە یاری تۆپی پێ هەبوو پێم باش بوو وەكو وەرزشكارێك ئاشنا بەیاری تۆپی پێ بچمە بواری ناوبژیوانی لەساڵی 1972 لەشاری موسڵ لەژێر سەرپەرشتی بەڕێز غەنی جبوری بە پلەی نایاب دەرچووم و تا ساڵی 1993 بەردەوام بووم، زۆربەی یارییەكانی پارێزگاكانی كوردستان و باكوورم بەڕێوە دەبرد لە پلە یەكەكان و جامی عێراق و پلە دووەكان.
* جار و بار گلەیی و گازاندە لەبەرپرسانی وەرزشی سلێمانی دەكرێ؟
- وەرزشی سلێمانی لەگەڵ هەموو رێزێكدا بەرپرسەكانی ئێمە لە وەرزش نزیك نیین لەبەر ئەوەی سەرقاڵی كاری خۆیان حزبایەتین و بواریان نییە لە كێشە و گرفتەكانی وەرزشكاران و یانەكان بكۆڵنەوە. یانەكانی سلێمانی و پێشمەرگە و نەورۆز و سیروانی نوێ چەندین جار سەردانی بەرپرسانمان كردووە و پەنامان بۆ بردوون بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكەن و كەموكوڕییەكانمان خستۆتە بەرچاویان و بەڵێنیان پێداوین كە كارمان بۆ بكەن، بەداخەوە بەپێی پێویست نەبوو.
* ئەی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان؟
- ئەوەندەی من بزانم كارەكانیان نیمچە سەركەوتووە، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەندامەكانیان بەدانان دانراون و تا ئێستا من نەبینووە یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی سەردانی پارێزگای سلێمانی بكات و بێتە یانەكان و لەكێشەكانیان بكۆڵێتەوە و بیكا بە راپۆرتێك لە كۆبوونەوەكان باسی لێوە بكات، ئەمەش یەكێكە لە گلەییەكانی یانەكانی و وەرزشكارانی شاری سلێمانی. ئەندامەكان وەكو سەردان دێن، بەڵام بەشێوەی فەرمی نییە.
* وەكو ناوبژیوانێكی دێرینی كوردستان ئاستی ناوبژیوانان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- رەشبینم بە هەندێك لە ناوبژیوانان، بەڵام لەهەمان كاتیشدا بەكۆمەڵێكیش گەشبینم ئەوانەی ئێستا بەشداری لە یارییەكانی خولی عێراق دەكەن سەلماندوویانە كە ناوبژیوانانی كوردیش هیچیان لە ناوبژیوانانی عێراق كەمتر نیین و باشی ئەمانەش بۆ یەكێتی ناوەندی تۆپی پێ لە كوردستان دەگەڕێتەوە، لیژنەی ناوبژیوانان گرنگیەكی زۆریان پێداەدات و خولیان لە دەرەوە و ناوەخۆ بۆ دەكاتەوە و جلوبەرگیان بۆ دابین دەكات. دانانی سەرپەرشتیار بۆ یارییەكان وا دەكات ناوبژیوان خۆی ماندوو بكات و گرنگی بەكارەكانیان بدەن. ئەمانەش دەبنە هۆكار بۆ پێشخستنی ناوبژیوان و دەستخۆشی لە یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان و لیژنەی ناوبژیوانان دەكەم كە بەئەرك و ماندووبوونی خۆیان توانیویانە هاوكاری ناوبژیوانان بكەن، هیوادارم هەوڵیش بدەن بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی بۆ ناوبژیوانان.
* بەچی نیگەران دەبیت؟
-زۆر بەوە نیگەران دەبم كە یارییەكانی خولی كوردستان جەماوەری زۆر كەمە و كەمبوونەوەی ئەوەش هۆكارە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە زۆر گرنگی نەدراوە بە خزمەتكردنی یانەكان و یاریزانەكان، هەر چەندە زۆربەی یاریزانەكان مووچەیان هەیە، ئێمە وەكو یانەی سلێمانی ئەو بودجەیەی لە لیژنەی ئۆڵومپی و حكومەت وەریدەگرین دابینی مووچەی مانگانەی یاریزانانی تیپی فوتبۆڵ ناكات، جێگەی دەستخۆشیە تیپی كوردستان كە سێجار بەشداری جامی فیفایان كردووە. یاریزانەكان تێكەڵن و راهێنەرەكان خاوەن ئەزموونن و بەپێی توانا دەستنیشانیان دەكەن.
* دوا وتەت؟
- هیوادارم لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لەمەودوا سەردانی یانەكان بكات و هاوكاریان بكەن و لە كێشەكانیان بكۆڵنەوە و بە راپۆرت بە بەڕێز سەرۆكی حكومەت رابگەینن بۆ ئەوەی لەم قەیرانە ئابووریە رزگارمان بێت و سوپاسی ستافی هەفتەنامەی گۆڵان دەكەم كە لەشاری قەڵاومنارە هاتوون وەرزشی سلێمانی بەسەر دەكەنەوە.