ئاست نزمی یاری جمناستیك لە كوردستان بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
سەرەتا د.سەعدوڵڵا عەباس جێگری سەرۆكی یەكێتی جمناستیكی كوردستان سەبارەت بە ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان وتی: بەداخەوە رێژەی یانە بەشداربووەكان لەم پاڵەوانیەتیە وەكو پێویست نەبوو، ئەویش بەهۆی نەبوونی داهات و گلەیی لە یانەكان دەكەم، چونكە پشكی شێری داهاتەكەیان بە چالاكییەكانی تۆپی پێ داوە. سەبارەت بە شوێنی ئەنجامدانی پاڵەوانیەتیەكە بەڕێزیان وتی: بەڕاستی ئەم هۆڵە بەهیچ شێوەیەك بۆ ئەم یارییە ناگونجێت، رووناكی و ساردەكەرەوەی تێدا نییە و ژووری نییە بۆ ئەوەی یاریزانە بەشداربووەكان خۆیانی تێیدا بگۆڕن، ئێمە چەندین كێشەمان هەیە و چەندین جار بە فەرمی نووسراومان بۆ بەرپرسانی وەرزش لە وەزارەت و لیژنەی ئۆڵۆمپی بەرزكردۆتەوە، بەڵام هیچ وەڵاممیان نەبووە. ئەوەتا هەردوو یانەی قەڵا و ئارارات، كە بەهێزترین دوو یانەی كوردستانن لەبەر نەبوونی پارە بەشداریان لەم پاڵەوانیەتیە نەكرد، لە كۆتاییدا د.سەعدوڵڵا عەباس وتی: كێشەی هەرە گەورەی ئێمە نەبوونی كەلوپەل و پێداویستییەكانی جمناستیكە، گەر هاتوو و بۆمان دابین بكرێ ئەوە رۆژێكی پڕشنگدار چاوەڕوانی ئەم یارییە دەكات.
دواتر رووی پرسیارمان ئاراستەی میهربان ئەحمەد كەریم ناوبژیوانی نێودەوڵەتی كردو وتی: ئەوەی راستی بێت یانەكانی كەركوك زۆر بایەخ بەم یارییە دەدەن و تا راددەییەك یانەكانی سلێمانی، بەڵام یانەكانی هەولێر بایەخ بەم یارییە نادەن، لەم هەمان كاتدا لە كوردستان راهێنەری تایبەت بەم یارییە زۆر كەمە و زۆربەی راهێنەرەكان ئەكادیمی نینە و هەروەها نەبوونی هۆڵی تایبەت بەم یارییە ئەمە كێشەیەكی زۆر گەورەیە. بەڕاستی ئەم یارییە كێشەی یەكجار زۆرە، دەبێت خێزان رێگە بە كچەكانیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لەم یارییە بكەن، چونكە ئێمە زۆر لەگەڵیان ماندوو دەبین لەكاتی راهێنان، دواتر خێزانەكانیان رێگەیان نادەن بەشداری لە پاڵەوانیەتیەكە بكەن.
لە كۆتاییدا میهرەبان ئەحمەد وتی: هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوێك بەم یارییە بخشێنتەوە و پێداویستییەكانی بۆ دابین بكات و هۆڵی شیاو دروست بكات.
دواتر تەلار بیلال ناوبژیوان و قوتابی كۆلێژی پەرورەدەی وەرزشی وتی: ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زۆر نزمە، ئەمەش بۆ نەبوونی راهێنەری ئەكادیمی و نەبوونی كەلوپەلی تایبەت و شیاو بەم یارییە و نەبوونی هۆڵی گونجاو دەگهڕێتهوه، ئەمانە هۆكاری سەرەكی دابەزینی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان، دەبێت لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان زیاتر بایەخ بەم یارییە بدات بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێش بكەوێت، بۆ پێشكەوتنی یاری جمناستیك پێویست بە پاڵپشتی ماددی دەكات و هەروەها دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەم یارییە لە هەموو روویەكەوە.
لە كۆتاییدا شیرین ئەحمەد یاریزانی یانەی نور-ی شاری كەركوك وتی: ئەم یارییە زۆر خۆشە، بەڵام بۆ ئێمەی كچان هەندێك ئەستەمە، چونكە كۆمەڵگەكەمان كەمێك داخراوە بۆ وەرزش كردن، بەش بەحاڵی خۆم رێگریم لێ نەكراوە لەلایەن خانەوادەكەم، بەڵام ئەوەی پێوستە بەرپرسانی وەرزشی و خێزانەكان زیاتر هانی منداڵەكانیان بدەن بۆ ئەوەی بێنە نێو یاری جمناستیك، تا راددەیەك ئاستی یاری جمناستیك باشە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە بەرزە كە حەزمان لێبێت، هۆكارەكەش بۆ نەبوونی كەلوپەل و هۆڵێكی تایبەت بەم یارییە لە كوردستان دەگەڕێتەوە، بۆیە داواكارم ئەم پێداویستیانه دابین بكەن بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زیاتر پێش بكەوێت.