ماوەیەكە لە سەرتاسەری كوردستان دیاردەیەكی ترسناك سەری هەڵداوە، ئەویش دیاردەی توندوتیژییە لە زۆربەی یاریگاكان و هۆڵەكانی كوردستان ئەم دیاردەیە بە راشكاوانە بەرچاو دەكەوێت، دەبێت هۆكاری ئەم دیاردەیە بۆ چ بگەڕێتەوە، ئایا جەماوەری وەرزشی كوردستان تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە رۆشنبیریەی كە لەكاتی دۆڕاندن بە دڵێكی فراوان قبوڵی بكات، یاخود یاریزانەكان تەنیا خەون بە بردنەوە دەبینن لەگەڵ هەر دۆڕاندنێك ئاژاوە دروست دەكەن، یان هەندێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەكان یاخود یەكێتیە وەرزشییەكان خاوەن مێژووییەكی وەرزشی نینە، بۆیە لەگەڵ هەر شكستێك ئاژاوە دروست دەكەن و ناتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵاتانە بكەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە هیچ پاڵەوانیەتیەك لە كوردستان لە زۆربەی یارییەكان بەبێ شەڕ و ئاژاوە تەواو نابێت، ئەوەی جێگەی داخە یەكێتیە وەرزشییەكان لەكاتی سزادان ناتوانن بە توندی بەرامبەر ئەم دیاردەیە بوەستن، تەنیا چەند سزایەكی بچووكی ئەم كەسانە دەدەن، كە ئەم ئاژاوەیە دروست دەكەن. بۆیە دەبێت لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بە زووترین كات چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزێتەوە و لیژنەیەكی تایبەتی دابنێت بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر ئەم دیاردەیە بكەن. ئێمەش بەڵێن بە خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەدەین لە ژمارەی داهاتوو راپۆرتێكی تێروتەسەل لەسەر ئەم دیاردەیە دەكەین بۆ ئەوەی بۆچوونی پسپۆرانی وەرزش و هاندەران وەربگرین تاكو چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە.