عەبدوڵڵا مەحمود: لە ژیانی وەرزشیم مەرجم بۆكەس دانەناوە

عەبدوڵڵا مەحمود: لە ژیانی وەرزشیم مەرجم بۆكەس دانەناوە
یەكێك لە راهێنەرە هەرە بە تواناكانی شاری هەولێرە، پێشتر لە یانەی هەولێر یاری كردووە و راهێنەری هەریەك لە یانەكانی هەولێر و بروسك و كەركوك و پێشمەرگەی هەولێر و هەڵبژاردەی كوردستان بووە، چەندین ئەنجامی بەرچاوی بەدەستهێناوە و چەندین یاریزانی بەناوبانگ لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتووە، بە پێویستمانزانی ئەم دیمانەی لەگەڵ ئەنجامبدەین.

*خولی ئەمساڵی كوردستان چۆن بوو.
- سەرەتا دەستخۆشی لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكەم، یەكێك لە خولە هەرە پێشكەوتووەكانە لەسەر ئاستی ئێراق بوو. دەستخۆشی لەیانە سەركەوتووەكان دەكەم.
* دوای وازهێنانت لە مەشقی یانەی كەركوك وتت پۆستی هیچ یانەیەك وەرناگرم و زیاتر لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان سەرقاڵ دەبم، بۆچی چوویتە یانەیەكی تر؟
- دوای وازهێنانم لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی كەركوك لەبەر هۆیەكی تایبەت بەخۆم، دواتر بوومە راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان حەزم لێبوو هەموو یارییەكان ببینم لە خولی كوردستان، هەرچەندە یاری زۆربەی یانەكانیشم بینی بوو، بەڵام بۆئەوەی لەدەستنیشانكردنی یاریزان تووشی گلەیی نەبین، برادەرێكی خۆشەویستم لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر پەیوەندی پێوەكردم بۆئەوەی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە بكەم كە حەوت یاریان مابوو، منیش كەوا كەسێك كاری بەمن بێت و كارەكەش خزمەتی گشتی تێدابێت، ئەوە قسەی ئەو برادەرەم نەشكاند و سەرپەرشتی تیپكەم كردو نەمانهێشت دابەزێت و سوودێكی باشی ماددی و مەعنەویشم كرد بۆخۆم.
* راستە لە خولی كوردستان لە قۆناغی دووەم یاری نێوان ئێوە و پێرس فرۆشرا بوو؟
- بەخوای ئەم شتانە هەمووی دوورە لە راستی، چونكە پێرس لە یاری پێش ئێمە و پاش ئێمەش تووشی دۆڕان بوون.
*لە ماوەی وەرگرتنی ئەم چەند یارییەی لە یانەی پێشمەرگە كە تۆ راهێنەر بووی لە یارییە بەهێزەكان تۆ سەركەوتوو نەبووی بۆچی؟
-ئێمە وەكو دەستەی راهێنەران دەستمان لەسەر ئەو یانانە دانابوو كەوا لە ململانێی ئێمە بوون، دەبوایە لەوان ببەینەوە وەكو یانەكانی شێروانە و خاك، چونكە هەم سێ خاڵی لێ وەردەگرین و هەم سێ خاڵی لێ كەم دەكەینەوە، ئەوەی ویستمان كردمان.
* كاتی خۆی تۆ یاریدەدەری دكتۆر كازم روبەیعی بووی لەیانەی هەولێر، دەنگۆی ئەوە هەبوو بە یاریزانان پشتوان شبیب و مەحمەد خۆشناو-ت ووتوە یاری بۆمەكەن، با من ببمە راهێنەری تیپەكە بە تایبەتی یاری ئێوە بەرامبەر یانەی رومادی؟
-نەخێر شتی وا نییە، بەڵام یاری رومادی خۆی كازم روبەیعی یارییەكی دۆڕاندو تووشی هەڵچوون بوو، لە پشووی گێمی یەكەم هاتە ژوورەوە لەقەكی لە دەرگا داو برادەرانی ئیدارەش گلەییان لێكرد و هاتنەوە هەولێریش بڕیاری دوورخستنەوەیان دا، بەڵام زۆرشت لە كازم روبەیعی فێر بووم، چونكە یەكێكە لە راهێنەرە هەرە بەتواناكانی عێراق، ئەو یاریزانانەش ماون كەوا من شتی وام پێوتبن.
*بۆچی ماوەیەك لەگەڵ هەر یانەیەك بەردەوام دەبیت و دواتر دەست لەكار دەكێشیەوە، هۆكاری چییە بەردەوام نابی؟
- بەردەوام بوومە، بەڵام لە یانەی هەولێر دووریان خستمەوە، دەستم لەكار نەكێشاوەتەوە،. لە یانەی بروسك هەر دووریان خستمەوە، لە كەركوك خۆم دەستم لە كاركێشایەوە لەبەر باری ئاسایشی ناوچەكەو باری خێزانی خۆم.
* دەنگۆی گفتوگۆیەكی نهێنی لەنێوان تۆو یانەی بروسك دا هەیە بۆ گەڕانەوەت بۆ ریزی یانەكە، ئەمە تا چەند راستە؟
-نەخێر هیچ شتێكی لەمجۆرە لەنێوان من و یانەی بروسك نییە، بەڵام بروسك یەكێكە لە یانە هەرە باشەكانی كوردستان و هەموو كەس هیوای بۆ دەكات لەم یانەیە كار بكات.
* دەڵێن عەبدولڵا مەحمود كوتلەچییە، دەچێتە هەر یانەیەك یاریزانی خۆی هەیە؟
- كوتلە چی نیمە، من هەردەم یاریزانم خۆشدەوێ و حەزدەكەم یاریزانیش منی خۆش بووێ، بەخۆشم سەرۆكی كوتلەكە بم، چونكە ئەگەر وابێت ئەوە یاریزان یاریت بۆدەكات، هەموو راهێنەرێك كۆمەڵێك یاریزانی خۆی هەیە.
* تائێستا هیچ یانەیەك داوای لێ نەكردی ئەركی مەشقی یانەكەیان وەربگریت؟
- بەڵی دوو یانە داوایان لێكردومە.
* خۆت بە شایستەی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان دەزانی؟
-بەڵێ
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشچوونی خولی نایابی كوردستان؟
-شتی باش كراوە، بەڵام پێم باشە شتی باشتریش بكرێت، یاریگای تیپە مللییەكان زیاتر بكرێنەوە و گرنگی بە تیپی قوتابخانەكان بدرێت، چونكە سەرەتای دروستبوونی یاریزان لە قوتابخانەیە و گرنگی بە یاریزانانی پەروەدەكان بدرێت و یاریگای شەش یاریزانی كەم بكرێتەوە.
* تاچەند لەگەڵ كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی؟
-چەندین جار داوام كردووە، لەگەڵ چەندین بەرپرسیش ئەم قسەیەم كردووە، ئەگەر یاریگایەكم بدەنێ و خۆم قوتابخانەیەك بكەمەوە چەند مامۆستایەك بهێنین لە كۆلیژی پەورەدەی وەرزشی بۆئەوەی قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان دروست بكەین، ئەگەر ئیمكانیەتی مادیم هەبوایە، خۆم ئەمكارەم دەكرد.
* ئەگەر یانەی بروسك داوات لێ بكات بگەڕێیتەوە، بەمەرج دەگەڕێیتەوە یان راستەوخۆ؟
-هیچ مەرجێكم بۆكەس نییە، كاتی خۆشی و لە ژیانی وەرزشیم مەرجم بۆكەس دانەناوە، چەند ساڵ لەهەولێر وەرزشم كردووە و بۆندیشم نەبووە، بەڵام ئەو چەند ساڵەی دوایی منیش وەكو راهێنەركانی تر داوای بۆندم كردووە.
Top