حەمەی عەبۆل بەبۆڵە بۆڵ كردی بەگۆڵ

حەمەی عەبۆل بەبۆڵە بۆڵ كردی بەگۆڵ
كەس نییە لە شاری سلێمانی حەمەی عەبۆل نەنانسێ هەر كاتێ گوێ بیستی ناوی ئەو كەلە پیاوە دەبیستن یادەوەرییە وەرزشییەكانی بەبیریان دێتەوە ئەم وەرزشكارە دێرینە توانیوویەتی بە درێژایی مێژووی ژیانی خزمەتی بواری تۆپی پێ بكات چ وەكو یاریزان یان راهێنەر یان ناوبژیوان ئێمەش لە فایلی وەرزشی هەفتەنامەی گوڵان بە باشمانزانی سەردانی شاری سلێمانی بكەین و لە نزیكەوە ئاگاداری باری ژیانی و تەندروستی و دوایین چالاكییەكانی بین و ئەم دیمانەیەمان لەگەڵدا ساز كرد.
• دەكرێ پێناسەیەكی خۆتمان بۆ بكەی؟
-ناوم محەمەد عەبدوڵڵا مستەفایە لە دایكبوونی ساڵی 1950 و بە حەمەی عەبۆل ناسراوم.
* سەرەتای وەرزشیت چۆن بووە؟
- وەكو هەموو وەرزشكارێك سەرەتا لە كۆڵانەكان و دواتر تیپە میللییەكان یارییم كردووە و دواتریش لە یانەكان یارییم كردووە.
* چۆن دەڕوانیتە وەرزشی دوێنێ و ئەمڕۆ؟
- بەڕاستی وەرزشی ئێستا وەكو ساڵانی پێشوو نییە ئێستا تەنیا گرنگی بە یاریزانانی دەرەوەی شار دەدرێ و یاریزانانی خۆمان بێ تاقەت بووینە چونكە بوارییان پێنادرێت، ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین لە شاری سلێمانی یاریزانی خۆمان ئامادە بكەین و بۆ تیپی یەكەم سەریان بخەین باشترە لەوەی شەش یان حەوت یاریزانی عەرەب بهێنین كە لە سلێمانی ئەو توانایەمان نییە.
* یادەوەرییە تاڵ و شیرینەكانت وەكو وەرزشوان؟
- من هیچ یادەوەرییەكی وا ناخۆشم نەدیووە هەندێ شتمان تووش هاتووە بەس ناتوانم وەكو یادەوەری تاڵ ناوی بهێنم.
* كەی چوویتە بواری ناوبژیوانی؟
- دوای ئەوەی یارییم بەجێهێشت نەمتوانی وەرزش بەجێ بهێڵم روومكردە بواری ناوبژیوانی پلە سێ و دوو و دواتر ساڵی 1986 لە بەغدا بوومە پلەیەكی ئێراق.
* ئەو یارییەی حەزت دەكرد تۆ ناوبژیوان بوایت؟
- زۆر یاری بەهێز هەبوو كە سەیرمان دەكرد و لە دڵی خۆم دەموت بریا من لەو یارییە ناوبژیوان بام و چۆنم بەڕێوە دەبرد.
* كەس گلەیی لە ناوبژیوانی تۆ نەبوو؟
- زۆر لەلایەنەكان بە نووسراو داوای حەمەی عەبۆلیان دەكرد و تا ناوبژیوانیان بۆ بكەم چونكە ئێمە لایەنگیری كەسمان نەدەكرد .
* ئاستی ناوبژیوانی ئێستا چۆن دەبینی؟
- ئێستا ئاستیان مام ناوەندییە خۆت دەزانی گلەیی و گازاندە زۆر دەكرد و هەڵەیەكی بچووك دەكرێ گەورەی دەكەن لە مۆندیال یاری ئەڵمانیا و ئینگلتەرەمان بینی كە گۆڵی ئینگلتەرەیان نەژمارد وكەسیش قسەی نەكرد بۆیە من لە ناوبژیوانانی كوردستان رازیم و نابێ ئەوەش لە بیر بكەین جاری وا هەیە ناوبژیوان هەڵەی نەكردووە بەڵام بەهۆی نەزانینی سەرپەرشتیاری تیپ وەیان راهێنەر لە یاسا یاریزانان تووشی كێشە دەبن لەگەڵ ناوبژیوانان و ئاژاوە دروست دەكەن.
* حەمەی عەبۆل موچەی ڕێز لێنانی هەیە؟
-نەخێر نیمە، پێشتر ماوەیەك وەرمگرت دوایی وتیان مووچەكە بڕاوە.
