محەمەد حەمەخان كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان: لەیانەی هەولێر ڕاهێنەر منی كردە قوربانی یاریزانە عەرەبەكان

محەمەد حەمەخان كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان: لەیانەی هەولێر ڕاهێنەر منی كردە قوربانی یاریزانە عەرەبەكان
لەدایكبووی ساڵی 1980ی شاری هەولێرە، یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی شاری هەولێر، پێشتریش لە یانەكانی بروسك و هەولێر و پێرس و زاخۆ و كەركوك یاری كردووە، خاوەن ئاستێكی بەرزە لە هێڵی بەرگری، ئەمساڵیش لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان لە پاڵەوانیەتی ڤیڤا بەشداری كرد، بۆ ماوەی سێ ساڵە كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان و یانەی بروسكە، لە هەردوو خولی كوردستان و عێراق یاری دەكات. ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.

* ئاستی ئەمساڵی خولی عێراق چۆن بوو؟
- ئەم خولە ساڵ بە ساڵ بەهێزتر دەبێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ناكۆكی نێوان هەردوو لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی و یەكێتی تۆپی پێی خولەكە شپرزەیی پێوە دیار بوو.

* بۆچی ئەمساڵ یانەی بروسكت جێهێشت لە خولی كوردستان؟
- لە راستییدا دووساڵ لەسەر یەك بووینە پاڵەوانی خولی كوردستان، بەداخەوە هیچ بەرپرسێك ئاوڕی لە یانەكە نەداوە و پاداشتی نەكردین، تا بەخۆمان بڵێن شایەنی ئەم نازناوە بووین، ئێستا زیاتر پشتگیری لە خولی عێراق دەكەن، بۆیە بڕیارمدا لە خولی عێراق یاری بكەم و پاشەڕۆژی خۆم جێگیر بكەم.

* چۆن لە یانەی پێرس راستەوخۆ چوویتە ریزی یانەی زاخۆ؟
- بەهۆی ئەو بڕیارەی یانەی پێرس لەناكاو دەریكرد و پاشەكشەی كرد لە خولەكە لە دوای قۆناغی یەكەم، یانەی زاخۆش ئەگەری دابەزینی هەبوو بۆ پلە یەكی عێراق، دەستەی كارگێڕی یانەی زاخۆ داوای شەش یاریزانی پێرسی كرد، منیش یەكێك بووم لەو یاریزانانە، سوپاس بۆخوا سەركەوتوو بووین.

* وەكو كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان بۆچی ئەمساڵ نەتانتوانی جامی ڤیڤا بهێننەوە كوردستان؟
- لە دەستپێكی ڤیڤا تا كۆتایی بەهێز یاریمان كرد، بەڵام خۆتان بینیتان لە یاری كۆتایی ناوبژیوان چەند هەڵەیەكی كوشندەی كرد، بۆیە نەمانتوانی پلەی یەكەم بەدەست بهێنین.

* تۆ لە یانەكانی شاری دهۆك یاری دەكەی باشتر نییە بێیتەوە یانەی هەولێر بۆ ئەوشارە یاری بكەی؟
- بێگومان باشتر بوو لە یانەی هەولێر یاریمان بكردابایە، بەڵام بەهۆی راهێنەرەوە نەمتوانی لە یانەی هەولێر یاری بكەم، بۆیە بڕیارمدا بچمە یانەی پێرسی شاری دهۆك یاری بكەم زۆر ئاسودە بووم لەو یانەیە، چونكە یاریم دەكرد.

*راستە ژمارەیەك بۆندت بۆ هاتبوو لە یانەكانی كوردستان لەم وەرزە؟
- بەڵێ، من و هەردی سیامەند بۆندی زۆرمان بۆ هات چەندین یانە پەیوەندیان بە ئێمە كرد، بەڵام ئێمە بەڵێنمان بە هیچ یانەیەك نەداوە.

* دەنگۆی ئەوە هەیە ساڵی داهاتوو بە یەكجاری دەگەڕێتەوە یانەی بروسك؟
- بەڵی، بڕیارم داوە بگەڕێمەوە ماڵی دووەمی خۆم، كە ئەمساڵ جێمهێشتبوو، هەستم كرد یانەكەم پێویستی بەمنە، بۆیە بڕیارمداوە من و هەردی سیامەند بە یەكجاری بگەڕێینەوە یانەی بروسكی ماڵی دووەممان.

*زۆر دەنگۆ هەیە دەڵێن تیپە بەشداربووەكانی جامی ڤیڤا وەكو تیپی میللیی وابوون، ئایا تا چەند ئەم قسانە راستن؟
- نەخێر، بە پێچەوانەوە تیپەكان زۆر بەهێز بوون، چونكە ئەم پاڵەوانیەتیە لەسەر ئاستی جیهانییە، ساڵی 2012 بەچاوی خۆتان ئەم راستیە لە كوردستان دەبینن.

* تۆ لە ساڵانی رابردوو لە دوو خول بەشداربووی كوردستان و عێراق كامیان بەهێزترە؟
- هەر خولە و تاموچێژێكی تایبەتی خۆی هەیە، ئەگەر زیاتر گرنگی بە خولی كوردستان بدەن، خۆشترە لە خولی عێراق، چونكە خولی عێراق بەرنامەیەكی تایبەتی نییە، هەر رۆژەی بڕیارەكەكاتی دیاریكراوی نییە.

* بەبۆچوونی تۆ باشترین یانە لە عێراق كام یانەیە؟
- تا ئێستا یانەی هەولێر باشترین یانەی عێراقە، سەربەرزم بەو یانە، چونكە یانەی شارەكەمە.

* تۆ وەكو یاریزانێكی هێڵی بەرگری كام هێرشبەر هیلاكی كردووی؟
- لەگەڵ زۆربەی هێرشبەرە بە تواناكانی عێراقی یاریم كردووە، بەڵام هێرشبەری یانەی بەغداد یاریزان عەلی مەنسور زۆر ماندووی كردووم، بایەخ بە هەموو هێرشبەرێكیش دەدەم.

* بۆچی یانەی هەولێرت جێهێشت؟
- لە هیچ كاتێك یانەی هەولێرم جێنەهێشتووە، بەڵكو راهێنەر منی كردە قوربانی یاریزانی عەرەب، بڕوا ناكەم هیچ كەسێك یانەی شارەكەی خۆی جێبهێڵێ، بەداخەوە یانەیەكی دەرەوەی شارەكەم سوودی لە تواناكانم بینی، بە قسەی راهێنەرێك نەتوانی خزمەتی شارەكەت بكەی.

* ئەگەر یانەی هەولێر داوات لێبكات دەگەڕێیتەوە ریزی یانەكەت؟
- لەو كات و ساتە رەنگە یانەی هەولێر پێویستی بەمن نەبێت، لەبەر ئەوەی یاریزانی عەرەب زۆرە، بەڵام رۆژێك دادێ ئەو یاریزانانە دەگەڕێنەوە شاری خۆیان و یانەی هەولێر پێویستی بەمن بێت، ئامادەم یاری بۆ بكەم، چونكە یانەی شارەكەمە دەبێ هەموومان خزمەتی شارەكەی خۆمان بكەین.
Top