هۆكاری دیاردەی ئاژاوە لە یاریگاكانی كوردستان بۆ چ دەگەڕێتەوە؟

هۆكاری دیاردەی ئاژاوە لە یاریگاكانی كوردستان بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
دوای ئەوەی لە ژمارەی رابردووی گۆڤارەكەماندا ئاماژەمان بەوە دا، كە راپۆڕتێكی تێروتەسەل لەسەر دیاردەی ئاژاوە لە كوردستان دەكەین، كە لە دوای ساڵەكانی 2000 ئەم دیاردەیە زۆر بە زەقی لە نێو یاریگاكانی كوردستان دیاركەوت و هیچ یارییەك یاخود پاڵەوانێتیەك بەبێ دروستبوونی ئاژاوە كۆتایی نەدەهات، بە پێویستمان زانی راوبۆچوونی چەند كەسێكی پسپۆڕ لە بواری وەرزش وەربگرین دەربارەی ئەم دیاردەیە و دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ ئەوەی ئەمجۆرە دیاردانە دووبارە نەبێتەوە لە یاریگاكانی كوردستان.

سەرەتا بێجان ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتی تۆپی دەستی كوردستان دەربارەی ئەم كێشەیە وتی: ئەم دیاردەیە بۆ سەرۆك و ئەندامانەی دەستەی كارگێڕی یانەكان دەگەڕێتەوە و هەروەها سەرپەرشتیاری تیپەكان بەرپرسن لە دروستبوونی ئاژاوە لە نێو یاریگە و هەروەها یاریزانەكانی كوردستان لە هەموو یارییەكان رۆشنبیر نینە لە بواری وەرزشی، بۆیە بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە دەبێت پێش دەستپێكردنی هەر پاڵەوانێتیەك ئەم كەسانی شارەزان لە بواری دەروونی چاوییان بە یاریزانەكان بكەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە لایەنی دەروونی ئەم یاریزانانە ئامادە بكات، سەبارەت بە جەماوەر ئەمە بۆ راگەیاندن دەگەڕێنمەوە، چونكە ئەوان بەرپرسن لە رۆشنبیری كردنی جەماوەر بە بۆچوونی خۆم سزای مادەی یاخود یاریكردن بەبێ جەماوەر چارەسەر نییە.

دواتر سەفین كانەبی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان دەربارەی ئەم كێشەیە وتی: بەرپرسەكانی یانە و یەكێتیە وەرزشییەكان ئەوان بەرپرسن لە دروستبوونی ئاژاوە لە نێو یاریگاكانی كوردستان و لە زۆربەی یارییەكان، چونكە ئەم بەرپرسانە زۆربەیان وەرزشوان نینە و هیچ شتێك لە وەرزش نازانن، بۆیە دۆڕان بە گیانێكی وەرزشـــــــی وەرناگرن و یاریزانەكانیان هان دەدەن بۆ ئەوەی ئاژاوە بگێڕن و ناوبژیوان بە كەمتەرخەم دەزانن ئەمانە هەمووی هۆكاری دروستبوونی ئاژاوەیە لە نێو یاریگاكانی كوردستان، بۆیە دەبێت ئەم بەرپرسانە بەخۆیان دابچنەوە، ئەگەر ناتوانن یانە یاخود یەكێتیە وەرزشییەكان بەڕێوببەن، بابچنە نێو پەیژەكان و شانبەشانی جەماوەر چەپڵە لێبدەن باشترە لەوەی ببنە بەرپرسێكی وەرزشی.

پاشان سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان وتی: دیاردەی ئاژاوە دیاردیەكی ناشیرینە و مێژوویەكی دوورودرێژی لە جیهان هەیەو سەرەتای ئەم دیاردەیە بۆ وڵاتی ئینگڵتەرە دەگەڕێتەوە، بەڵام یەكێتی تۆپی پێی ئینگڵتەرە بە هاوكاری راگەیاندنی وەرزشی توانیان ئەم دیاردەیە بنبڕ بكەن، لەخودا بە زیاد بێت ئەم دیاردەیە لە خولەكانی كوردستان كەمە و لە خولەكانی ئێراق ئەم دیاردەیە بە زقی دیارە، بۆیە دەبێت دەستەی كارگێڕی یانەكان و راگەیاندنی وەرزشی و یەكێتیە وەرزشییەكان هەڵمەتێكی گەورە بكەن بۆ ئەوەی ئەمجۆرە دیاردەیە لە كوردستان نەمێنێت.