* چ بەو كەسانە دەڵێی كە مووچەی رێزلێنان لە وەرزشكارێكی وەك تۆ دەبڕن؟
- بەڕاستی ئەم مووچەیە گەرچی وەك پێویست نەبوو بەڵام پێی خۆشحاڵ بووین كە ناوی رێزلێنان بوو، ئێستا دەڵێن ئەوەی مووچەی هەبێ یان خانەنشین بێت ئەوا رێزلێنانی نادرێتی، باوكم هەیە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی وەرزشی كردووە و خانەنشینە بۆ رێزلێنان وەرنەگرێ، نازانم ئەوانەی ئەو شتەیان داناوە بیریان لەوە نەكردۆتەوە كە ئەو كەسە خزمەتی وەرزشی كردووە و مافی خۆیەتی وەری بگرێ تا كەس و كاری سوودی لێوەربگرن.
* ژیانی هاوسەریت پێكهێناوە؟
- نا وەڵلا
* لە دەرگای خۆشەویستیت داوە؟
- بەڵێ لە ساڵی 1974 كە بۆ دەرەوە رامكرد.
* چ بە بەرپرسان دەڵێی كە یارمەتی وەرزشوانە دێرینەكان نادەن؟
- ئەمە دەگەڕێتەوە سەرخۆیان چەندین وەرزشكاری كۆنمان هەیە خزمەتێكی زۆری وەرزشیان كردووە و كە ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە و مووچەیەكی رێزلێنان هەبوو ئەویشیان بڕی لەوەی گرنگتر سەرەڕای نەمانی رێزلێنان هێشتا بەردەوامن لە خزمەتكردن.
* وەكو سەرپەرشتیاری یاری مافەكانت دەدرێتێ؟
- من و مامۆستا حەمە سەعید زیاتر سەرپەرشتیاری لاوان و تازە پێگەیشتووان و پلە دوو و سێیەكانمان دەكەین ئێوە باش دەزانن یەكێكین لە ناوبژیوانە كۆنەكانی ئێراق و كوردستان و ئەوەندەی ئێمەی شارازانین و شەوانە سەیری یارییەكان دەكەین و بەوەوە خۆشە لە پلە نایابەكان بەشداری بكەین.
* گەر گۆڵێكت لە دەست بێ پێشكەشی كێت دەكرد؟
- پێشكەشی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستانم دەكرد.
* حەمەی عەبۆل هات بە بۆڵە بۆڵ كردی بە گۆڵ؟، چی دەڵێی بەرامبەر ئەم رستەیە؟
- ئەم پرسیارە زۆر دووبارە دەبێتەوە، ئێمە لەبەر ئەوەی هەموو یارییەك لامان چارەنووسسازبوو و چەندین گۆڵمان لە دەست دەدا و بێ تاقەت دەبووین هێڵی بەرگریش باش یارییان دەكرد منیش ناچار دەبووم بە قسە و هاوار هاوار پێدا دەهاتم ئەوەش ناشیرین نەبوو بەڵام دڵمان بۆ یانەكە دەسووتا.
* دەزگاكانی راگەیاند مافی تۆیان داوە؟
- وەكو دیمانەی گۆڤار و رۆژنامەكان وەكو پێویست نییە بەڵام وەكو تەلەفزیۆنەكان باشترە وەكو وەرشوانی دێرین بانگمان دەكەن.
* گەر داوات لێ بكرێ وەكو راهێنەر دەتوانی ئەم ئەركە جێبەجێ بكەی؟
- گەر تیپێكی لاوان وەیان تازە پێگەیشتووان هەبێ دەتوانم كاریان لەگەڵدا بكەم.
* كێ تا ئێستا هاوكاری كردووی؟
- بەڵێ سەرەتا كە نەشتەرگەریم بۆ كرا لەلایەن بەرپرسان هاوكاری كرام و ئێستاش قاچم پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و پارەیەكی زۆری دەوێ و بە كەسم نەگوتوە حەزیش ناكەم بە كەسیش بڵێم خۆیان چاویان دەبینێ و كێشەكەم دەبینن و هاوكاریم ناكەن.
* حەمەی عەبۆل گەر شتێكت ماوە بڵێیت؟
- زۆر سوپاسی ستافی گوڵان دەكەم كە ماندووبوون لە هەولێر هاتوون بۆ بەسەركردنەوەی من و هیواداریشم لەم كارە پیرۆزەتان بەردەوام بن و وەرزشكاران بەسەر بكەنەوە و كێشەكانیان بخەنەڕوو.
Top