محەمەد بەسیونی: بایەخدان بە ناوبژیوانانی لاو زۆر گرنگە
*چۆن هاتیە كوردستان بۆ سازدانی ئەم خولە؟
- لە رێگەی یەكێتی تێنسی سەرمێزی عێراقی،كە داوایان لە یەكێتی نێودەوڵەتی تێنسی كرد،بۆكردنەوەی خولێكی پتەوكردنی ئاستی توانای ناوبژیوانانی عێراق و كوردستان،ئەوانیش منیان دەستنیشان كرد، بۆ بەڕێوەبردنی ئەم خولە، چونكە ئەندامی هەمیشەیی یەكێتی نێودەوڵەتیم .
*تا ئێستا چەند خولی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیت بەڕێوە بردەوە؟
-لە وڵاتانی عەرەبی 8 خول ولە ئەفریقاش 4 خول، لە هەریەك لە وڵاتانی غانا و كینیا و كۆنگۆ و برازاڤێل.
*خۆشترین و زەحمەترین یاری كە بەڕێوەت بردەوە وەكو ناوبژیوان كام یاری بووە؟
-خۆشترین یاری كە ناوبژیوان بوویمە لە ئۆڵۆمپیاتی سیدنی بوو لە وڵاتی ئوسترالیا، كە یاری كۆتایی لە نێوان سوید و چین،كە یارییەكی مێژوویی بوو، چونكە دوایین یاری بوو كە لەسەر 21خاڵ بێت، دواتر بووە 11خاڵ لە تێنسی سەرمێز، بەڵام ناخۆشترین و زەحمەتەرین یاری لە كۆتایی پاڵەوانەتی جیهانی بوو، لە ئاستی ئافرەتان لە بەرلینی پایتەختی ئەلمانیا لە نێوان ئافرەتانی رووسیا و كۆریا بوو، لەم یارییەشدا یاسای بەدیل جۆلا جێبەجێكرا بۆ یەكەمجار.
*تۆ بە كۆلینای تۆپی سەرمێز دەناسرێی بۆ ئەمە دەڵێی چی؟
-بێگومان ئەوە ناوە شانازییە بۆمن قسەكەشتان سەد لە سەد راستە.
* ئاستی ناوبژیوانانی بەشداربووی خولەكەی هەولێر چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
-زۆر باش نەبوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ماوە درێژەی كە عێراق دابڕابوو لەم یارییە بەهۆی شەڕەوە.
*بە شێوەیەكی گشتی چۆن ئاستی یاری تێنسی سەرمێزی عێراق دەبینی؟
-پێشتر عێراق لە پێشەوەی وڵاتانی عەرەبی بوو، باشترین یاریزانەكان و ناوبژیوانان لە عێراق بوون، بە تایبەتی ناوبژیوانان (عیماد ناسر و ئازاد فەرەج و زیا عەبدولكەریم.. تاد)،عێراق مێژوویەكی تایبەتی هەیە لە تۆپی سەرمێز، هیوادارین بگەڕێتەوە ئاستی جارانی.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێشخستنی ئاستی ناوبژیوانان، بە تایبەتی لە كوردستان؟
- بایەخدان بە ناوبژیوانانی تەمەن بچووك، لە ئێستاوە گرنگیان پێبدرێت، خولی زۆریان بۆ بكرێتەوە، منیش لە ئێستاوە پشتگیریان دەكەم بۆخولی ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2012.
* سەردانی هۆڵەكانی هەولێرێت كرد، چۆنت بینی؟
-هۆڵی سەنتەری بلو لە شێوەی هۆڵەكانی باشووری ئەفریقا دەچێت و بە گشتی هۆڵەكان باش و بەرچاون لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش هەر ئەمجۆرە هۆڵانە هەن.
*ئەگەر یانەیەكی كوردستان داوات لێبكات ئامادەی بێیتەوە كوردستان؟
-زۆر دڵخۆش دەبم زۆریش حەز دەكەم لە شاری هەولێر بژیم، چونكە خەڵكێكی زۆر دڵساف و باشی تێدایە، بایەخ بە وەرزش دەدەن، بەڵێنیش دەدەم چی باش بێت بۆ وەرزشی كوردستان و عێراق بكەم.
* لە كۆتایی ئەگەر شتێكت ماوە؟
-زۆر سوپاسی یەكێتی تۆپی سەرمێزی كوردستان و عێراق دەكەم.