دواتر سامان بریفكانی رۆژنامەنووسی وەرزشی دەربارەی ئەم كێشەیە وتی: زۆر كەس ئاژاوەگێڕیی نێو یاریگەكانی كوردستان هاوشێوەی ئاژاوەگێڕی لە یاریگەكانی ئەمریكای باشوور و توركیا و مەكسیك دەخاتە روو. بە بۆچوونی من هۆكاری دروستبوونی ئاژاوەگێڕیی لە كوردستاندا جیاوازیی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە.

ماوەی چەندین ساڵە كوردستان بە بارودۆخێكی نائارام تێپەڕ بووە. ئەمە كاریگەریی لەسەر پلەی رۆشنبیریی لاوان و هاندەران هەبووە و میللەتی چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە، هەروەها نەبوونی بڵاوكردنەوەی بیرۆكەی شێوازی هاندان لە رێگەی یەكێتییە وەرزشییەكان و دەزگا راگەیاندنە وەرزشییەكان و لیژنە تەرخانكراوەكانی بەڕێوەبردنی خولە جیاجیاكان لە نێو جەماوەر و هاندەراندا وایكردووە، هاندەران نەزانن بە چ شێوەیەك هانی تیپەكەیان بدەن.
ئەوەمان خراپە ئێمە وا دەزانین دەبێ ئەو تیپەی خۆشمان دەوێ، تەنیا بباتەوە و نابێت بیدۆڕێنێت. كاتێ تیپەكەمان دەدۆڕێنێت، ئاژاوە دەنێینەوە و ناوبژیوان و تیپی بەرامبەر بەردباران دەكەین، كەچی هەموومان لە مۆندیالی 2010 دا بینیمان خەڵكانی ئەو وڵاتانە چۆن هانی تیپی خۆیان و تیپی بەرامبەریان دەدەن.
كەمیی رۆشنبیری و ململانێی حزبایەتی و ناوچەگەرێتی و كەمتەرخەمیی لیژنەی ئامادەكاران و ئاسایشی نێو یاریگە هۆكارێكی گەورەی ئاژاوەنانەوەن. ئەمەش لەسەر هەموو جەماوەرێك ناچەسپێت، بەڵكو ئێمە جەماوەری رێكوپێك و خاوەن رۆشنبیریی زۆرمان هەیە، بەڵام لە نێو خەڵكە خراپەكەدا ون بوون. بە هەمان شێوە وەك خۆم بەدیم كردووە، زۆربەی ئاژاوەگێڕانیش تەمەنیان بچووكە و پێویستە كەسانی گەورە لە خزم و كەسان لەگەڵیاندا بێت، ئینجا رێ بدرێت ئەو منداڵ و مێردمنداڵانە بكرێنە ژوورەوە.

بە داخەوە ئێمە میللەتی كورد كردەوە خراپەكانی وڵاتانی دەرەوە لە مێشكمان دەچەقێنین و كارە باشەكانیان رەت دەكەینەوە.
پاشان شۆڕش عەباس ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر دەربارەی ئەم دیاردەیە وتی: دیارە ئەم دیاردەیە ماوەیەك لە كوردستان سەری هەڵداوە بە تایبەتی كاتێك یانەی هەولێر تووشی دۆڕان دەبێت، ئەمەش بۆ كەمی رۆشنبیری وەرزشی لە لایەن جەماوەر دەگەڕێتەوە، چونكە هەموو یانەیەك تووشی دۆڕان دێت بە تایبەتی یاری تۆپی پێ دۆڕاندن و بردنەوەی هەیە، بە داخەوە زۆربەی ئەم جەماوەری كە دێتە نێو یاریگە تەمەنیان 15 یاخود 16 ساڵە، واتە تەمەنیان بچووكە، بۆ نموونە كاتێك یانەی هەولێر یاری لە هەردوو شاری رومادی و شەرگات یاریكرد و توانی بە ئەنجامێكی گەورە سەركەوتن تۆمار بكات، كەچی جەماوەری ئەم دوو یانەیە هانی یانەی هەولێریان دەدا و بە چەپڵە رێزان ئەم تیپەیان بەڕێكرد، بۆیە داوا لە جەماوەری وەرزشی دەكەم، كە كاتێك ئامادەی یارییەكان دەبن هانی هەردوو یانە بدەن تاكو بتوانین ئەم دیاردەیە لە كوردستان نەمێنێت، هەروەها فڕێدانی دەبەی ئاو شتێكی ناشیرینە، بۆیە دەبێت جەماوەری وەرزشی سەیری یارییەكانی وڵاتانی ئەوروپا بكات بۆ ئەوەی بزانێت جەماوەری یانە گەورەكانی ئەوروپا لە كاتی دۆڕاندنی یانەكانیان چۆن مامەڵە دەكەن و بە چ شێوازێك هانی یانەكانیان دەدەن.
Top