ئەركی ئەندامە كوردەكانی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق چییە؟

ئەركی ئەندامە كوردەكانی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق چییە؟
كاتێك هەڵبژاردەكانی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق ئەنجام درا، لەم لیژنەیە چەندین كورد بوونە ئەندام دوای ئەوەی هەریەكە لە بەشار مستەفا و سامی سەعید بوونە جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق و هەندێكیش بوونە ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی ئەم لیژنەیە، بەڵام لێرە پرسیارێك دێتە كایەوە، ئایا كاری ئەم ئەندامانە لە بەغداد چییە و چ رۆڵێكیان هەیە بۆ خزمەتكردنی وەرزشی كوردستان، ئایا بونیان لە بەغداد تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیانە یاخود تەنیا خۆیان سودمەندن لە شاری بەغداد؟

وەكو باسمان كرد كێشەیەكی زۆر لە هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی ئێراق دروست بوو، بەپێی ئەو زانیاریانە، كە بەشار مستەفا جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان سەرۆكی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی ئێراق بوو، بەڵام ئامادە نەبوو بێتە شاری هەولێر، چونكە سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە شاری هەولێر بوو، بۆیە نەیتوانی بەبێ رەزامەندی سەرۆكەكەی لە هۆڵی هەڵبژاردن ئامادە بێت، واتە بەرژەوەندی خۆی بە بەرژەوەندی كوردستان نەگۆڕیەوە، وا دیارە بەشار مستەفا ئەوەی لە یاد چووە، كە بە دەنگی ئەندامە كوردەكان ئەم پۆستەی وەرگرتووە و ئەركی سەرەكی ئەو خزمەتكردنی كوردستان و وەرزشی كوردستانە، بەهەمان شێوە سامی سەعید تا ئێستا لە لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق هیچ رۆڵێكی نییە و هیچ بڕیارێكی بە دەستەوە نییە، بوونی وەكو جێگری سەرۆك تەنیا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەتی. بەپێی ئەو زانیاریانە سامی سەعید لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە شاری هەولێر بووە، بەڵام نەیتوانیوە بەبێ پرسی رەعد حەموودی لە هۆڵی هەڵبژاردن ئامادە بێت.بۆیە داوا لە بەرپرسانی وەرزشی كوردستان دەكەم بە زووترین كات ئەندامە كوردەكانی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق و سەرۆكە كوردەكانی یەكێتیە وەرزشییەكانی ئێراق و ئەندامە كوردەكانی یەكێتیە وەرزشییەكانی ئێراق بانگهێشتی كوردستان بكرێن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت تاكو بزانن بوونیان لەم یەكێتیە وەرزشیانە تەنیا خزمەتی كوردستانە، ئەگەر ناتوانن ئەم ئەركە ئەنجام بدەن، با كەسانی شایستە بچنە شوێنی ئەم كەسانە.
Top