ساز فەرەیدون: ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان خراپە

ساز فەرەیدون: ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان خراپە
ساز فەرەیدون یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی یانەی ئاڵا و شاری هەولێر لە یاری گۆڕەپان و مەیدان، ئەم یاریزانە لە دایكبووی ساڵی 1990ی شاری هەولێرە و قوتابی قۆناغی چوارەمی پەیمانگای وەرزشی هەولێرە، لە یاری گۆڕەپان و مەیدان بەشداری لە یارییەكانی یەك باز و سێ باز و بازدانی بەرز و 100م كردووە و چەندین دەستكەوتی لە پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی كوردستان بە دەستهێناوە توانی لە ماوەیەكی كورت شوێنی خۆی لە نێو پاڵەوانەكانی بوكی یارییەكان بدۆزێتەوە. بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەیە لەگەڵ ئەنجام بدەین.

* بۆچی یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- كاتێك چوومە پەیمانگای وەرزشی هەولێر دوای ماوەیەك بڕیارم دا ببمە یاریزانی یاری گۆڕەپان و مەیدان، چونكە یارییەكی خۆشە و ركابەرییەكی زۆری تێدایە و یاریزان دەتوانێت لەم یارییە نازناو بەدەستبهێنێت و پێویستی بە ماندووبونی تاكە كەسی هەیە.
* چۆن دەڕوانیە یاری گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی كوردستان؟
- ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان خراپە، چونكە پشتگیری لەم یارییە ناكرێت و هیچ یاریگایەك نییە و پاڵپشتی یاریزانەكان ناكرێت بە هیچ شێوەیەك.
* ئایا پشتگیری لە وەرزشی ئافرەتان دەكرێت؟
- دەتوانم بڵێم لە كوردستان تا راددەیەك پشتگیری لە وەرزشی ئافرەتان دەكرێت، دەبێت ئەم پشتگیرییە لە داهاتوودا زیاتر بێت، چونكە یاریزانی یەكجار بە توانا هەیە دەتوانێت لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتییەكان دەستكەوتی مێژوویی بە دەست بهێنن.
* چۆن خۆت بۆ پاڵەوانیەتی عێراق ئامادەكردووە؟
- لەم چەند رۆژەی داهاتوودا پاڵەوانیەتی عێراق لە شاری بەغدا دەست پێدەكات، یانەی ئاڵا لەم پاڵەوانیەتیە بەشداری دەكات و زۆر باش خۆمان بۆ ئەم پاڵەوانیەتیە ئامادە كردووە.
هەوڵ دەدەم لەم پاڵەوانیەتیە بتوانم دەستكەوتێكی باش بۆ خۆم تۆمار بكەم بۆ ئەوەی بوونی خۆم بسەلمێنم.
* ئایا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرای؟
- نەخێر، تا ئێستا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق نەكراوم، بەڵام لە پاڵەوانیەتی عێراق هەوڵ دەدەم دەستكەوتێك بۆ خۆم تۆمار بكەم تاكو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بكرێم بۆ ئەوەی بتوانم بەشداری لە پاڵەوانیەتیەكانی دەرەوە بكەم.
* ئایا خێزانت هیچ كێشە و گرفتت بۆ دروست ناكەن؟
- نەخێر، خێزانم هەردەم هاندەرم بوونە و پشتگیرییەكی تەواوم لێدەكەن و زۆر سوپاسیان دەكەم.
* بە نیازی یانەی ئاڵا جێبهێڵی؟
- نەخێر، ئەم یانەیە جێناهێڵم، چونكە هەر لەم یانەیە كۆتایی بە ژیانی وەرزشیم دێنم.
* ئایا راگەیاندن پاڵپشتی وەرزشی ئافرەتان دەكات؟
- تا راددەیەك راگەیاندن پاڵپشتی وەرزشی ئافرەتان دەكات، بەڵام وەكو پێویست نییە، دەبێت رۆژنامەنووس رۆڵی زیاتر بێت بۆ ئەوەی هانی كچە یاریزانەكان بدەن تاكو بێنە نێو بواری وەرزش.
* داواكاریت چییە؟
- داواكارم، كەوا یاریگایەكی تایبەت بۆ گۆڕەپان و مەیدان بكرێتەوە لە شاری هەولێر بۆ ئەوەی بتوانین مەشق و راهێنانی خۆمان ئەنجام بدەین تا بتوانین لە پاڵەوانیەتیەكان دەستكەوتی باش بە دەست بهێنین و هەروەها دەبێت بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی وەرزشی ئافرەتان بكرێت. لە كۆتاییدا ساز فەرەیدون هیوای خواست بتوانێت لە دواڕۆژ ببێتە یاریزانێكی بەتوانا لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق.
Top