ڤاڵدێز لەسەر زۆر شت قسە دەكات

ڤاڵدێز لەسەر زۆر شت قسە دەكات
فیكتۆر ڤاڵدێز یەكێك بوو لە هەشت یاریزانەكانی كاتالۆنی كە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا توانیان نازناوی مۆندیالی باشووری ئەفریقیا ببەنەوە.
نوێكارییەكان
ڤاڵدێز دەڵێ: گەورەترین خەونی ئێمە بەدەستهێنانی خولی یانەكانی ئەوروپای ئەم وەرزەیە و ئێمە دەبێ وەرزی رابردوو لە بیر بكەین و گرنگی بەداهاتووەكان بدەین و هەست بە كەش و هەوایەكی باش دەكەین.
ڤاڵدێز و فابریگاس
ڤاڵدێز دەڵێ فابریگاس یاریزانێكی ئاست بەرز و بە توانایە و بەهیوای ئەوەم جارێكی دیكە ئەم یاریزانە بگەڕێتەوە ماڵی پێشووی كە جەماوەری كاتالۆنی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانییەتی.
گەڕانەوەی ڤاڵدێز
دوای تەواوبوونی پشووی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا كە توانیان نازناوی مۆندیال بیننەوە، ڤاڵدێز گەڕایەوە مەشقەكەی وتی: غەریبی یاریگای نیوكامب دەكەم و حەزدەكەم لەگەڵ یاریزانەكان و راهێنەر گواردێولا بەیەكەوە دەست بە مەشقەكان بكەینەوە.
مۆندیال
ڤاڵدێز دەڵێ خۆشترین ساتی ژیانی وەرزشیم بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال بوو كە بەم شێوەیە توانیم لە ژیانی وەرزشیم گشت نازناوەكانی جیهانی لەسەر ئاستی ئیسپانیا و كیشوەری و جیهانی بەدەست بهێنم، خۆشحاڵ بووم لەگەڵ كۆمەڵێك لە یاریزانە مەزنەكانی ئیسپانیا بەشداریم لە مۆندیال كرد.
گۆڵی ئەنیستا
لەگەڵ لێدانی فیكەی كۆتایی لەلایەن ناوبژیوانەوە بەپەلە و بەهێز بۆ لای ئەنیستا رامكرد و ماچێكم لێكرد و ناتوانم چۆن وەسفی ئەم خۆشیە بكەم، لام وایە من گۆڵەكەم تۆماركردووە، جێگەی باسە ڤاڵدێز و ئەنیستا ماوەیەكی زۆرە بەیەكەوەن و یەكتریان زۆر خۆش دەوێ.
ڤیاو ئەدریانۆ
سەرەڕای ئەوەی ڤاڵدێز زۆر شتی هەیە بیری لێبكاتەوە كەچی زۆر بە پەرۆشەوە ئاگاداری بۆندە نوێیەكانیشەوە و سەبارەت بە ڤیا و ئەدریانۆ وتی: یانەكەمان شتی نایابی كردووە، بۆندی لەگەڵ ئەم دوو ئەستێرەیە مۆركردووە و ئەم دوو یاریزانە لە یانەكانی پێشوویان ئاستیان زۆر بەرز بووە و منیش متمانەم پێیان هەیە كە لای ئێمە باشتر دەبن.
Top