دونیا تاریق یاریزانی پایسكل سواری یانەی نەورۆز: كردنەوەی قوتابخانەیەكی تایبەت بە پایسكل سواری ئافرەتان لە كوردستان گرنگە

دونیا تاریق یاریزانی پایسكل سواری یانەی نەورۆز: كردنەوەی قوتابخانەیەكی تایبەت بە پایسكل سواری ئافرەتان لە كوردستان گرنگە
لە دایك بووی ساڵی 1994ی شاری سلێمانییە، یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی یاری پایسكل لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، چەندین میدالیا و ئەنجامی بەرچاوی بەدەستهێناوە. ئێستاش یاریزانی یانەی نەورۆز و هەڵبژاردەی عێراقە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانیەمان لەگەڵ ئەنجامدا.
*ئاستی یاری پایسكل سواری كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئەم یارییە لە كوردستان ئاستێكی باشی هەیە بە تایبەتی لە یانەی نەورۆز گرنگی زۆری پێ دەدات.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەره‌و پێشچوونی ئەم یارییە؟
-هاوكارێكی باشی یاریزانانی ئەم یارییە بكرێت لەلایەن بەرپرسان بۆئەوەی كچان زیاتر روو لەم یارییە بكەن.
*كێشەو گرفتان لەم یارییە چییە؟
- وەكو یانەی نەورۆز هیچ كێشەیەكمان نییە، چونكە پشتگیری تەواومان دەكەن، ناهێڵن كێشەمان هەبێت.
*جگە لە یانەی نەورۆز بۆ چ یانەیەكی تر یاریت كردووە؟
- لە یانەی سلێمانی بووم ئێستاش بە خۆشحاڵیەوە هاتوومەتە یانەی نەورۆز.
* كردنەوەی قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانانی پایسكل سواری لە كوردستان بەلاتەوە چۆنه‌؟
-لەگەڵ یانەی نەورۆز به‌نیازی شتێكی لەمجۆرەین بۆ ئەوی بتوانین یاریزانان كۆبكەینەوە و فێری پایسكل سواریان بكەین بۆ ئەوەی ژمارەی یاریزانانی ئەم یارییە روو لە زیادی بكات و كرنەوەی ئەم جۆرە قوتابخانەیە لە كوردستان گرنگە.
*دەستەی كارگێڕی یانەی نەورۆز چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
-لێرەوە سوپاسیان دەكەم، هاوكاری ئەوان بێوێنەیە بۆ تیپی پایسكل سواری، ئەوان هاوكارمانن بۆ ئەوەی ئێمە ئەنجامی باش تۆماربكەین.
*بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت نەكراوی؟
-بەڵێ ئێستا لە هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و كوردستان یاری دەكەم.
*پەیامت چییە بۆئەو خێزانانەی كە رێگری لە كچەكانیان دەكەن لەوەرزش كردنیان؟
-هیوادارم ئەو خێزانانە بە خۆیاندا بچنەوە و نەبنە رێگر لەبەردەم كچەكانیان، بە پێچەوانەوە هاوكاریان بكەن بۆهاتنە نێو دنیای وەرزش، لێرەوە سوپاسی دایكم دەكەم كە زۆر هاوكاری و پشتگیریم دەكات بۆ ئەوەی لە وەرزش بەردەوام بم.
* چی بەو كچانە دەڵێی كە وەرزش ناكەن؟
-لێرەوە پێیان دەڵێم وەرزش بە سوودە بۆ لەش، وەرزش كاتێكی خۆشەو یەكتر ناسینە.
*خوێندن رێگریت لێناكات بۆ وەرزش كردنت؟
-نەخێر، چونكە كاتەكانی خۆم بۆ وەرزش و خوێندن دابەشكردەوە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
-هیوادرام بتوانم لە پاڵەوانیەتیەكانی ئاسیا و عەرەبی میدالیای زێڕ بەدەست بهێنم.
Top